زووم..
دوای رووبەڕوووبوونەوەی دوو کاندیدە سەرەکییەکە، ئێستا ناوەندەکانی ئەمریکا سەرقاڵی راپرسین و بەدوای ئەوەوەن ئایا هاریس هەڵبژاردنەکە دەباتەوە، یان نا؟
رۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە ئەنجامی چەند راپرسییەکی بڵاوکردۆتەوە. لەو راپرسییانەدا هاتووە، کە لە پاش ئەنجامدانی دیبەیتەکەی نێوان هەردوو پاڵێوراوەکەوە هاوسەنگیی ترازووەکان زیاتر بەلای هاریسدا شکاونەتەوە.
رۆژنامەکە نوسیویەتی لەماوەی 54 رۆژدا کەمالا هاریس جێگری سەرۆکی ئێستا توانیویەتی شان بەشانی دۆنەڵد ترامپ سەرۆکی پێشوو ململانە بکات و بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە پێشی بکەوێت.
لەدوای پاشەکشەکردنی جۆ بایدن سەرۆکی ئێستاوە لە ململانێی هەڵبژاردنەکان هاریس وەک کاندیدی دیموکراتەکان هاتەپێشەوە، بەڵام بە هۆی دیبەیتە تەلەڤزیۆنییەکەوە توانیی بە 23 خاڵ بکەوێتە پێشی ترامپەوە. ئەو کەسانەی کە دیبەیتەکەیان بینیوە و دوواییش پرسیاری بۆچوونیان کراوە، لەگەڵ ئەوەدابوون کە هاریس دوو هێندەی ترامپ چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی هەیە.
لەپاش دیبەیتەکەوە راستەوخۆ سێ ناوەندی گەورە راپرسییان بۆ خەڵکی ئەمریکا دانا، لە هەموویاندا هاریس پێشی ترەمپ کەوتووە:
راپرسییەکەی سی ئێن ئێن دەڵێت هاریس لەسەدا63ـی دەنگەکان دەبات، ئاژانسی یووگەڤ، دەڵێت هاریس لەسەدا 54و ئاژانسی سۆکۆڵیش دەڵێت هاریس لەسەدا 53 ، بە دەرهێنانی تێکڕای ئەم سێ ئەنجامە دەردەکەوێت پاڵێوراوی دیموکراتەکان بە ئەگەری لەسەدا 57 لە پێشی ترامپەوەیە.
ئێستا ناوەندەکانی ئەنجامدانی راپرسییەکان دەیانەوێت بەدواداچون بەدوای ئەو پرسەدا بکەن، کە ئایا تووڕەیی ترەمپ و ئارامییەکەی هاریس وایان کردوە گۆڕانکاری لە ئاستی جەماوەریی کاندیدەکاندا دروست ببێت، یان هۆکاری لەوەش قووڵتر هەیە.
لەسەر ئاستی تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکاش ئاژانسی (فایف سێرتی ئەیت) راپرسییەکی ئەنجامداوە، لە ئەنجامەکانی ئەوانیشدا دەرکەوتووە، کە هاریس بە جیاوازیی (دوو پۆینت هەشت) خاڵ لە پێشی ترامپەوەیە. ماڵپەڕی ئیکۆنۆمیستیش هەر ئامارێکی هاوشێووەی ئەمەی پێشکەش کردووە. بەڵام بە چەند رۆژێکی کەم پێش ئەنجامدانی دیبەیتەکە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و کۆلیجی سینا پێکەوە راپرسییەکیان کردبوو، لەوێدا دەرکەوتبوو، کە ترەمپ بە جیاوازیی یەک خاڵ لەپێشی هاریسەوەیە، لەوێدا هاریس رێژەی لەسەدا 47ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام ترامپ لەسەدا 48.