رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
حزبوڵا هەڕەشەی راگواستنی دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دەکات
حزبوڵای لوبنانی هەڕەشەی راگواستنی ژمارەیەکی زیاتر دانیشتووی باکووری ئیسرائیل دەکات، ئەگەر بێتو تەل ئەبیب بڕیاری بەرفراوانکردنی بازنەی بۆردومانەکانی بۆسەر گوند و شارۆچکەکانی باشووری لوبنان بدات.
ئەم هەڕەشەیەی حزبوڵا لە کاتێکدایە، ئیسرائیل لەم دواییەدا هەڕەشەکانی بۆ بەرفراوانکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژی لوبنان زیادکردووە.
قودسی عەرەبی
لە غەزە 18 هەزار منداڵ بێسەرپەرشت و ناپارێزرێن
موهەنەد هادی، هەماهەنگکاری کاروباری مرۆیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشت و ناپارێزرێن لە کەرتی غەزە، لەنێوان 17 بۆ 18 هەزار منداڵدایە.
رۆژنامەی قودسی عەرەبی لێدوانی موهەنەد هادی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، منداڵانی غەزە ئێستا لەبری چوون بۆ قوتابخانە سەرقاڵی کارکردنن، ئەوان شتگەلێک دەفرۆشن کە هیچ بەهایەکیان نییە، ئەمەش قەبارەی هەژاری لە غەزە دەردەخات تەنانەت دراوی کاغەزیش لە غەزە نەماوە و قەیرانی ئابووری و مرۆیی تاوەکو بێت قوڵتر دەبێتەوە.
عەرەب
لاهور شێخ جەنگی هەوڵ دەدات وەک لایەنی سێیەم لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان خۆی بسەلمێنێت
رۆژنامەی عەرەب لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت خۆی و پارتەکەی وەک هێزێکی کاریگەری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بکات، بەجۆرێک ببێتە رکابەری دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان.
لە بڵاوکراوەکەی عەرەبدا هاتووە، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەوە دەست بە چالاکییە سیاسییەکانی بکاتەوە، گوتاری کاریگەر پێشکەش دەکات تاوەکو وا لە هاووڵاتیان بکات بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن.
عەرەبی جەدید
کەمینەکانی عێراق بەدوای یاسادا دەگەڕێن
ماوەی چەند هەفتەیەکە باس و خواسی ئەوە لە عێراق هەیە پێویستە یاسایەک دابنرێت بۆ پاراستنی ئازادی تایبەتیی و عەقیدەیی کەمینە ئاینییەکان، کە بەشێک لە پێکهاتەکانی مەسیحی و شەبەک و ئێزدییەکان دەیانەوێت پێشکەشی پەرلەمانی عێراقی بکەن.
ئوسامە بەدری، ئەندام پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی گوتووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا نوێنەرانی پێکهاتە کەمینەکان لەگەڵ لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە و رەشنووسی یاسای پاراستنی کەمینەکان تاوتوێ دەکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
تورکیا 150 هەزار شوان لە دەرەوە دەباتە وڵاتەکە
زۆرترین کرێکاری پێویست لە کەرتی ئاژەڵداریدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و ناوخۆ رایانگەیاندووە کار بۆ ئەوە دەکەن 150 هەزار شوان لە وڵاتانی دیکەوە بهێنن بۆ تورکیا.
رۆژنامەکە نووسویەتى، ئەمە لە کاتێکدایە دەیان هەزار گەنج لەو وڵاتە بێکارن. سەرەڕای ئەوەی مووچەى کاری شوانی زۆرە و جێگەی مانەوەیان دەدرێتێ، هێشتا گەنجی تورکیا ئامادەنین کاری شوانی بکەن.
بەگوێرەى ئەزموونەکانی رابردوو، چاوەڕێ دەکرێت زۆرترین شوان لە وڵاتی ئەفغانستانەوە بهێنێت بکرێت.
قەرار
نزیکەى 700 هەزار لێقەوماوی بومەلەرزە لە کۆنتەینەردا دەژین
ماوەى 19 مانگ بەسەر بومەلەرزەکەى شەشی شوبات تێدەپەڕێت، کە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستانى گرتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکی یەکێتیی شارەوانییەکانى تورکیا ئاشکرای کردووە تائێستا 691 هەزار و 595 کەس لە کۆنتەینەردا دەژین و کێشەى نەبوونی بنکەى تەندروستی و هاتوچۆیان هەیە، هاوکات خزمەتگوزارییەکانى پەروەردەش بەگوێرەى پێویست نییە.
یەنیچاخ
60%ـى ئیستەنبوڵییەکان لەنێو ماڵەکانیاندا باس لە پرسی ئابووری دەکەن
بەگوێرەى راپۆرتێکی ئاژانسی پلاندانانی ئیستەنبوڵ لە مانگی ئابدا ئامادەکراوە 60.7%ـى ئیستەنبوڵییەکان لەنێو ماڵەکانیاندا باس لە پرسی ئابووری دەکەن وەک گرنگترین پرس لەو وڵاتە.
43.6%ـى ئیستەنبوڵییەکانیش لەو باوەڕەدان ئابووری وڵاتەکەیان زیاتر بەرەو خراپبون دەچێت. 6.1%ـى دیکەش باس لە پرسەکانی کەرتی پەروەردە دەکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
جومهوری ئیسلامی
سەرچاوە ئاوییەکانی تاران توانای دابینکردنی ئاوى دانیشتووانی نوێیان نییە
موحسن باقری، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی تاران کێشەی جددی لە دابینکردنی ئاوی بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکانی ئاوی راگەیاند و گوتی، تەنیا 31%ـى دانیشتووانی نوێی تاران دەتوانن خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ئاو وەربگرن.
باقری ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکان و بەردەوام زیادبوونی پێداویستییەکانی دانیشتوان، پێویستە پڕۆژەکانی ئاو بە خێرایی تەواوبکرێن، بەڵام پێویستی بە وەبەرهێنانی نزیکەی یەک ملیار دۆلار هەیە.
باختەر
هەزاران شوێنەواری کۆن لە کرماشان دۆزرانەوە
سەجاد عەلیبەیگی، بەرپرسی پەیمانگەی شوێنەوارناسیی ئێران رایگەیاند، هەزاران کەرەستەی بەردینی بە تەمەنی زیاتر لە یەک ملیۆن ساڵ لە کرماشان دۆزراونەتەوە.
دەڵێت، کرماشان هەزاران ساڵ خەڵکی سەردەمی بەردینی کۆنی تێدا بووە و دۆزینەوەیەکی لەو شێوەیە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران نەکراوە.
ئەم دۆزینەوانە هەزاران کەرەستەی راوکردن لەخۆدەگرێت، کە ئاماژەن بۆ بوونی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ لەم ناوچەیەدا.
ئەبرار
هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگییەکی تایبەتی هەیە
سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانى دیکەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و جەختی لەسەر گرنگیی تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران کردەوە، بەهۆی هاوبەشی فەرهەنگی و هەڵکەوته جوگرافییەکەی.
پزشکیان گوتی، رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نەهێشتنی هەڕەشەکان، داوای فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر سنوورەکانیش کرد.
تەجارەت
زیاتر لە 184 کەس لە ئێران تووشی تای خوێنبەربوون بوون
شەهنام ئارشی، سەرۆکی ناوەندی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە درمییەکان رایگەیاند، زیاتر لە 184 کەس لە ئێران تووشی تای خوێنبەربوون بوون.
دەڵێت، زۆرینەی ئەو نەخۆشانە پێشینەی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات هەیە. بەتایبەتی 131 لە نەخۆشەکان پێشینەی گەشتکردنیان بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەبووە و هاوکات 42 حاڵەتی گواستنەوەی ناوخۆیی دەستنیشانکراون و تائێستا تەنها یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
زێلێنسکی دەڵێت، پوتین شارەکانمان دەسوتێنێت لەکاتێکدا رۆژئاوا دواکەوتووە
ئۆکراین داوایەکی بەپەلە بۆ دابینکردنی مووشەکی دوورمەدا لە رۆژئاوا دەکات و تۆمەتباریان دەکات بەوەی تاوەکو دێت ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، بەهێزتر دەکەن، لەکاتێکدا ئەمریکا هێشتا بڕیاری پێدانی مووشەکی دوور مەودای بەو وڵاتە نەداوە، کە دەیەوێت لە دژی پێگەکانی نێو خاکی روسیا بەکاریان بهێنێت.
ئەم داوا بەپەلەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لەکاتێکدایە بەمدواییانە روسیا 200 مووشەکی بالیستی فەتح-360ـی لە ئێران وەگرتووە.
ئندپێندێنت
ستامەر و بایدن لەسەر هەڕەشە ئەتۆمییەکانی پوتین یەکدەگرن
شەوی رابردوو هەریەک لە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.
ئامانج لە کۆبوونەوەکە دابینکردنی مووشەکی بالیستی “ستۆرم شادۆو” بوو بۆ ئۆکراین، لەکاتێکدا سەرۆکی روسیا شەش دیبلۆماتکاری بەریتانی لە وڵاتەکەی بەتۆمەتی ‘جاسوسی’ وەدەرنا و هۆشداریی توندیدا لەبارەی چەکەکانییەوە. کۆبوونەوەی ئەم دوو سەرکردەیە لەکاتێکدایە تا دێت مەترسییەکانی روسیا و ئۆکراین بۆ بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا زیاتر دەبن، پوتینیش دابینکردنی مووشەکی لەوجۆرەی بۆ ئۆکراین بە هەڵگیرسانی جەنگی روسیا لەگەڵ ناتۆ وەسفکرد.
گاردیەن
زنجیرە قوتابخانەیەک لە بەریتانیا وەک یەکەم ناوەندی ئەکادیمی بەکارهێنانی مۆبایل قەدەغە دەکەن
زنجیرە قوتابخانەیەکی ئەکادیمی لە بەریتانیا بەناوی ئۆمیستن، دەبێتە یەکەم ناوەندی فێرکردن لە ئینگلتەرا، کە تێیدا رێگە بە بەکارهێنانی مۆبایل نادرێت لەلایەن خوێندکارەکانیەوە، کە ژمارەی سەرجەم خوێندکارەکانی زیاترە لە 30 هەزار کەس. ئەو کۆمەڵگە پەروەردەییە کە خاوەندارییەتی 44 خوێندنگەی حکومی دەکات، هۆکاری قەدەغەکردنەکە بۆ ئەو کاریگەرییە “کارەساتبارە” دەگەڕێننەوە کە ئەو ئامێرە زیرەکە لەسەر تەندرووستی دەروونی و ئاستی فێربوونی خوێندکارەکان دروستیکردووە.
ئەم هەوڵەش لەکاتێکدایە تا دێت مەترسییەکانی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەلایەن منداڵ و هەرزەکارانەوە زیاتر دەبن و وڵاتانی جیهان سیاسەتی نوێ پەیڕەو دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی، تازەترینیان فەرەنسایە کە بەکارهێنانی ئینتەرنێتی لە منداڵانی خوار 13 ساڵی قەدەغەکرد.
عەرەب نیوز
هاوپەیمانێتییەکی نوێ بۆ فەلەستین دێتە کایەوە
وەزیرانی وڵاتە موسوڵمان نشین و ئەوروپییەکان لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کۆبوونەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکەش درووستکرنی بەرەیەک بوو بۆ پشتگیریکردن لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستین. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە میسر، ئوردن، قەتەر، ئیندۆنیزیا، نەیجیریا و تورکیا لەلایەک و هەریەک لە ئێرلەندا، نەرویج، سلۆڤینیا و ئسیپانیاش لە لایەکی دیکەوە بەشداربوون. لە کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند لەکاتێکدا تا ئێستا ئیسرائیل زیاتر لە 41 هەزار فەلەستینی کوشتووە، تەنها رێگەچارە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و هێنانەکایەی ئاشتی درێژخایەن لە ناوچەکەدا، درووستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین و بوونی دەوڵەتی ئسیرائیلە لە ناوچەکەدا.