هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان، لە شەوی 19ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، جیاواز لە هێرشەکانی پێشوو، ئەمجارە تورکیا ژێرخانی رۆژئاڤا دەکاتە ئامانج.
دەزگا مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان، بنکەى تەندروستی و بیناى قوتابخانە، کێڵگە و پاڵاگەى نەوت، وێستگەى کارەبا و غاز، ئامانجى بۆردومان و تۆپبارانەکانى چەند رۆژى رابردووى تورکیا بوون.
لە 19 و 23 مانگدا، درۆنەکانی تورکیا وێستگەی کارەبا و غازی شاری دێرکیان کردە ئامانج. لە ئەنجامدا لە سێ تۆرباینی غاز، دوو تۆرباین لەکار کەوتن. هەروەها لە شەش تۆرباینی ویستگەی کارەبا پێنجیان لەکار کەوتن. بەو هۆیەوە کارەبای شار و شارۆچکەکانی گرکێ لەگێ، چلئاغا، تربەسپی، قامشلۆ و چەندین گوندێک پچڕا.
لە رۆژانى 22 و 23ی تشرینی دووەم، کێڵگە و پاڵاوگەکانی گردەهۆڵ، ئەلئۆدە، وێستگەی نەوتی زەرابە، کێل حەسەناک، ئەلقەوس، ماشوقی تربەسپی کرانە ئامانج و زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
23ی مانگ، تورکیا نەخۆشخانەی ژیان – کۆڤید 19ی لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ تۆپباران کرد و زیانی زۆری مادی لێکەوتەوە.
19ی مانگ، کۆگای هەڵگرتنی گەنمەشامی، دەغڵودان و پەینی کیمیایی کە نزیکەی هەشت هەزار تۆن بەرهەمی تێدابووە، کراوەتە ئامانج.
19ی مانگ، نەخۆشخانەی کۆڤید19ی کۆبانێ بەهۆى بۆردومانەکانەوە بە تەواوی رووخا. هەروەها 22ی مانگ قوتابخانەی کۆرانی قامیشلۆ تۆپبارانکرا و پرۆسەی خوێندن لە قۆتابخانەکە راگیرا.
22ی مانگ، بنکەی تەندروستی قەرەموخ تۆپبارانکرا کە خزمەتی تەندروستی پێشکەش بە 10 گوند دەکات.
هەمان رۆژ تۆپخانەکانی تورکیا بورجی پەیوەندییەکانی لە گوندی جێشانی رۆژهەڵاتی کۆبانێ کردە ئامانج و بورجەکە رووخا.
هێرشەکانی تورکیا جگە لە زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابوریی و خزمەتگوزاریی رۆژئاڤای کوردستان، هەروەها، بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی و شەڕڤانی هەسەدە و سەربازی حکومەتی سوریا.
هەرچەندە روسیا، ئەمریکا، فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە، داوایان لە تورکیا کردووە، خۆی لە توندوتیژیی بپارێزێت و هێرشەکانی ئەو وڵاتەیان وەکو زیادکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا پێناسە کردووە، بەڵام تورکیا لە هێرشەکانی بەردەوامە و هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینیش دەکات.