پێگەى «وتە» لە دونیاى فیکردا
وەلید عومەر
وتە, زیاتر دیاردەیەکى فۆلکلۆرییە کە لە کۆنەوە گەیشتووە بەمڕۆ. لاى ئێمە لە نەریتى زارەکییەوە هاتووە و لە خۆرئاواش بەزۆرى لە نەریتى نوسراوەوە. ئێمە لە گوتارى ڕۆشنبیرییدا, کەمتر پەنا بۆ پەندەکان دەبەین و پتر وتەى بیرمەندەکان وەردەگرین کە هەم شەرعیەتى پەندى هەیە لەناو دونیاى نوێدا, هەم قسەکەرێک لەپشت وتەکەوە وەستاوە و ڕاستییەکى هەژمووندار دەخاتەڕوو. بێ ئەوەى لە سرووشتى وتەش وردببنەوە, پێیانوایە “مشتێک نمونەى خەرمانێکە”. بەڵام پەیوەندیی مشتەکە و خەرمانەکە زۆر جێى ڕامانى ئەوان نیە. زۆرجار خوێنەرێک, بە وتەی نوسەرێک تێردەبێت, ئارام دەبێتەوە, هەستدەکات شتێک هەیە گوزارشتەکەى ناو زەین و خەیاڵى وى دەپێکێت. دەشێت ئەم خوێنەرە ڕۆژێکى تر بەر وتەیەکى تر بکەوێت و هەمان هەستى خۆشى و ڕەزامەندى دایبگرێت, لەکاتێکدا وتەى دووەم پێچەوانەى وتەى یەکەم بێت و هیچ تەباییەکى ڕیشەیی لەنێوانیاندا نەبێت. ڕەنگە گشتینەی خەڵک، گرنگی بە پەیوەندیی وتەکە و زادگاکەی نەدەن. ئەوان ڕاستییەکی ڕاگوزەریان لە ئێستا/ئێرەدا دەوێت، بۆ مەبەستێکی کاتی، بەڵام وتەکان و “ئیقتیباس”ٓـەکان هەمیشە سەر بە شوێن و سیستەمێکی گەورەترن. بۆیە چەند پرسیارێکى تیۆرى لێرەدا خۆى قوتدەکاتەوە: ئاخۆ وتەکان لەکوێوە دێن؟ وتەکان لە خۆیانەوە دەستپێدەکەن یان لە شوێنێکى ترەوە دێن؟ پرسى گشت (کل) و بەش (جزء) چ ڕۆڵێکى لە ڕوونکردنەوەى پێگەى وتەکاندا هەیە لە دونیاى فیکردا؟
قەبارەى وتە کورتە, جار هەیە سادەیە و جاریش هەیە ئاڵۆز. بەڵام جار هەیە سادەکە شتى زۆرترى لە خۆیدا شاردووەتەوە تا ئەوى تریان. هەیە بە فۆرم سادەیە و بە ناوەڕۆک ئاڵۆز, هەشە بە ناوەڕۆک سادەیە و بە فۆرم ئاڵۆز. ئەم ڕاستییانە یارمەتیی ئەو چەند پرسیارەى سەرەوە دەدەن: ئەو وتەیەى کە بە فۆرم سادەیە و بەناوەڕۆک ئاڵۆز, خۆى تەنیا نیە, بەڵکو هەڵگرى سیستەمێکى فیکرییشە. ئەو وتەیە نوێنەرى مەنزوومەیەکى تیۆریی لە خۆى گەورەترە. بەڵام وتەکەى تر, ئەوەى کە بە فۆرم ئاڵۆزە و بەناوەڕۆک سادەیە, هەوڵدەدات خۆبەس و خۆبژێو و خۆگربێت و نەگەڕێتەوە بۆ هیچ سیستەمێکى تر. ئەم جۆرە وتەیە پتر لە پەندى پێشینانەوە نزیکە, یاخۆ قسەى نوسەرێک کە لەکۆدا سیستەمێکى بیرکردنەوەى نیە و ئەوەى هەیە هێشوویەک قسەى هەمەڕەنگە. دەشێت پۆڵێنى تریش بۆ وتەکان بکرێت, بەڵام ئەم دوو جۆرەیان بۆ دونیاى ڕۆشنبیریی ئێمە جێى تێڕامانە و دەتوانین بڵێین یەکێکیشە لە گرفتەکانى بەردەم فیکر. بۆیە ویستمان بڵێین هەر بیرمەند و فەیلەسوفێک، دوو جۆر وتەی لێ دەهێنرێتەوە: یەکیان وتەیەکە گوزارشت لە کۆی بیرکردنەوەی خاوەنەکەی دەکات، یەکێکی تریشیان شتێکی هاکەزاییە و گوزارشت لە خاوەنەکەی ناکات. بەپێی یەکەمیان، وتەکە، “بەشێکە لە گشت”، لە دووەمیشیاندا بەشەکە گوزارشت لە گشت سیستەمە فیکرییەکە ناکات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پشتەوەی وتەکە گرنگە، ئاخۆ بەشێکە لە کام مەنزوومە و سیستەم.
ئاشکرایە وتە بەتەنیا خۆی هەژارە، بەڵام گەر ڕیشەیی و گشتگەرا بیربکەینەوە ئەوا وتە سەربەخۆکانیش ئاوارەیەکن لە سیاق/ماڵوحاڵی بنچینەیی خۆیان هەڵکەنراوە. بەم پێیە هیچ وتەیەک نیە, نەخرێتەوە ناو سیستەمێکى گشتگەرا و بەرین. وتەکە پڕاوپڕ بەو سیستەمە بکات یان نا, دەکرێت جێیەکى بۆ بکرێتەوە. هەتا ئەو وتانەى کە وەک زیادە و تێکدەر دەردەکەون, ناتوانن بۆ هەمیشە لە دەرەوەى سیستەمەکان و تۆڕە فیکرییەکان بمێننەوە. دواسنورى وتەیەک, ئەوە نیە بەتەنیا و دابڕاو بمێنێتەوە, بەڵکو گەر زۆر بڕوات ڕۆڵى گواستنەوەى سیستەمێک بۆ سیستەمێکى تر دەگێڕێت. بە مانایەکى تر, ئەو وتانەى وا تاک و تەنیا دەردەکەون و باکیان بە هیچ سیستەمێک نیە, لە جێیەکدا ڕۆڵ وەردەگرن و سیستەمێکى فیکرى دەگوێزنەوە بۆ سیستەمێکى تر. وەک پردێکى هزرى وان کە ئاڵوگۆڕ لەنێوان دوو سیستەمدا دەکەن. گەر وزەى هێرمینۆتیکیی ناو وتەکانیش بگوشین, ئەو ئامادەییەیان تێ دەگەڕێت بچنە ناو سیستەمێکەوە و سیستەمێک هەڵیانبلوشێت. لەم حاڵەتەدا گەر قسەکەر و دوێنەریش نەزانن وتەکە لەکوێوە هاتووە و سەر بە چ سیستەمێکیشە, ئەوا لە کۆدا خەریکن ڕاستییەک دەڵێنەوە کە سەرەنجام ئەو ڕاستییە سەر بە سیستەمێکە. هەتا گەر بەهەڵەش لەو وتەیە و مەبەستەکەى حاڵى بووین, ئەوا بە نیەتى خۆیان وتەکەیان بە ئاراستەى سیستەمى بیرکردنەوەى خۆیاندا بردووە- ئیدى لەم ڕووەوە زۆر گرنگ نیە سیستەمەکەى ئەوان و زێدى وتەکە چەنێک لێکەوە دوورن.
لەنێوان بەش و گشتدا, بەشى بچوکتر و گشتى بچوکتریشمان هەیە. دەشێت وتەیەک سەر بە گتشێک بێت, بەڵام کرۆکى گشتەکە نەپێکێت. بۆ نمونە, جار هەیە وتەیەکى وەک «مرۆڤ بۆ حەزى مەزنایەتى هەوڵدەدات» دەدرێتەپاڵ فرۆید, کەچى لە کرۆکدا پەیوەندیی بە سیستەمەکەى فرۆیدەوە نیە, بەڵام لە سیستەمى دەروونشیکارییش دەرناچێت و دەشێت ناوێکى ترى سەر بەو سیستەمە بگرێتەوە (بۆ وێنە ئەدلەر). ئەم ئەگەرە بۆ هەموو بیرمەندانى تریش ڕاستە, جار هەیە وتەیەک شمولى قوتابخانەیەک دەکات, بەڵام ڕێک ئەو بیرمەندە ناپێکێت کە وتەکەى خراوەتەپاڵ. لەم حاڵەتەدا ئەوەى زیان دەبینێت, وردەکاریی تیۆرییە. تیۆر لەسەر وردەکارى بەندە, بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەى کە گرنگى بە جووڵەى فیکر و تیۆر دەدەن و دەیانەوێت لە جیاوازییە کەمۆک و مینیماڵەکانیش تێبگەن. لێرەدا دەتوانین ناوێکى وردتر بۆ هەردوو جۆر وتەکە دابنێین, ئەوانەى ڕێک دەلکێن بە سیستەمێکەوە “وتەى ئۆرگانى”ن و ئەوانەشى نالکێن “وتەى نائۆرگانى”ن. وتەى ئۆرگانى, ئۆرگان و ئەندامێکە لە سیستەمەکەى خۆى و ناتوانێت لێى دەربچێت. ئەویتریشیان ئۆرگانێک نیە و پێى ناخوات. بۆ ئەوەشى نەکەوینە ناو جەوهەرگەراییەوە, دەتوانین بڵێین دەکرێت لە دوو سیستەمدا دوو وتەى لێکچوو هەبن, بە هەمان فۆرم و ڕاستى و قەبارەشەوە. بەڵام ئەوەى لێکیان جیادەکاتەوە دیسان پۆینتێکى بچوکە کە سرووشتى خۆى بەسەر ئەو وتەیەشدا دەسەپێنێت. هەر بۆ خۆدوورگرتن لە جەوهەرگەرایی, جار هەیە چەندین وتە لاى بیرمەندێک هەیە کە بە سیستەمەکەى خۆیشى ناخۆن (بۆ نمونە لاى بێرتراند ڕاسڵ). ڕەنگە لێرەدا بکرێت باسى وتەى سەرەکى و لاوەکى بکرێت (کە جارێ زۆر پەیوەندیی بە باسەکەمانەوە نیە).
پرسێکى وەک «دەرهێنان لە سیاق», دیسان لە ڕوویەکەوە پەیوەندیی بەم مەسەلەیەوە هەیە. کاتێک “بەش”ێک لە “گشت”ێک دەردەهێنرێت, خاوەنەکەى دەیکاتە هەرا. دیارە لەم حاڵەتەدا خەلەلێکى عەقڵانى و پاشانیش ئاکارى ڕوودەدات. خەلەلە ئاکارییەکە ئەوەیە پەیوەندیی هۆمەندانەى نێوان بەشێک وگشتەکەى قرتێنراوە. ئاکارییەکەش پەیوەندیی بە هەمان خاڵەوە هەیە, چونکە مافى پەیوەندییەکە نەدراوە. نەدانى مافیش, واتە نامۆکردنى شتێک لە شتێکى تر, بردنى پشکێک لە شتێکى گەورەتر, یانبە زمانى باو تێکدانى پەیوەندیی شتى شیاو و شوێنى شیاو. هەتا ئەم خەلەلە لە ژیانى ڕۆژانەى کۆمەڵگادا بەگشتى دووبارەدەبێتەوە. هەر لە بوارى ڕۆژنامەگەرییەوە تێدەگەین کە چۆن قسەکەرێک یان بەرپرسێک دواى بڵاوکردنەوەى دیدارەکەى هاوارى لێ هەڵدەسێت و دەڵێت مەبەستەکەم شێوێنراوە. شێواندنى مەبەست, واتە خەلەلێکى ئاکارى لە پەیوەندیی گشت و بەشدا ڕوویداوە. وتەیەکى ئەو لە کۆى قسەکانى دەرهێنراوە و ماناى ترى وەرگرتووە. بەشێک لە قسەکانى خراوەتە ناو فەزایەکى مانایی ترەوە کە زۆرجار پێچەوانەش دەکەوێتەوە. جا لەم ڕووەوە خاڵێکى تایبەت بە کەلتور و ڕۆشنبیریی ئێمە هەیە کە پێویستى بە سەرنجدانە: زۆرجار دەوترێت ئەم وتەیە چیە, ئەم قسە سادەیە چیە دانراوە, گەر هاتبا و من کردبام ئەوا بە گرنگیان نەدەزانى. هەموومان یان هەڵوێستى لەم جۆرەمان بینیوە, یاخۆ خۆیشمان کردوومانە. بەڵام ئەم حوکمە لە پاى چى دەدرێت؟ دیارە ئەو وتەیەى هێنراوەتەوە, بە ئەگەرى زۆرەوە لە سیستەمى بیرکردنەوەى خاوەنەکەى دابڕێنراوە. لەم حاڵەتەشدا هەستێک لاى خوێنەر درووستدەکات کە قسەکە سادەیە. هەتا پێى وایە ئەویش دەتوانێت شتێکى لەو جۆرە بڵێت.
ئەمڕۆ بەهۆى ئەوەى هۆشیارییەکى هەمەڕەنگى پەرشوبڵاو هەیە, دەشێت وتەیەک چەندین مانا بگرێتەخۆى. دانانى وتەیەک لە تۆڕە مەجازییەکان, پشکێک مانا بۆ هەرکەسێک دابین دەکات. گومانى تیا نیە بەشى زۆرى ئەم مانایانە بەدحاڵیبوونن, بەڵام وەرگرەکە تێردەکەن و بێبەشى ناکەن. گسادەترین هۆکارى ئەمەش, وەک باسمانکرد, بردنى بەشێکە بۆ ناو گشتێکى تر, بۆ ناو سیستەمێکى ترى بیرکردنەوە کە کەسەکە هەڵگرێتى. ئێمەى مرۆڤ, خاوەنى سیستەمى جیاجیاى بیرکردنەوە و وێناى جیاجیاى بیرکردنەوەین. هەر سیستەمێ, جۆرێکە لە وێناکردن. هەر وێناکردنێکیش بڕێک لەویتر جیاوازە. بۆیە وتەکان و کۆتەیشنەکان, نوێنەرى ویناى جیاجیان. جار هەیە وێناکان پێکدادەدەن و جاریش هەیە بە شێوەیەکى نەرم و شاراوە لە یەکتردا دەتوێنەوە (کە دەشێت لەبنەوە وێنایەکیان بەسەر ئەویتردا زاڵ بووبێت). بیرکردنەوەى تەندرووست ئەوەیە پەیوەندیی ئۆرگانیی نێوان بەش و گشت, وتە و سیاقەکانیان بناسێتەوە- هەتا گەر بەو مەبەستەش بێت کە شتێکى نوێیان لێ درووستبکات و کۆنتێکستێکى تازەیان بۆ بخوڵقێنێت.