رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
مالیکی دەڵێت، حکومەت بەتەنها ناتوانێت رووبەڕووی قەیران و کێشەکانی ببێتەوە
نورى مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاریی لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە لەبەرامبەر هەر داڕمانێکدا، کە روو لە عێراق بکات و رایگەیاند، هاودەستى لایەنە سیاسییەکان و هەوڵەکانى هەمووان رۆڵیان دەبێت لە ئۆقرەیی عێراق و چەسپاندنى بنەماکانى دیموکراسیەت و فرەیی و دەستاودەستکردنى دەسەڵات.
رایگەیاند، زۆرینەى وڵاتانى دنیا رووبەڕووى قەیران و کێشە دەبنەوە، هیچ دەوڵەتێک نییە لە جیهاندا کێشەی نەبێت و بەنێو کێشەدا تێنەپەڕێت، حکومەت خۆی دەبێت لە پێشى پێشەوە رووبەڕووبوونەوەکاندا بێت، بەڵام بە تەنها خۆی ناتوانێت رووبەڕووى قەیران و کێشەکان ببێتەوە.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لەبارەى هۆکارى لێدوانەکەى مالیکی بۆ ناکۆکییەکانى نێوان سودانى و چوارچێوەى هەماهەنگی گێڕاوەتەوە و لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە نورى مالیکی لە ماوەکانى رابردوودا داواى لە محەمەد شیاع سودانى کردووە دەزگاى هەواڵگریی عێراق رادەستى چوارچێوەى هەماهەنگی بکات و دامودەزگاکانى حکومەتیش لە سودانییەکان خاوێن بکاتەوە و نووسینگەى سەرۆکوەزیرانیش دەستکاریی بکات و پەیمانیش بدات لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا بەشداریی نەکات و تیار الفراتینیش هەڵبوەشێنێتەوە، کە سەرۆکایەتیى دەکات، بەپێچەوانەوە ناچاری دەکەن دەست لە پۆستەکەى بکشێنێتەوە.
دەستوور
لەماوەى سێ ساڵدا عێراق 52 تۆن زێڕی کڕیوە
بەگوێرەى خشتەیەک، کە ئەنجومەنى جیهانیى زێڕ بڵاویکردووەتەوە، عێراق لە ماوەى سێ ساڵی رابردوودا نزیکەى 51 تۆن و 900 کیلۆ زێڕی کڕیوە.
رونیکردووەتەوە عێراق لە ساڵی 2022 دا 33.9 تۆن و لە 2023ـدا 12.3 تۆن و لە 2024ـیشدا 3.1 تۆن زێری کریوە.
ئەنجومەنەکە جەختى کردووەتەوە عێراق، تەنها لە مانگی شوبات و ئازاری ئەمساڵدا 2.6 تۆن زێڕی کڕیوە.
ئەنجومەنى جیهانیى زێڕ رێکخراوێکى نێودەوڵەتییە بارەگاى سەرەکى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا و گرنگی بە بازاڕی زێڕ دەدات و ئەندامەکانى خاوەنى کۆمپانیا جیهانیەکانى وەبەرهینان و کڕین و فرۆشى زێڕن لەسەر ئاستى جیهان.
عەرەبی جەدید
پەنابەران هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا یەکلایی دەکەنەوە
یەکێک لەو کێشانەى رووبەڕووى حکومەتى ئەمریکا دەبێتەوە چارەنووسى ئەو 11 ملیۆن پەنابەرەیە، کە لە وڵاتەکەدا دەژین. ترەمپ بەرامبەریان توندە و لێدوانى رەگەزپەرستانەیان لەبارەوە دەدات و پارتەکەشى پشتیوانى لێدەکەن، لە بەرامبەریشدا هاریس ئەمەى قۆستووەتەوە و پێی وایە کێشەی پەنابەران لە ئەمریکا بەو شێوەیە چارەسەر ناکرێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە چوار ساڵی رابردووى سەرۆکایەتیى ترەمپ زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەتر دیوار لەنێوان مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا دروستکراوە و ئەگەر بۆ ئەم خولەش سەربکەوێتەوە ئەو پرۆژەیە تەواو دەکات و بەتەواوی رێگر دەبێت لە چوونى پەنابەرى نایاسایی بۆ وڵاتەکەى، کە بوونەتە بارێکى قورس بەسەر ئابووریی وڵاتەکەوە.
رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات هاریس و پارتەکەى کێشەیان لەگەڵ یاسای پەنابەریدا هەیە و پێیان وایە تاوەکو ئەو یاسایە چارەسەر نەکرێت کێشەى پەنابەران لە ئەمریکا بنەبڕناکرێت، لەوبڕوایەدان بۆ ئەمریکا پەنابەران گرنگن، لەبەرئەوەى هاوکارێکى باشن بۆ بەڕێوەچوونى پرۆژەکان و گەشەپێدانى ئابوورى و پیشەسازیی لە وڵاتەکەیاندا، هەربۆیە بەشێکى زۆر لەو پەنابەرانەى مافى دەنگدانیان هەیە لەگەڵ سەرکەوتنى کامالا هاریسن و لە دژى سیاسەتەکانى دۆناڵد ترەمپن، وەک رۆژنامەکەش نووسیویەتى دوور نییە پەنابەران سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکلایی بکەنەوە.

قودسى عەرەبی
تارمایی مەرگ بەرۆکی هەزاران منداڵی سودان بەرنادات و رێکخراوەکانیش داواى چارەسەر دەکەن
رێکخراوى پزیشکانى بێسنوور هوشیاری دەدات لە مردنى هەزاران منداڵ لە کەمپى زەمزەم، کە دەکەوێتە باکوورى درافۆر لە سودان و رایگەیاند، نەخۆراکیان هەیە و نەدەرمان.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوەکە لە سودان 730 هەزار منداڵی برسی هەن و نەتەوەیەکگرتووەکانیش ناتوانێت پێداویستى خۆراکیان بۆ دابین بکات و رایگەیاندووە، لە هەموو دوو کاتژمێرێکدا منداڵێکى سودانى لەو کەمپەدا لە برسا دەمرێت.
رێکخراوى پزیشکانى بیسنوور داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هەرچییان کردووە بگەنە فریاى ئەو منداڵانە و ئەگەر لەڕێی وشکانییەوە لەبەر مەترسی جەنگ ناتوانن رێى ئاسمانى بگرنەبەر و هاوکارییەکانیان بگەیەننە کەمپى زەمزەم.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
داهاتی باج لە ئێران 44% زیادى کردووە
شیکارییەک بۆ داهاتی باجی ئێران لە ئەمساڵدا دەریدەخات فەرمانبەران بە گشتی 12%ـی باجی کۆکراوەی ئێرانیان داوە، بەڵام باجی کۆکراوەی دوکاندار و بازاڕییەکان تەنها 6% بووە، هەرچەندە بازاڕییەکان 30%ـى ئابووریی ئێران پێکدەهێنن، بەڵام نیوەیان باج نادەن.
کۆی گشتی داهاتی باج کە ئەمساڵ کۆکراوەتەوە نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 44% گەشەی کردووە، بەشی نەوت لە بودجەی ئێراندا کەمی کردووە و بودجە زیاتر پشت بە باج دەبەستێت.
هەمدلی
نیوەی منداڵانی قوتابخانەکانی تاران لە مەترسیدان
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی ساڵی خوێندن، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی تاران هۆشداری دەدات 50%ـى قوتابخانەکانی تارانى پایتەخت مەترسییان لەسەرە.
قودرەتوڵڵا محەممەدی گوتی، لە هەر دوو قوتابخانەی پایتەخت یەکێکیان ناپارێزراوە، لە ساڵی رابردووەوە تائێستا هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە رێوشوێنی ئەمنی قوتابخانەکان پێشکەشی ئەم رێکخراوە نەکراوە.
لە تاران نزیکە دوو هەزار و 800 قوتابخانە هەن و نزیکەی هەزار و 400 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە یان گۆڕین هەیە.
ئەبرار
100 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئیلام تۆمارکراوە
بەڕێوەبەری گشتیی مەڵبەندی قەیرانی ئیلام رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا 100 ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی پارێزگاى ئیلام روویداوە. مەجید بێگلەریان بە ئاماژەدان بەوەی هۆکاری سەرەکی ئەم ئاگرکەوتنەوانە کەمتەرخەمی و بە مەبەست و ناکۆکی موڵکایەتییە، جەختی لە پێویستی هاوکاریی گشتی کردەوە بۆ پاراستنی سامانە سروشتییەکان.
داوا لە گەشتیاران دەکات خۆیان لە داگیرساندنی ئاگر بپارێزن یان دڵنیابن دوای بەکارهێنانی ئاگرەکە دەیکوژێننەوە.
بێگلەریان هاوکاری باشی گرووپە شاخەوانییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا بەرزنرخاند و سوپاسی ژینگەپارێزانی کرد.
ئەفکار
قەڵەویی خوێندکاران له ئێران زۆربووە
لەیلا فەرزاد، پسپۆڕی تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، باسی لە زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە قەڵەوی و کێشی زیادە لە نێو خوێندکاراندا کرد.
بە گوتەی لەیلا فەرزاد، نزیکەی 20%ـى خوێندکارانی تەمەن حەوت بۆ 18 ساڵ لە ئێران کێشیان زیادە و قەڵەون.
لەیلا فەرزاد هۆشداری دەدات ئەم کێشەیە پەیوەندی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە گەنجاندا هەیە.
رایگەیاند، خواردنی خۆراکی کالۆری زۆر و ناچالاکی و بەکارهێنانی درێژخایەنی تەلەڤزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان هۆکاری سەرەکی قەڵەویی منداڵانن.
رۆژنامە ئینگیلیزییەکان
سەندەی تەلەگراف
پارتی فەرمانڕەوای بەریتانیا واز لە پلانی قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلی بەنزین دەهێنێت
پارتی کرێکارانی بەیتانیا پلانێکی هەبوو، لە ساڵی 2030ـدا بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە قەدەغە بکات، کە بە بەنزین کاردەکەن، بەڵام ئێستا دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2035 رێگە بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دوو ڕەگەز دەدات.
مەبەست لەم هەنگاوە ئەوەیە پشتگیری لە هەردوولای پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکان و کڕیارەکانیشیان بکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە بەتەواوی لە پلانەکەی خۆی پەشیمان بووەوە، کە وایدانابوو کارپێکردنی ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی بەکارهێنەری سوتەمەنیی بەنزین و گاز لە ئەو وڵاتەدا قەدەغە بکات.
لە پلانی نوێیدا دەڵێت، هەتا ساڵی 2035 ئۆتۆمبێلە دوو رەگەکان دەتوانن لە بەریتانیادا کاربکەن.
سەندەی تایمز
یەکێتیی تۆپی ئەوروپا پێدەچێت ساڵی 2028 بەریتانیا لە یەکێتییەکە بکاتە دەرەوە
ئەگەر کیەر ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا سووربێت لەسەر دانانی ئەو رێووشوێنە نوێیانەی دەیەوێت لە کایەی وەرزشدا کاریان پێبکرێت، ئەوا ئەگەری ئەوە زاڵ دەبێت بەریتانیا لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، ناسراو بە ویفا بکرێتە دەرەوە,
تیۆدۆر تیۆدۆریدیس، رازگری گشتیی ویفا لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی یەکێتییەکەیان و بۆ لیزا ناندیی وەزیری رۆشنبیریی بەریتانیاشی نووسیوە، تێیدا داوادەکات نابێت حکومەتی لەندەن دەستوەردان لە کاروباری بەڕێوەبردنی وەرزشدا بکات.
تیۆدۆر باسی لەوەکردوە، کە لە گوتارێکی پاشای وڵاتدا باس لەوەکراوە رێوشوێنی نوێ بۆ وەرزشی پیاوان دادەنێن و ئەمەش کاریگەری دەخاتە سەر سەربەخۆیی پێنج دانە لە یانە ناودارەکانی ئەو وڵاتە، کە لەسەر ئاستی جیهانی و ئەودیو دەریاش کاردەکەن.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
براوەی خەڵاتەکە دڵنیایە دەتوانێت فرمێسک بە چاوەکانتاندا بهێنێتە خوارەوە
ئەوەی لە وێنەکەدا دەیبینین گەورەترین پیازە، کە بەرهەمهاتبێت. ستێفن پیورڤیس پیازێکی بەدەستەوەیە و بەرزی کردووەتەوە، کە کێشەکەی حەوت کیلۆگرام و نیوە، پێیدەڵێت ئەمە پیازە زەبەلاحەکەیە و رۆژی پێنجشەممە لە فیستیڤاڵی گوڵەپایزەی هارۆگەیتدا نمایشی کردووە.
ئەم فیستیڤاڵە بۆ پیشاندانی بەرهەمە ناوازە کشتوکاڵییەکان تەرخان کراوە. هەر ئەم جووتیارەی ناوی ستیفنە جارێکی دیکەش خەڵاتی گەورەترین بنە پیچکیشی بردەوە، ئەو پیچکەش کێشەکەی نزیکی نۆ کیلۆگرام بوو.
ئۆرشەلیم پۆست
شەڕە درێژخایەنەکە بەردەوامە و تادێت گەڕاندنەوەی بارمتەکانیش قورستردەبێت
سەربازێکی ئیسرائیلی ناوی ماتانە، لە غەزە دەستبەسەرکراوە، لەوێووە دەڵێت، نەتانیاهۆ تۆ دەتوانیت ئەم شەڕە کۆتایی پێبهێنیت.
هێرزی هاڵەڤی سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی کەسوکاری بە بارمتەگیراوەکانی خەڵکی ئیسرائیلی کرد، لە دیدارێکیاندا پێیگوتن تاوەکو ئەم شەڕە درێژەبخایەنێت هێنانەوە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان قورسترە دەبێت.
هەروەها گوتوویەتی ئەوان خۆیان دەتوانن لە شەڕکردنی دژی حەماس بەردەوام بن، دەبێت ئەو شەڕەش بکەن، بۆئەوەی بتوانن بارمتەکان بگەڕێننەوە نێو کەسوکاریان.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
وەک پێشتر گەشتیاری عەرەب روو لە تورکیا ناکەن
بەهۆی سیاسەت و لێدوانە رەگەزپەرستییەکانى ئومید ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتن دژ بە پەنابەرە سورییەکان لەنێوخۆی تورکیا، گەشتیاری وڵاتانى عەرەبی روو لەوڵاتانی دیکە دەکەن بۆ گەشتیاریی.
لەمساڵدا بەشێکی زۆرى ئەو هۆتێلانە چۆڵ بوون، کە لە ساڵانی رابردوودا پڕبون لە گەشتیاری عەرەب، بەتایبەتی لە ناوچەی قەرەدەنیز زیانێکی گەورەیان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاریدا پێگەیشتووە، لەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشتیاری عەرەب کەمی کردووە.
عەرەبە دەوڵەمەندەکات ئیدى روو لە تورکیا ناکەن و سەردانى ئینگلتەرا، ئارزبەیجان، روسیا و بۆسنە دەکەن.
میللیەت
جەهەپە دەڵێت، پێویستە لەئێستاوە رۆژى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاری بکەین
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پێویستە لەئێستاوە رۆژى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاری بکەین.
جەهەپە داوادەکات لە تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوو دواوادەى ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە بێت. تاوەکو هاووڵاتیان لە گرژیی و نائاسودەیی رزگاریان بێت.
ئۆزال دەشڵێت، پێویستە لەئێستاوە تاوەکو ساڵێکی دیکە سەبارەت بە هەڵبژاردن ئامادەکاری بکەین و پەیامی خۆمان بە میللەتەکەمان بدەین.
ئایدنڵک
پرینچێک بە کەسێکی نزیک لە بەشار ئەسەد دەناسرێت
عیسابێلا زیادان، نوێنەری حزبی بەعسی سوریا رایگەیاندووە، دۆغو پرینچێک سەرۆکی گشتی پارتی نیشتیمان بە کەسێکی نزیک لە بەشار ئەسەد دەناسرێت و دەتوانێت رۆڵی لە ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بگێڕێت.
ئەو بەرپرسە سورییە رایگەیاندووە، سوریا سەردانەکەى پرینچێک لە ساڵى 2015 بۆ لاى بەشار ئەسەدی لەیادنەکردووە، کە لەو کاتەدا بەسەردانێکی گرنگ دادەنرێت.
یەنیچاخ
لە تورکیا متمانە بە دەزگاکانى دەوڵەت کەم بووەتەوە
بەگوێرەى راپرسییەکەی ناوەندی ئەساڵ بۆ راپرسی، سەبارەت بە متمانەى هاووڵاتیان بە دامودەزگاکانی دەوڵەت راپرسییەکی ئەنجامداوە. لە راپرسییەکەدا ئاشکرابووە تەنها 19%ـى هاووڵاتیان متمانەیان بە دامەزراوەی سوپا هەیە. هەروەها 16%ـى هاووڵاتیان متمانەیان بە پۆلیس و 11.1% متمانەیان بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار هەیە.
هەروەها 10.2%ـى هاووڵاتیان متمانەیان بە پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەیە.
لە راپرسییەکەدا هاتووە، 1.4%ـى هاووڵاتیان متمانەیان بە سیاسییەکانی وڵاتەکەیان هەیە و 0.9% متمانەیان بە میدیا تورکییەکان هەیە.