زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
مسۆگەرکردنى مووچەی ساڵەکانى 2024 و 2025
حکومەتى عێراقی سەرکەوتوو بووە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەیەکی زۆر گرنگی دارایی و ئابووری، ئەوەش مسۆگەرکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى مووچەخۆران و خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی و ئەوانی دیکەشە.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دڵنیایی دەدات لە مسۆگەرکردنى مووچەى ساڵەکانی 2024 و 2025، دوای ئەو نیگەرانی و مەترسییانەی لێرەولەوێ لە هەندێک لایەنەوە باس دەکران بۆ ئەوەى لەسەر پرسی دابینکردنی مووچە، گومان بخرێتە سەر هەوڵ و کۆششی حکومەتى عێراق.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، ئەوەى لە میدیاکان سەبارەت بە دەنگۆی مسۆگەرنەبوونى مووچەى ساڵەکانی 2024 و 2025 باس دەکرێت، راست نییە.
دەشڵێت، وەزارەتى دارایی عێراق، بەهۆی دابەزینى نرخی نەوتەوە، هیچ کێشەیەکى لە مسۆگەرنەکردنى مووچەى ئەو ساڵانە نییە، لەبەرئەوەی پێشتر ئەو مووچانە مسۆگەر کراون، هەروەها نەختینەیەکى یەدەگى گەورەى لەبەردەستە و دەتوانێت لە کاتی پێویستدا بەکاری بهێنێت.
شەرقلئەوسەت
روسيا هۆشداری دەداتە رۆژئاوا لە نەمانى ئارامیی خۆی
دیمیتری مێدڤێدیڤ، جێگری سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشی روسیا هۆشداری دەدات لەوەی روسیا ئارامیی نەماوە لە ئاست ئەو هەڵوێست و کردارانەى وڵاتانى رۆژئاوا بەرامبەر ئۆکراین دەینوێنن.
مێدڤێدیڤ، ئەو پەیامەى لەڕێی تێلیگرامى خۆیەوە ئاڕاستەى وڵاتانى رۆژئاوا کردووە و دەڵێت، ململانێی ئەتۆمی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە، روسیا تائێستا دانى بەخۆیدا گرتووە بۆ ئەوەی دەست بۆ توانا ئەتۆمییەکانی نەبات، دژی خۆتێهەڵقورتاندنى هەندێک لە وڵاتانى رۆژئاوا لە بەئامانجگرتنى روسیا لەنێو خاکەکەى خۆی.
مەدا
یونیسێف: زیاتر لە 600 هەزار منداڵی عێراقی پێویستییان بە هاوکارییە مرۆییەکانە
رێکخراوی یونیسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هێشتا لە عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس پێویستییان بە هاوکارییە مرۆییەکانە و لەنێویشیاندا 549 هەزار و 170ـان منداڵن، هەروەها زیاتر لە 600 هەزار منداڵیش پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە بۆ کەرتی خوێندن و فێربوون.
دەشڵێت، داخستنى کامپی ئاوارەکان وایکردووە 150 هەزار منداڵ لە خوێندن داببڕێن.
عەرەب
حوسییەکان بە تەکنەلۆجیای مووشەکیی ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل
حوسییەکان جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، ئەمجارە هێرشەکە فۆڕمێکی جیاوازی وەرگرت، ئەویش بەکارهێنانی مووشەکی جۆری سەروودەنگی بوو، کە پێدەچێت لەڕێی ئێرانی هاوپەیمانییەوە بەدەستی هێنابێت.
بەکارهێنانى ئەم جۆرە مووشەکە، وەک ئامادەکارییەکە بۆ وەڵامدانەوەی کوژرانى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو خاکی ئێراندا، کە لە 31ـی تەمموزی ئەمساڵدا کوژرا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
خێزانی ستامەر ملیۆنێرن، بۆچی ناتوانن جلوبەرگ بۆ خۆیان بکڕن؟
کەتنی ئەوە دەرکەوتووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا قاتی جل و چاویلکەشی بە خۆڕایی بۆ هاوسەرەکەى وەرگرتووە، پێدەچێت ئەمە دەستی هاوسەرەکەى تێدابێت.
دوێنێ شەو کەتنێکی نوێ لە خێزانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەرکەوتووە. دەگوترێت کەسێک لە بەخشەرەکان وەک پاڵپشتیکردن لە پارتی کرێکاران قاتی جل و چاویلکەشی بۆ هاوسەرەکەى ستامەر کڕیوە.
ئەو کەسەی جلوبەرگە گرانبەهاکانی بۆ کڕیوە ناوی لۆرد عەلییە. لە ناوەندێکی بازرگانیی گرانفرۆش بایی 18 هەزار و 865 پاوەند جلی بۆ هاوسەرەکەى ستامەر کڕیوە، بەڵام ستامەر لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا باسی ئەو کڕینەی نەکردووە.
سەرمایەکەی خێزانی ستامەر بە سێ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە بەرامبەردا ستامەر باجی چوونەژورەوەی بێ لێپرسینەوەی داوە بە لۆرد عەلی، کە هەرکاتێک ویستی بتوانێت بچێتە نێو خانووی ژمارە 10ـەوە، کە دەزگای ئەنجومەنی وەزیرانی تێدایە.
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ لەنێو گۆڕەپانی گۆڵفکردنەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ دووەمجار هەوڵی کوشتنی درا، کەسێک لە دووریی 275 مەتر تەقەی لێکرد.
ئێف بی ئای دەڵێت، بۆ دووەمجار هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دراوە، بەڵام ئەو توانیویەتی خۆی بگەیەنێت بە شوێنێکی سەلامەت و خۆی ون بکات، بۆیە نەپێکرا.
رووداوەکە لە گۆڕەپانێکی مەشقکردنی یاریی گۆڵفدا بووە، کە تایبەتە بە ترەمپ خۆی و دەکەوێتە ناوچەی پاڵم بیچی ویلایەتی فلۆریداوە.
سیدنی مۆرنینگ هیراڵد
خوێندکارانی ئوسترالیا کێشەی نەبوونی مامۆستای بیرکارییان هەیە
لە خوێندنگە ناوەندی و ئامادەییەکانی ئوسترالیا داوا لە مامۆستایانی وەرزش و زانست دەکرێت شان بدەنە بەر ئەو ئەرکەی وانەی بیرکاری بە خوێندکارەکان بڵێنەوە.
بەڕێوەبەری خوێندنگە ئامادەییەکان کێشەی کەمیی مامۆستایان هەیە. توێژەرانی زانکۆی سیدنی لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەی کەمیی ژمارەی مامۆستاوە ئەنجامداوە، دەڵێن، لەنێو خوێندنگە ناوەندی و ئامادەییەکاندا رێژەی یەک لەسەر چواری ئەو مامۆستایانەی وانەی بیرکاری دەڵێنەوە شیاون و مەرجی پێویستی گوتنەوەی ئەو وانەیان نییە، هەندێک لە خوێندنگەکان هەر ناتوانن یەک مامۆستاش بۆ خوێندنگەکەی خۆیان پەیدابکەن.
فاینەنشیەڵ تایمز
لافاو نێو چەقی ئەوروپای گرتەوە و زیانی بە زۆر شوێن گەیاندووە
خەڵکى سەرقاڵی پاککردنەوەی زەویی نێو کڵێسایەکن لە گوندی پێچی لە رۆمانیا. لەنێو ئەو گوندە و دەوروبەریدا لافاو هەستا و زۆر شوێن و ماڵ پڕبون لە ئاو.
لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بە هۆی بارانی زۆرەوە لە وڵاتەکانی رۆمانیا، پۆڵەندە، نەمسا، کۆماری چیک و هەنگاریادا روویدا.
ئامارەکان دەڵێن، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا بارانی پێوانەیی باریوە. ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەم هۆیەوە مردون و ژمارەیەکیش ناچاربوون شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێبهێڵن و چۆڵی بکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
هەمدلی
خواردنی گۆشتی سوور لە ئێران کەمیکردووە
ئەحمەد شاد، بەرپرسی کۆمەڵەی هاوردەکارانی گۆشت رایگەیاند، ساڵانە خواردنی گۆشتی سوور لە ئێراندا کەمترە لە 600 هەزار تۆن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، بەکارهێنانی گۆشت لە ساڵێکدا لەنێوان 850 هەزار بۆ یەک ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت، بەڵام ناوبراو ئەو ژمارانە بە راست نازانێت و پێیوایە بەکارهێنانی راستەقینە کەمترە لەوە، هەر تاکێک ساڵانە تەنها نزیکەی حەوت کیلۆ گۆشت دەخوات.
ئارمانی ئێمروز
نرخی کەلوپەلی نووسین لە کوردستان زۆر بەرز بووە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی خوێندن، خێزانە کوردەکان له ئێران رووبەڕووی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کەلوپەلی نووسین و قوتابخانە بوونەتەوە.
جەمشید ئافاقی، پشکنەری سەندیکای چاپ و بڵاوکردنەوەی پارێزگای سنە بەرزبوونەوەی 40٪ـی نرخەکانی بەراورد بە ساڵی رابردوو راگەیاند و نەبوونی بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەکردنی کاڵای چینیی کوالیتیی نزمی بە هۆکاری گرانبوونی نرخەکان ناوبردووە.
دەشڵێت، هەڵاوسانی بازار وایکردووە خێزانەکان ناچارن کەڵک لە کەلوپەلەکانی ساڵی رابردوو وەربگرن.
مەردوم سالاری
لە 16 پارێزگا ئاسمان هەور و باران دەبێت
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی کەشناسی، پێشبینیی روودانی باران و رەشەبا و زریانی لە 16 پارێزگای ئێران راگەیاند.
ئەم بارودۆخانە بۆ ئەمڕۆ و سبەینێی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی ئێران و بەرزاییەکانی ئەلبورز لە تاران پێشبینی کراون.
هەروەها ئەگەری باران و رەشەبا لە پارێزگاکانی باشوور و کەناراوەکانی کەنداویش هەیە و پێشبینی کراوە کۆتایی هەفتە هەور و باران و تەپوتۆز بێت.
ئەسکەناس
هەناردەکردنی مریشک لە ئێران راگیرا
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ناوخۆ هەناردەکردنی مریشک بۆ دەرەوەی ئێران راگیرا.
عەلی ئیبراهیمی، بەڕێوەبەری یەکێتیی فرۆشیارانی پەلەوەری ئێران رایگەیاند، سەرەڕای دابەزینی نرخی مریشک تائێستا حکومەت هیچی نەکڕیوە و بەخێوکەرانی پەلەوەر ناچاربوون مریشکی زیادەیان هەناردە بکەن.
هەرچەندە هەناردەی رۆژانە تەنها 120 تۆن بووە و کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بازاڕ هەبووە، بەڵام حکومەت بڕیاریداوە هەناردەکردنەکە بەتەواوی رابگرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنیچاخ
توندوتیژیى دژ بە ژنان بووەتە باو
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خێزان، لە ماوەى حەوت مانگی رابردوودا لە تورکیا، 145 هەزار و 885 ژن رووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە و پەیوەندییان بە هێڵی فریاکەوتنی رووبەڕووبونەوەى توندوتیژییەوە کردووە.
گامزە ئاککوش، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاندووە، حکومەتى ئاک پارتی هیچ هەنگاوێکی یاسایی بۆ رێگریکردن لە کەمبوونەوەى توندوتیژیى دژ بە ژنان نەگرتووەتەبەر.
یەنی ئاسیا
کۆمپانیاکانی پاس بەرەو مایەپووچبوون دەچن
بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە، زۆربەى کۆمپانیاکانى تورکیا مایەپووچ بوون. نوێترینیان کۆمپانیایەکی پاسە کە ماوەى 63 ساڵە هەیە، ئەم کۆمپانیایە ساڵانێکە ناوێکی دیاری لە بواری گەشتوگوزاریدا هەبووە و لەئێستادا مایەپووچبوونی خۆی راگەیاندووە و چیدی کارناکات.
جمهورییەت
لە 240 دەریاچە 186 دانەیان وشکیانکردووە
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و رێکارەکانی دژ بە سروشت و ژینگەوە، لە ماوەى 60 ساڵی رابردوودا لە کۆی 240 دەریاچە لە تورکیا و باکووری کوردستان، 186 دانەیان بەتەواوی وشک بوون. بەگوێرەى لێدوانە فەرمییەکان ئەو دەریاچانەى لەئێستادا وشک نەبوون، تایبەتمەندیی خۆیان لەدەستداوە و ئاستی ئاوەکانیان دابەزیوە.
یەنی شەفەق
قەرز لە 61 شارەوانیی جەهەپە وەردەگیرێتەوە
لە دوای ئاگادارکردنەوەى ئەو شارەوانییانەى قەرزی دەوڵەتیان لەلابووە، لە ئێستادا 61 شارەوانیی جەهەپە رایانگەیاندووە، ئامادەن قەرزەکانیان بە دەوڵەت بدەنەوە، ئەم قەرزانە دەکاتە دەیان ملیار لیرە، لە ماوەى دوو مانگدا قەرزێکی زۆر کراوە و بەتێکڕا قەرزەکانی شارەوانییەکانی جەهەپە گەیشتووەتە 124 ملیار لیرە.