زووم…
ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 دابەشکرا، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەیەکە خانەنشینان رۆژانە دەچن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان و بەدەست بەتاڵی دەگەڕانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی سلێمانی خانەنشینانی هێزەکانی 70 روویان لە شوێنی وەرگرتنی مووچەکانیان کردووە و لە نۆرەی وەرگتنی مووچەدان.
زوومی سلێمانی ئەوەی لە گەنجینەی دووی سلێمانییەوە زانیوە بڕی سێ ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 تەرخانکراوە.
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تەنها ئەم مانگە مووچەى خانەنشنى هێزەکانى 70 دابەشدەکرێت، بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک دروست ببێت لە ئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و رابردووی هێزەکانی حەفتادایە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، دەبوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی 2020ـەوە ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە بخرانایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی، بەڵام نەکراون.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان تێبینییان هەیە و دەڵێن نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت.