بەهۆى نەخۆشکەوتنەوە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ نایەت بۆ عێراق و بەشدارى یارییەکەى بەرامبەر شورتە ناکات.
سبەینێ دووشەممە کاتژمێر حەوتى ئێوارە، یانەى شورتەى عێراقى لە یاریگاى مەدرینە لە بەغدادى پایتەخت، میواندارى یانەى نەسرى سعودى دەکات، لە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئاسیادا.
هەوادارانى تۆپى پێ لە عێراق بەجۆش و خرۆشەوە چاوەڕێى هاتنى کریستیانۆ رۆناڵدۆى پورتوگالى هێرشبەرى نەسریان دەکرد، بەڵام ناوبراو نایەت بۆ عێراق و بەشدارى لە یاریەکە ناکات.
نەسر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کریستیانۆى کاپتنى یەکەمى تیپەکەیان نەخۆشکەوتووە و دواى سەیرکردنى لەلایەن پزیشکى یانەکەوە دەرکەوتووە پێویستى بە پشوودان هەیە و لەگەڵ شاندى یانەکەیان گەشت ناکات بۆ عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە شەممەوە هاندەرانى شورتە لە هەوڵى کڕینى بلیتى یارییەکەدابوون بۆ بینینى کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەڵام بێبەش دەبن لە بینینى ئەفسانە پورتوگالیەکە لە نزیکەوە.