زووم..
وەزیری پۆلیس و رێگری لە ئاگر و تاوان لە بەریتانیا لە کۆنگرەیەکدا، کە بۆ بنەبڕکردنی دزی و تاوان رێکیخستبوو، جانتاکەی خۆی دزرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، بەرپرسێکی حکومی لە کابینەی حکومەتەکەی ئەو وڵاتە رایگەیاندوە، رۆژی پێنجشەممە دەیم دیانا جۆنسن وەزیری بەرپرس لە کاروباری پۆلیس و بنەبڕکردنی تاوان بەشداریی کۆنگرەیەکی ئەفسەرانی پۆلیسی کردووە، بابەتی سەرەکیی کۆنگرەکە تاوانی دزیکردن و بڕین و تاڵانکردنی ناوەندە بازرگانییەکان بوو
لە کۆنگرەکەدا دیانا جۆنسن گوتی، “بەریتانیا تووشی پەتای هەڵسوکەوتی دژەکۆمەڵایەتی، بڕین و دزی بووەتەوە”، بەڵام هەر لە ناو کۆنگرەکەدا جانتاکەی وەزیر دزراوە، بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک بۆسەر ئارامیی کەشی ناو کۆنگرەکە دروست ببێت.
پۆلیسی یۆرکشایەر دەڵێت، کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە تەمەنی 56 ساڵە و گومان دەکرێت ئەو جانتاکەی بردبێت.
بەگویرەی ئامارێکی نووسینگەی ئاماری نیشتمانی بەریتانیا لەمساڵدا تا مانگی ئازار، دزیی جانتا و مۆبایل 40% زیادیکردووە.