زوومى رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: ئێران بەڵێن بە هەرێمی کوردستان دەدات چارەسەری کێشەکانى بکات
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری بەڵێن بە هەرێمی کوردستان دەدات چارەسەری کێشەکانى بکات.
لە دووەم رۆژی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ عێراق، پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دیداری لەگەڵ بەرپرسانى هەولێر و سلیمانى ئەنجامدا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێم، پەیوەندییەکانى هەرێمی لەگەڵ ئێران بە مێژوویی وەسفکرد و گوتى، بێ کێشە نیین و بە ئیرادەین بۆ چارەسەرکردنی، پزشکیانیش گوتى، بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوە هاتووم کێشەکان چارەسەربکەم.
قودسی عەرەبی: دوایین هێرشی ئیسرائیل لە سوریا بەدیلگرتنى ئیرانییەکان و بۆردومانى کارگەیەکی مووشەکی لەخۆگرتبوو
پێگە و سەرچاوە عەرەبی رۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن، دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، بۆ سەر شاری مسیاف لە رۆژئاوای پارێزگای حەما لە سوریا، دابەزینى کۆماندۆ لە هیلیکۆپتەرەکان و پێکدادانى چەکداریی و کوژران و بەدیلگرتنى ئیرانییەکانى لەخۆگرتبوو، جگە لە بۆردومانى کارگەیەکی درووستکردنى مووشەک.
بەگوێرەی سەرچاوەکانى رۆژنامەى قودسى عەرەبی، لەو هێرشەدا 26 کەس کوژراون، کە تێیاندا کەسانى چەکدار و مەدەنیشی تێدابوون، هێرشە ئیسرائیلییەکەش پێگە سەربازیی و چەکدارییەکانى لە مسیافی سەر بە گوندەوارەکانى پارێزگای حەمای سوریای کردبووە ئامانج و بە توندترین هێرش بۆ سەر سوریا ئەژماردەکرێت.
عەرەبی جەدید لە ئۆنرواوە: ئەوەی لە غەزە دەگوزەرێت کۆمەڵکوژییە لەناو کۆمەڵکوژیدا
بە ئامانجگرتنى خوێندنگەکانى سەر بە رێکخراوەکانى ئۆنروا لە ئۆردوگای ئاوارەنشینەکانى نوسەیڕات، کە 12 هەزار ئاوارەى لەخۆگرتووە و بووە هۆی کوژرانى 18 کەس و لەنێوانیاندا شەش کارمەندی رێکخراوەکەى تێدابووە، ناڕەزاییەکى فراوانى رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە کۆمەڵکوژی لەناو کۆمەڵکوژیدا وەسفکرا.
عەرەب: فڕۆکەهەڵگرەکان دەکشێنەوە و کوژرانى هەنیە دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی سنوورداریی هێزی ئێران
وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، فڕۆکەهەڵگری رۆزفەلت، ناوچەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جێدەهێڵێت دوای ئەوەی پۆ پشتیوانى و بەرگری ئیسرائیل هاتبوونە ناوچەکان بۆ هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکرێت، کشانەوەى فڕۆکە هەڵگرەکان، بوونى هەواڵگریی و سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە دەسەلمێنن و ئاماژە بۆ سنوورداریی ئێران دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەى کوژرانى ئیسماعیل هەنیەى سەرۆکى مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەى حەماس لە 31ـی تەمووزی ئەمساڵ لە تارانى پایتەختى ئەو وڵاتە.
زوومى رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام: لە ئیستەنبوڵ نرخی هۆڵەکانی وەرزش سەدا 150 گران کرا
بە بڕیاری گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ، کرێی زیاتر لە 200 هۆڵی وەرزشکردن سەدا 150 زیاد کرا. بۆ هەندێک لە هۆڵەکانی دیکەش زیادکردنی نرخەکان لە سەدا 50 بۆ سەدا 150 بووە.
بەم زیادکردنە نرخی کرێی مانگانەی هۆڵێکی وەرزشکردن لە 400 لیرەوە بووەتە 900 لیرە.
یەنیچاخ: لەتورکیا لە شەش کەس، یەکیان لە هەژاریدا دەژى
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، لەو وڵاتە لە شەش کەس، یەکیان لە هەژاریدا دەژی. لەماوەی حەوت مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا ژمارەی ئەو کەسانەی لەبەرهەژاری هاوکارییان لە دەوڵەت وەرگرتووە گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 169 هەزار کەس.
تەنها لەمانگی تەمموزدا 167 هەزار و 837 مناڵ هاوکارییان لە دەوڵەت وەرگرتووە.
سۆزجو: نرخی سمیت بووەتە 15 لیرە
خێزانێکی چوار کەسی ئەگەر هەموو رۆژێک سێ ژەم سمیت بە چا-وە بخۆن ئەوا رۆژانە دەبێت 360 لیرە خەرج بکەن. مانگانە دەکاتە 10 هەزار و 800 لیرە.
ئەم بڕە پارەیە لە مانگێکدا سەدا 65%ـی کەمترین بڕە موچە دەکات. هاوکات سەدا 85%ـی کەمترین موچەی خانەنشین دەکات.
لە کلتوری تورکیا سمیت خواستێکی زۆری لەسەرە و یەک لە دروستکراوە هەویرییەکانە کە لەنێوان ژەمەکاندا و لەگەڵ نانی بەیانیدا دەخورێت.
ئایدنڵک: لە تورکیا سێ یەکی گەنجان لە ماڵەوەن
بەگوێرەی ئامارێکی نوێی رێکخراوی پەروەردەی تورکی لەئەمساڵدا، لەنێوان گەنجانی تەمەن 18 ساڵ بۆ 24 ساڵ، سێ یەکی گەنجانی تورکیا و باکووری کورستان لە ماڵەوەن، واتە ئەم گەنجانە لە لەناو پڕۆسەی خوێندان نین و هاوکات بێکارن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەم رێژەیە لەنێو ژناندا گەیشتووەتە سەدا ٤١.
زوومى رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز: ملیاردێرێک بۆ یەکەمجار پیاسەیەکی بە ئاسماندا کرد و گوتی جیهانێکی بێ کەموکورتی دەبینم
جێرید ئیزاکمان بازرگانێکی ملیاردێری بواری تەکنەلۆژیای داراییە، لەسەر بودجە و داهاتی خۆی گەشتێکی تایبەتی بە کەپسولی (سپەیس ئێکس) بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجامدا.
دوێنێ لە بۆشایی ئاسمان پیاسەیەکی کرد و گوتی، جیهانێکی بێ کەموکورتی دەبینم.
وێنەکەی ناوبراو لەودیوی هەسارەی زەوییەوە وەک سێبەرێکی خەیاڵی دەهاتەپێشچاو، کە لەودیوی ئەویشەوە گۆی زەوی دەدرەوشایەوە.
لەو چڕکەساتەدا ئیزاکمان 700 کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورکەوتبوەوە. لەوێوە بە سەرسامی سەیرێکی خاکی نیشتمانی مرۆڤەکانی کردووە.
دەیلی تەلەگراف: هاتنی هەر پەنابەرێکی دەست سپی تێچووی 150 هەزار پاوەندی لەسەر بودجەی گشتی دەبێت
مەبەست لە دەستی سپی بریتییە لە کەمیی کارامەیی کارکردن. ئەو کرێکارانەی کە کارامەیی زۆریان نییە. بەهاتنیان بۆ بازاڕی کار داهات و بودجەی زۆر بەفیڕۆدەدەن.
هەریەکەیان دەتوانێت بڕی 150 هەزار پاوەند پارە لە بودجەی گشتی بەفیڕۆ بدات، بەتایبەتییش بۆ ئەوکاتەی کە خانەنشین دەبن.
کەسی بەرپرس لە بڕیاردان لە بودجەی وڵات گوتی تێکڕای تەمەنی ئەو کرێکارە دەست سپییانەی دەچنە ناو بەریتانیاوە و کارامەییان نییە، واتە داهاتی کەمیان دەبێت، کە داهاتیشیان کەم بوو، ئەو موچەیەی لەکاتی خانەنشین بوونیاندا لە حکومەتی وەردەگرن زۆر لەو بڕە پارانە زیاتر دەبێت کە خۆیان وەک باج لەکاتی کاکردنیاندا دەیدەن بە حکومەت.
گەڵف نیوز: لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەزە شەش کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان کوژران
دوێنێ ئیسرائیل لەلایەن زۆربەی ناوەندەکانی دنیاوە سەرکۆنە کرا، بەهۆی ئەوەی هێرشێکی کردووەتە سەر کەرتی غەزە. تیایدا 18 کەس کوژراون، شەش کەس لەو ژمارەیە کارمەندی رێکخراوێکی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون لەناو خوێندنگەیەکدا کاریان کردووە، کە وەک پەناگە بۆ خەڵکی ئاوارەبووی ناوچەکە بەکارهێنراوە. بەڵام سوپای ئیسرائیل لە راگەیاندنەکەی خۆیدا دەڵێت ئەو شوێنەی بۆردوومانی کردووە چەکدارانی حەماسی تێدابووە.
سیدنی مۆرنینگ هیراڵد: نەوەیەکی نوێ ریزیان گرتووە لە ئوستورالیا دەسەڵات بگرنەدەست
وەچەی نوێ خۆیان تەییار کردووە و ئامادەباشییان وەرگرتووە لەناو حکومەتە ناوخۆییەکانی ئوستورالیا دەسەڵات بگرنەدەست.
ئەو کەسانەی خۆیانیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنەکان پاڵاوتووە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 24 ساڵیدایە. لەکاتێکدا نیوەی پاڵێوراوان تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 69 ساڵیدایە.
سبەینێ لە ناوچەی نیو ساوز وێڵز لە ئوسترالیا هەڵبژاردنە گشتییەکان ئەنجامدەدرێن و نەوەیەکی نوێی گەنجی سیاسەتمەداران چوونەتە ناوەوە ئومێدیان هەیە گۆڕانکاری بکەن.