کریستیانۆ ئارەزووى بەردەوامبوونى کاسترۆ لە نەسڕ دەکات و ناوى راهێنەرەکەش لە شاندى یانەکە تۆمارکراوە.
رۆژنامەى مەیدان ئەلڕیازى سعودی بڵاویکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆى پورتوگالى هێرشبەرى یانەى نەسڕ ئارەزووى بەردەوامبوونى لویس کاسترۆى هاونیشتیمانى لە پۆستى راهێنەرایەتى یانەکە دەکات، هەرچەندە کارگێڕى نەسڕ نیازى دوورخستنەوەى راهێنەرەکەی هەیە، بەهۆى ئاستە خراپ و ناجێگیریەکەى تیپەکەوە.
رۆژنامەکە دووپاتیکردووەتەوە، هێشتا کریستیانۆ بیرۆکەى رۆیشتنى کاسترۆ رەتدەکاتەوە، پێشتریش ئەم پێشنیازەى کردووە دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر یانەى ئەهلى لە جامى سوپەرى سعودیە.
هاوکات ناوى کاسترۆ لە سەروى شاندى یانەکە تۆمارکراوە، کە گەشت بۆ عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانى یارییەکەى بەرامبەر یانەى شوڕتە لە چامپیۆنز لیگى ئاسیا لە دواى یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر ئەهلى لە خولى رۆشن، ئەمەش واتاى مانەوەى راهێنەرە پورتوگالیەکە دەگەیەنێت.