زووم…
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دڵنیایی دەدات لە مسۆگەرکردنى مووچەى ساڵەکانی 2024 و 2025، دوای ئەو نیگەرانی و مەترسییانەی لێرەولەوێ لە هەندێک لایەنەوە باسدەکران بۆ ئەوەى گومان بخرێتە سەر هەوڵی حکومەتى عێراق لەوبارەیەوە.
جەمال کۆچەر لەوبارەیەوە بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە: ئەوەى لە میدیاکان سەبارەت بە دەنگۆی مسۆگەرنەبوونى مووچەى ساڵەکانی 2024 و 2025 باسدەکرێت، هیچ بنەمایەکى نییە و دوورە لە راستییەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، وەزارەتى دارایی عێراق، بەهۆی دابەزینى نرخی نەوتەوە، هیچ کێشەیەکى لە مسۆگەرنەکردنى مووچەى ئەو ساڵانە نییە، لەبەرئەوەی پێشتر ئەو مووچانە مسۆگەر کراون، هەروەها نەختینەیەکى یەدەگى گەورەى لەبەردەستە و دەتوانێت لە کاتی پێویستدا بەکاری بهێنێت.
لەماوەی تەنها مانگێکدا، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و لە نزیکەی 80 دۆلارەوە نزم بووەتەوە بۆ 71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
پێشتر لە شیکارییەکدا د.ئومێد قەرەداغی، پێشکەشکاری ئابووریی زووم، روونیکردەوە یەدەگی عێراق زیادیکردووە.