زووم…
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا رایگەیاند، لە فلۆریدا هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا درا.
دەزگای خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەو کەسەی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی داوە دەستگیرکراوە و دەست بەسەر چەکێک لە جۆری “ئەی کەی 47” دا گیراوە.
ئەوەش هاتووە، هەرچەندە دوای ئاشکرابوونی هەوڵی دا بە ئۆتۆمبێلێکی رەنگ رەش هەڵبێت، بەڵام دەسەڵاتداران دوایکەوتن و دەستگیریان کرد.
لەلایەکی دیکەوە ریک برادشۆ، سەرۆکی پۆلیسی ناوچەی پاڵم بیچ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، کەسێک لەلایان دەستبەسەرە و گومانلێکراوە. بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە کەسێکی تەمەن 58 ساڵە بەناوی رایان وێزلی.
گوتیشی، ترەمپ لە ناوچەی وێست پالم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا یاری گۆڵفی کردووە کاتێک تەقەکەرەکە بینراوە، گوتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپیش دەڵێت، چەند تەقەیەک لە دەوروبەری ترەمپ کرا، بەڵام خۆی سەلامەتە.