زووم…
بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، پێدانى کۆد بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى هەڵوەشێنرایەوە. ئەوەش دوای راپۆرتێکی زووم دێت لەسەر خراپیی سیستمەکە و ناڕەزایەتی هاووڵاتیان.
بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئاگاداری ھاووڵاتیان دەکەن کە لە رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە چیتر بۆ ھەر کارێکی پەیوەست بە بەشی مۆڵەتی شۆفێری، پێویست بە وەرگرتنی کۆد ناکات لە رێگەی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانییەوە.
دەشڵێت، ھاووڵاتی دەتوانێت راستەوخۆ سەردانیان بکات، بۆ راییکردنی مامەڵەکەی بێ وەرگرتنی کۆد، وەک نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و ھەرکارێکی دیکە لە بەشی مۆڵەتی شۆفێری.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هاووڵاتیان بەرلەوەی بێنە ژوورەوە، لای عەریزەنووسەکانی بەردەم بەرێوەبەرایەتییان فۆرمی تایبەت بە مامەڵەی بەشی مۆڵەتی شۆفێری پڕ دەکەنەوە و پێویستە سەرجەم بەڵگەنامە رەسەنەکانی پێبێت و راستەوخۆ بچێتە ناو بەرێوەبەراتیان بۆ تەواوکردنی مامەڵەکەى.
ئەم بڕیارەی ھاتوچۆی سلێمانی بە هەڵوەشاندنەوەی کۆد بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، دوای راپۆرتێکی کەناڵی زووم دێت کە ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی لەسەر خراپیی سیستمەکە گواستەوە.