هەوڵەکانى پەیوەندیکردنى سێرجیۆ رامۆس بە خولى بەڕازیلەوە شکستیان هێنا، بەهۆى داواکاریە مادییەکانى یاریزانەکەوە.
رۆژنامەى ئیستادیۆ دیپۆرتیڤۆى ئیسپانى بڵاویکردەوە، یانەى بۆتافۆگۆى بەڕازیلى گرنگى بە گواستنەوەى سێرجیۆ رامۆسى بەرگریکارى پێشووى هەڵبژاردەى ئیسپانیا و یانەى سێڤییا دەدات و لە هەفتەى رابردوودا پەیوەندى بە یاریزانەکەوە کردبوو.
رۆژنامەکە ڕوونیکردەوە، دانوستاندنەکانى نێوان هەردوولا شکستیان هێنا، بەهۆى ئەوەى یانە بەڕازیلیەکە رەتیکردەوە بە داواکاریە مادییەکانى رامۆس رازیبێت.
باسى لەوەشکردووە، بۆتافۆگۆ یەکەم یانەى بەڕازیلى نییە شکستى هێنابێت لە گواستنەوەى رامۆس، پێشتریش یانەکانى فاسکۆ دى گاما و فلامینگۆ بەهۆى هەمان هۆکارەوە پاشەکشەیان لە مامەڵەکە کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، یانەى کۆرەنتیانسى بەڕازیلی بیر لە پێشکەشکردنى ئۆفەرێک بە بەرگریکارەکى پێشووترى یانەى ریاڵ مەدرید دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر نییە قبوڵ بکرێت، بەمەش دەبێت رامۆس لە چاوەڕوانى گەڕانەوەدابێت بۆ یاریگاکان.