زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
وەزیرى دارایی تورکیا دەڵێت، لە 2025ـدا دۆخەکە باشتر دەبێت
محەمەد شیمشەمک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لەبارەی دابەزینی هەڵاوسان لە وڵاتەکە دەڵێت، دابەزینی هەڵاوسان دەستیپێکردووە، چاوەڕێ دەکەین لە سەرەتای 2025ـدا هەڵاوسان بۆ ژمارەی 30ـیەکان دابەزێت.
دەڵێت، لە حوزەیرانی داهاتوودا ئەم ژمارەی هەڵاوسانە تاوەکو 20% دێتە خوار، ئەوکات هاووڵاتیان لە دوای نیوەی دووهەمی 2025ـەوە بە ئاسانی هەست بەو دابەزینە دەکەن و دۆخیان باشتر دەبێت.
شیمشەک ئاماژەی بەوەدا، هەڵاوسان زۆر کاریگەریی لەسەر ئەو خێزانانە دروستکردووە، کە داهاتیان زۆر کەمە.
بە گوتەى شیشمەک، ساڵی رابردوو رێژەی خزمەتگوزاری و کەلوپەل بە رێژەی 65% زیادی کردبوو، ئەم ساڵ ئەو رێژەیە کەمتر بەرزبووەوە، نرخەکان کەمتر بەرزدەنەوە، دابەزینی هەڵاوسان بەم مانایە دێت، واتە بەرزبوونەوەی نرخ کەمترە و هێواشترە.
سەباح
عەدنان مەندەرەس، ئەو شەهیدێکی دیموکراسی بوو
دوانیوەڕۆیەکی دەمەوپایز بوو، 63 ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی دەوری یەکەم کراسێکی سپی کرایە بەری و لە کاتژمێر 14:20ـى رۆژى 17ـی ئەیلولی 1961 کاتێک داوای دوایین ئارەزوویان لێکرد، گوتی، بە شەرەفەوە ژیام و هەموو کەسێک بزانێت، بێتاوانم. نیشتیمان خۆشبێت. دوای ئەم گوتانەی جەلادەکە قاچێکی خستە راگرەکەی ژێر قاچی و ئەویش دوایین وشەی ئەڵا بوو کە گوتی، دوای ئەوە بارانێک داباریی.
ئەمە پێی دەگوترێت شەهیدبوونی رێگای دیموکراسی، عەدنان مەندەرەس.
سۆزجو
کاکی دەوڵەت تۆ چی دەڵێی بەم هوداپارە
لەکاتی هەڵبژاردنەکەدا بێدەنگیان کرد، ئێستاش قسەی پێدەکەن.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کە بۆ گوێگرتن لە داواکاریەکانی خەڵک سەردانی شار و شارۆچکەکانی ناوچەی بالقەسیری کرد. زۆر بەتوندی قسەی لەسەر زەکەریا یاپجیئۆغڵوی سەرۆکی هوداپار کرد، ئەویش بەهۆی داوایەکی ناوبرا بۆ لابردنی ماددەی 4ـی دەستوور.
ئۆزەل لەوبارەیەوە دەڵێت، تۆ ناتوانیت داوای حەق و حیساب لە میکرۆب بکەیت و بڵێیت بۆ خەڵک نەخۆشەخەیت، میکرۆب میکرۆبە، ئەمەیان لە هەڵبژاردندا بێدەنگ کردبوو چوار پەرلەمانتاریان پێداو گوتیان وەرە دانیشە. ئێستاش قسە دەکات. بارۆکە هەڵچوو، سەری کەچەڵ بەدەرکەوت. تۆ چی بەم هوداپارە دەڵێیت کاکی دەوڵەت.
تورکیا
تۆڕی کۆمەڵایەتی بووەتە هەڕەشەی کۆمەڵایەتی
لە رێوڕەسمى کەمپی مەشقپێکردنی دادوەر و پارێزەراندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و لەبارەی پرسی تۆمەتبارکردنی دادگا و دادوەران قسەی کرد، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەدوای کوشتنی کچێکی منداڵ دەستیپێکردووە.
ئەردۆغان گوتی، تۆڕی کۆمەڵایەتی هیچ بەها و سنوورێکی ئەخڵاقی نەماوە و تێیدا چەندین گرووپ هەوڵی ئۆپراسیۆن دەدەن. هەر رۆژەی کەسێک دەهێنن و دەیکەنە ئامانجی هێرشەکانیان و دووبەرەکی دەنێنەوە. هەر رۆژەی رووداوێک و دەزگایەک بەردەکەوێت. نەک تەنها دەزگای دادوەریی. ئەمانە زیان بە ئاشتی کۆمەڵایەتیش دەدەن. دەبێت رێگە لەم دۆخە بگرین. ناتوانین ئاستی دادپەروەری بکەینە قوربانی رەیتینگ و لایک و کۆمێنت. نابێت رێگە بەوە بدەین تەرمی منداڵێک بەکاربێت بۆ شەڕی ئایدۆلۆژی و سیاسیی.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
منداڵانی ئێران باڵایان کورت دەبێتەوە
سەرۆکی کۆمەڵەی چارەسەری فیزیۆتراپی ئێران، دوکتور ئیرەج عەبدوڵڵاهی رایگەیاند کە خۆراکی نادروست و دانیشتنی درێژخایەن لە منداڵانی ئێراندا گەشەی ئێسک و جومگەکانی سنووردار کردووە و بووەتە هۆی کورتبوونەوەی باڵایان.
ناوبراو گوتیشی سەرەڕای دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکاندا، هێشتا کێشەی ئێسکەپەیکەر و ماسولکەیی لە منداڵانی قوتابخانەدا باوە و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی وەک مۆبایل و تابلێت زیان بە ئێسک و ماسولکەکانی منداڵان دەگەیەنێت. هەروەها بەکارهێنانی جانتای قوتابخانە لەلایەن خوێندکارانەوە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر بڕبڕەی پشتیان.
ئەبرار
گۆڕانی کەشوهەوا ژیانی لە بەشێک لە خاکی ئێران نەهێشتووە
سدیقە تۆرابی، جێگری رێکخراوی پاراستنی ژینگە هۆشداری دا لەوەی بە گۆڕانی بەردەوامی کەشوهەوا بەشێک لە ناوچەکانی ئێران چیتر بۆ ژیان نابێت.
تۆرابی له رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی پاراستنی چینی ئۆزۆن رایگەیاند: گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێران زیاتر لە تێکڕای جیهانییه، لە کاتێکدا پلەکانی گەرمای جیهان نزیکەی 1 پلە بەرزبوونەتەوە، لە ئێران بۆ 2 پلە زیادی کردووە.
ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووەتە هۆی کەمبوونەوەی باران و زیادبوونی بەهەڵمبوون و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران.
هەروەها رەخنەی لە کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر هەوڵە ژینگەییەکانی ئێران گرت و جەختی لە گرنگی پلاندانانی درێژخایەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە کردەوە.
ئقتسادی مەردوم
ئێران دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی خورمایه لە جیهادا
ئێران پلەی دووەمی بەرهەمهێنانی خورمای لە جیهاندا هەیە، ساڵانە دەگاتە یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن.
موحسین فەرۆخی، سەرۆکی کۆمەڵەی خورمای ئێران رایگەیاند، بەرهەمی خورما گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام ئاماری کۆتایی، لە کۆتایی وەرز بە وردی دەزانن.
ئەو بەرپرسە گوتی، بە جێبەجێنەکردنی بڕیار و دەستوەردانی گونجاو لە نرخدانان، دەتوانێت بەهای هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە بگەیەنێتە ملیارێک دۆلار.
هەروەها فەرۆخی رایگەیاندووە، پێشبینی ناکرێت ئەمساڵ نرخی خورما لە ئێران بەرزبێتەوە.
جمهوری ئیسلامی
ئێران لەگەڵ دیاردەی “هەژاریی کرێکار” رووبەڕووبووەتەوە
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران، سێیەکی دانیشتوانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.
دوایین راپرسییەکان دەریدەخەن، تەنانەت خەڵکی زەحمەتکێش توانای دابینکردنی خەرجی ژیانیان نییە و دیاردەی “هەژاریی کرێکاران” بووەتە قەیرانێکی گەورە.
خەمڵاندنەکان دەریدەخەن، رێژەی هەژاری لە دوو دەیەی رابردووەوە بە بەردەوامی زیادیکردووە، لە ساڵی 2022ـدا گەیشتووەتە زیاتر لە 30٪.
شارەزایان پێیان وایە سیاسەتی ئابووری و سزاکان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەن،و هۆشدارییان داوە لەوەی رەوتی زیادبوونی هەژاری بەردەوامە.
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
پارتێکى ئیسلامی لە تورکیا داواى هەموارکردنەوى مادەى چوارى دەستوور دەکات
زەکەریا یایجی ئۆغڵو، سەرۆکی پارتى دەعوەى سەربەخۆ کە بە هودا بار ناسراوە و لەگەڵ ئاک پارتى و چەند لایەنێکى دیکە هاوپەیمانى کۆماریان پێکهێناوە بە توندى رەخنە لە مادەى چوارى دەستوورى وڵاتەکەى دەگرێت و دەڵێت، ئەوە چەند جارە ئێمە قسە لەسەر ئەو گۆڕینى ئەو مادەیە دەکەین، بەڵام گوێ ناگرن، دەڵێی قسە بۆ گەمژەیەک دەکەین، ئەوان هێشتا سوورن لەسەر نەگۆڕینى، ئێمە بە ئاشکرا رایدەگەیەنین دژى مادەى چوارین.
لە مادەى چوارى دەستوورى تورکیادا هاتووە، دەوڵەت لە مادەکانى یەک و دوو سێ پێکهاتووە و بەهیچ شێوەیەک ناگۆڕێت و هیچ پێشنیازێکیش لەو بارەیەوە وەرناگیرێت.
مادەى یەکى دەستوورى تورکیا دەڵێت، تورکیا دەوڵەتێکی کۆمارییە، مادەى دووەم دەڵێت، یاساى تورکیا دیموکراتیەتێکى عەلمانى کۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەى ئاشتى کۆمەڵایەت و پێکەوەیی و دادپەروەییدا، رێز لە مافەکانى مرۆڤ دەگرێت، دەست بەو جۆرە نەتەوایەتیەوە دەگرێت، کە ئەتاتورک دایڕشتووە، هەرچى مادەى سێیەمیشە دەڵێت، دەوڵەتى تورکیا یەک پارچەیە و قابیلى دابەشکردن نییە، زمانى فەرمی تورکییە، ئاڵاکەى سوورە و مانگ و ئەستێرەکەى سپییە، سروودەکەى سروودی سەربەخۆییە و پایتەختەکەشى ئەنقەرەیە.
بەگوێرەی راپۆرتى رۆژنامەکە زەکەریا یایجی و پارتەکەى لەگەڵ ژمارەیەکى دیکە لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر گۆڕینى مادەى چوار لەبەرئەوەى سێ مادە سەرەکییەکەى پێش خۆی قوفڵ دەکات و بەهیچ شێوەیەک رێگەنادات بخرێنە ژێربارى گفتوگۆ و هەموارکردنەوە.
ۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، ئەوانەى داواى گۆڕینى مادەى چوار دەکەن دژى ئاڵاو سروودى نیشتمانى و سیستمى کۆماری تورکیان.
سەباح
هەموارکردنەوەى یاسای مادەى هۆشبەر لە کۆتایی نزیکبووەتەوە
ماجید شنگالی، ئەندامی لیژنەى تەندروستى و ژینگە لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پرۆژەى هەموارى یاساى تایبەت بە مادەى هۆشبەرو کاریگەرییە عەقڵییەکان ژمارە 50ـى ساڵی 2017 کە لە سەرۆکایەتى کۆمارەوە ئاڕاستەى پەرلەمان کراوە، خوێندنەوەى یەکەمی بۆکراوە و لە لایەن لیژنەکەیانەوە رێکخراوەتەوە و ئامادەکراوە بۆ خوێندنەوەى دووەم و دارشتنەوەى کۆتایی بۆ بکرێت بە هاوکاریی لیژنەکانى یاسایی و ئاسایش و بەرگریی.
رایگەیاندووە، ئەوان کاریان لەسەر یەکخستنى هەردوو پرۆژەى ئاڕاستەکراو کردووە، کە یەکێکیان لە لایەن حکومەت و یەکێکى دیکەشیان لە لایەن سەۆکایەتیى کۆمارەوە ئاڕاستەیان کراوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە ئێستادا عێراق لەبەردەم هەڕەشەیەکى گەورەى بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەردایە و بەو پێیەى، کە سنوورەکانی عێراقیش بەتەواوەتى کۆنترۆڵ نەکراون دیاردەکە بەتەواوى لە هەڵکشاندایە، رۆژنامەکە ئاماژەى بە هەردوو پارێزگاى ئەنبار و دیالە کردووە، کە مەترسى گەورەیان لەسەر کۆمەڵگەى عێراقى دروستکردووە بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەرەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەردەوام لیژنەتایبەتەکانى رووبەڕووبوونەوەى مادەى هۆشبەر لە کار و چالاکیدان و عێراق هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانیشدا کردووە، بەڵام هێشتا مەترسییەکانى مادەى هۆشبەر لەسەر عێراق رووى لە زیادبوونە.
مەدا
گەندەڵی و نەبوونى ئازادی گەورەترین لەمپەرى بەردەم بوژانەوەى عێراقن
فارس حەڕام، نووسەرى دیاری عێراق لەبارەى هەڵبژاردن و پرۆسەى دیموکراتیەت لە عێراق بە رۆژنامەى دەستوری راگەیاند، هۆکاری سەرنەکەوتنى دیموکراسیەت لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گەندەڵکاران سزانادرێن، دیموکراتیەت لە دەوڵەتێکدا گەشەناکات ئەگەر نەتوانێت گەندەڵکاران سزابدات، پارتە عێراقیەکان بەهەڵە لە دیموکراسیەت تێگەیشتوون، پێیانوایە دیموکراسیەت تەنها هەڵبژاردنە، نازانن دەبێت دەوڵەت دامەزراوەى هەبێت و سەربەخۆیانە کارەکانى بکات، دەسەڵاتەکان لەیەک جیابکرێنەوە، پاریزگاریی لە ئەرک و مافی هەموو کەس بکرێت، دادپەروەریی بەرقەراربکرێت، مانەوەى بەردەوامی ئەو پارتانە لە لوتکەى دەسەڵاتدا و ئاڵوگۆڕنەکردنى دەسەڵات ماناى نەبوونى دیموکراسییەتە.
لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە، لەماوەى 20 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون، عێراق لە ریزبەندی 172 هەمین وڵاتدایە لە کۆی 182 وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەوانى، رۆژنامەنووسان گیریان بەدەست ئەو یاسایانەوە خواردووە، کە پێى دادگایی دەکرێن و زۆرینەیان سەدام حسێن دەریکردوون.
قودسى عەرەبی
ئیسرائیل خەندەقێکى قوڵ لە سەرسنوورى ئوردن هەڵدەکەنێت
ئاژانسی ئەنادۆڵ بە پشتبەستن بە زانیارییەکانى رۆژنامەیەکی ئیسرائیلى بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل دەستیکردووە بە هەڵکەندنى خەندەقێکى قوڵ لەنێوان وڵاتەکەى و ئوردن، ئەوەش بۆ رێگری لە پەڕینەوە خەڵکى نایاسایی لەو وڵاتەوە و لەلایەن سوپاى ئیسرائیلەوە جێبەجێ دەکرێت و هەنگاوى یەکەمى لە ناوچەکانى باکوور و رۆژئاواى دۆڵى عەربە وە دەستپێدەکات، لەبەرئەوەى ئەو ناچەیە دەشتە و چەکدار دەتوانێت بە ئاسانى هاتوچۆى لێوەبکات.
لە راپۆرتەکەى رۆژنامە ئیسرائیلیەکەدا هاتووە، هەرچەندە ئەو خەنەکە چارەسەری تەواوى کێشەکە ناکات، بەڵام تاڕادەیەکى زۆر کەمى دەکاتەوە. رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە لەڕێى وڵاتى ئوردنەوە ماوەى 20 ساڵ دەبێت چەک و تەقەمەنى و لە رێگەى هاوپەیمانانى حەماسەوە هاتووچۆی پێدەکرێت، وڵاتى ئوردنیش لەو بارەیەوە نیگەرانیى دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەوانە بانگەشەیەکى پووچن و هیچ بنەمایەکى راستییان نییە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ ریڤیوو
بانکێک دەیەوێت ژیریی دەستکرد شوێنی هەزاران کارمەندی بۆ بگرێتەوە
بانکی کۆمنوێڵسی ئوستراڵی، ناسراو بە سی بی ئەی، لقی لە زۆر وڵاتی جیهان هەیە، کار لەسەر ئەوەدەکات بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد بۆ ناوەندەکانی پەیوەندی پێوەکردنی بەکاربهێنێت.
ئەم هەنگاوە چاوەڕوانکراوەی هەڕەشەی بێکاری بۆ هەزاران کرێکار و کارمەند دروستدەکات.
ئەم بانکە لە ئوستراڵیاوە دەستی بەو کارە کردووە، ئەپڵیکەیشنێکی لە رێی چات جی پی تییەوە دروستکردووە، ناوی لێناوە هێی کۆم بانک، لە ئێستادا لەسەر کارمەندەکانی خۆی تاقیدەکاتەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
برۆکسل ئامادەکاری دەکات 40 ملیار یۆرۆ قەرز بدات بە کیێڤ
یەکێتیی ئەوروپا کەوتووەتە ئامادەسازی بۆئەوەی لە ئەمساڵدا قەرزێکی چل ملیار یۆرۆیی بدات بە ئۆکراین، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئەمریکا بکەن بزانن داخۆ ئەو بەشداری دەکات لە دابینکردنی ئەو پارەیەدا یاخوود نا.
ئەم بڕیارەی یەکێتییەکە لەپاش هەنگاوێکی پێشووی خۆیانەوە دێت کە لە دیدارەکانی جی 7 ـدا بڕیاریان دابوو بۆ فریاکەوتنی کیێڤ سودی پارەبلۆککراوەکانی مۆسکۆ بەکاربهێنن.
ئۆرشەلیم پۆست
هیچ کات هێندەی ئێستا شەڕی سەرتاسەری لەگەڵ حزبوڵا نزیک نەبووە
ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر ئەگەری شەڕی سەرتاسەری لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لە ئارادایە.
ئەگەر ئەمڕۆ لەگەڵ 30ـی تەمووزی رابردوو بەراورد بکرێت، ئەوا هێشتا گریمانەکانی فراوانبوونی شەڕەکە زاڵترە.
لە هەردوولاوە رەوشەکان زیاتر بەرەوە ئاڵۆزبوون دەبرێن.. بابەتەکە هەر هێندە نییە، دوێنێ دووشەممە یوئاڤ گالانت وەزیری بەرگری بە وەزیری بەرگریی ئەمریکای گوتووە، هیچ ئەگەرێکی چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ حزبووڵادا نەماوە، بەڵکو بنیامین نەتانیاهۆ بەرنامەی داناوە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی خۆی بگۆڕیت و لەبریی ئەو جەدعووون سەعار وەک وەزیر رابسپێرێت، بۆئەوەی شەڕی حزبوڵا بکات.
گەڵف نیوز
ئەگەر نرخی زێڕت بەلاوە زۆر بەرزە ئەڵماس بکڕە
کڕیارەکانی وڵاتی ئیمارات لە ئێستادا دەیانەوێت پاڵپشتییەک بۆ نرخی ئەڵماس پەیدا بکەن بۆئەوەی هاوشێوەی زێڕ نرخەکەی بەرزنەبێتەوە.
بۆیە ئێستا زەڕەنگەرەکان و بازرگانەکانی خشڵە گرانبەهاکان کار لەسەر گەڵاڵەکردنی یاسایەک دەکەن بۆئەوەی بتوانن پارێزگاری لە نرخی ئەڵماس بکەن.
دەیانەوێت کارێک بکەن، نەهێڵن نرخی ئەویش بەرزببێتەوە. بۆئەوەی کڕیاران بتوانن ئەوەندەی مەبەستیانە ئەڵماس بکڕن.
ئەو نرخەی دوێنێ لەو وڵاتەدا ئەڵماسی پێ فرۆشراوە بریتی بووە لە دوو هەزار و 586 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.