زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پزشکیان دەڵێت، ئێران عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆی دەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى دوژمنێکى هاوبەش
لە دوێنێوە مەسعود پزشکیان، سەرۆکی تازە هەڵبژێرداروى ئێران لە عێراقە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى عێراق چەند کۆبوونەوە و دیداری هەبووە و لە چەند چالاکییەکیشدا بەشداریی کردووە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق بە ئاشکرا پێى گوتووە عێراق نابێتە سەرچاوەى مەترسی بۆ سەر ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى عێراقیش رایگەیاندووە، دەیان بارەگاى حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێرانیەکانیان داخستووە و لە سنوورەکان دوریانخستوونەتەوە.
ئەعرەجی رایگەیاندووە، پلانیان هەیە بۆئەوەى ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانە ببەنە وڵاتى سێیەم و لەوێ نیشتەجێیان بکەن، بەبێ ئەوە ناوى وڵاتەکە بهێنێت، پزشکیانیش لە زۆرینەى دیدارەکانیدا جەختى کردووەتەوە ئێران عێراقێکى بەهێز و سەربەخۆى دەوێت.
سەباح
ئەمڕۆ هەڵبژاردنى ئەزموونى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەدەچێت
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە چەند وێستگەیەک ئەزموونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت بە ئامادەکردنى چەند لیست و ناوێکى وەهمی بۆ ئەوەى بزانرێت کێشە لە ئامێرەکان و بەڕێوەچوونى پرۆسەکەدا نییە.
ئەوە لەکاتێکدا لەمانگى ئابدا لە 181 وێستگەدا هەمان پرۆسە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک کێشە و گرفتى بچووک دەستنیشانکران و لەو ماوەیەشدا کۆمسیۆن سەرقاڵی چارەسەرکردنیان بووە.
بڕیارە لە 20ـى مانگى داهاتوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت و لە حەوت هەزار وێستگەى دەنگداندا 42 هەزار فەرمانبەر بەڕێوەى ببەن.
عەرەب
لە دواى دروستبوونى کێشە لە پرۆژە ئەتۆمیەکەیدا لەگەڵ ئەڵمانیا، تورکیا بەدواى جێگرەوەدا لە چین دەگەڕێت
ئەڵب ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزەى تورکیا رایگەیاند، پرۆژەى بەگەڕخستنى وێستگەى ئەتۆمى وڵاتەکەیان دواکەوتووە لەبەرئەوەى کۆمپانیاى سیمنسى وزەى ئەڵمانى نەیتوانیوە کارەکانى ئەنجام بدات و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکات، بۆیە بۆ بەڕێوەچوونى کارەکانیان روویانکردووەتە وڵاتى چین، بەیرەقدار راشیگەیاندووە، پاساوى ئەڵمانیەکان باوەڕپێهێنەر نەبووە لای ئەوان، بەڵام ئەوان باوەڕیان وایە هۆکارەکەى سزادانى کۆمپانیای روس ئەتۆمی روسییە، کە ئەڵمانیەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردون.
دەڵێت، هەرچەندە ئەردۆغان ئۆڵاڤ شۆڵتزى راوێژکارى ئەڵمانیاى لە کێشەکە ئاگادار کردووتەوە، بەڵام نەتوانراوە چارەسەربکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەى کە وێستگەى ئەتۆمی ئۆکیۆى تورکى لە کاتى خۆیدا نەکرێتەوە.
بەگوێرەى سەرچاوەکان تورکیا لە سەرەتاى ساڵی 2013ـەوە بە پەرۆشەوە سەرقاڵی دروستکردنى وێستگەیەکى ئەتۆمییە و بریارە لە کۆتایی ساڵی 2028ـدا کارەکانى تەواوکرابێت.
بەگوێرەى رۆژنامەکە پرۆژەکە 20 ملیار دۆلارى بۆ تەرخانکراوە، کە لە چوار وێستگەى ئەتۆمى لەخۆدەگرێت و چوار هەزار و 800 مێگاوات کارەبا دابیندەکات، کە دەکاتە یەک لەسەر دەى هەموو کارەباى تورکیا.
بەیرەقدار رایگەیاندووە، ئەو پێداویستییانە لە ماوەیەکى کەمدا دەگاتە وڵاتەکەیان بەبێ ئەوەى ئاماژە بەناوى کۆمپانیا چینییەکان بدات.
مەدا
رێکخراو و رۆژنامەنووسان شەڕی شەفافیەت دەکەن و داواى هەموارکردنەوەى یاساى بەدەستهێنانى زانیاریی دەکەن
وسام جەعفەر، سەرۆکی رێکخراوى ویسال بە رۆژنامەى مەداى راگەیاند، رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و رۆژنامەنووسان هەڵمەتێکى گەورەیان راگەیاندووە، بۆ ئەوەى لەبەردەم هەموارکردنەوەى یاساى بەدەستهێنانى زانیارییدا بوەستن، کە هەندێک لایەن و پەرلەمانتار دەیانەوێت تێیپەڕێنن.
بەگوێرەى گوتەکانى وسام لەو پرۆژەیەدا چەند مادە و بڕگەى مەترسیداری تێدایە، کە دیموکراسیەت لەکەدار دەکات و رێگریی دەکات لە دەستگەیشتن بە زانیاری بەتایبەتى ئەوانەى کە پەیوەندییان بە ژیانى خەڵکەوە هەیە لەژێر پاساوى ئاسایشى نیشتمانى و بەرژەوەندى گشتیدا و ئەگەر ئەو پرۆژەیە بڕیاری لەسەر بدرێت لە پەرلەمان هەموو بەڕێوەبەرێکى گشتى یان بەرپرسێک دەتوانێت زانیاری نەدات بە رۆژنامەنووسان بەو پاساوانەى ئاماژەیان پێکراوە.
دەڵێت، ئەگەر رۆژنامەنووس دەستى بگات بە هەواڵێک و بڵاوى بکاتەوە لە پرۆژەیاساکەدا سزاى دارایی و زیندانى بەسەردا دەسەپێنرێت و تاوانبار دەکرێت بە دەستبردن بۆ ئاسایشى نیشتمانى و ئەوەش پێچەوانەیە لەگەڵ مافى مرۆڤ و یاساى کاری رۆژنامەوانى .
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی ئێكسپرێس
لەفاف و لەزگە لە نەخۆشخانەکان نەماون؛ ئەمە چاکسازییە یان مردنی کەرتی تەندروستی؟
پاش ئەوەی راپۆرتێک بڵاوبووەوە لەسەرئەوەی کەرتی تەندروستیی بەریتانیا و خزمەتگوزارییەکانی لە لێواری قەیرانێکی راستەقینەدان، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران قسەی لەبارەوە دەکات و دەڵێت، پێویستە چاکسازی لەو کەرتەدا بکەین، ئەگەر وانەکەین دەکەوێت.
ئەو راپۆرتە دەڵێت، خزمەتگوزارییەکانی ئەو کەرتە زۆر خراپ بوون. وەک ئەوەی ئەگەر ئێستا بۆ دابینکردنی فریاگوزارییەکی بەپەلە روویان تێبکەیت، چەندجاری یەک لەدوای یەک دەتگەڕێننەوە بۆئەوەی جاری دیکە سەردانیان بکەیت. بە ئاسانی پزیشکێکی گشتی یان دانسازێکت دەست ناکەوێت، تێکڕای مردن بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەنێو بەریتانیادا لە وڵاتەکانی دیکەى هاوشانی بەرزتربووە.
فاینەنشیەڵ تایمز
پاش ئەوەی دەستەکەی ترەمپ لە دیبەیتەکەدا بە خراپی بەزین، جارێکی دیکە هەوڵدەدەنەوە هەستنەوە سەرپێ.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو حەپەساوە و دەڵێت، فێڵم لێکراوە. لایەنگرانی کۆمارییەکانیش ترسی ئەو گۆڕانکارییانەیان لێنیشتوە، کە لە راپرسییەکاندا روویانداوە و لە بەرژەوەندیی هاریس شکاونەتەوە.
نمایشی ترەمپ لە دیبەیتە راستەوخۆکەدا لە بەرامبەری هاریسدا باش نەبوو، بۆیە دەستەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی دەزانن جەماوەری دەنگدەری پارتەکەیان بێزار بوون. چونکە پاڵێوراوەکەیان لە وەڵامدانەوەدا باش نەبوو، گوتاری روونی نەبوو ئاراستەی بکات، بۆیە گریمانی ئەوە زۆرە دیبەیتەکەی شەوی سێشەممە زیان لە ترەمپ بدات.
دەڵێت، خۆشی هەستی بەوەکردووە، بۆیە دەبێت ئێستا کار بۆئەوە بکات جارێکی دیکە هەستێتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەگەری هەیە چەند کاربەدەستێکی پلەنزمی ئێرانی وا لە وڵاتەکەی خۆیان بکەن رێککەوتننامەی ئەتۆمی پێشێل بکات
سەرۆکی پێشووی سێنتکۆم بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی گوتووە چەند بەرپرسێکی پلەنزمی ئێرانی کار لەسەر ئەوە دەکەن بەبێ پرسکردن و گەڕانەوە بۆ بەرپرسانی گەورەتر رێککەوتنی بەرهەمنەهێنانی چەکی ئەتۆمی پێشێل بکەن. رەنگە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەیان پرس بە عەلی خامنەئیی رێبەری باڵای وڵاتەکەشیان نەکەن.
جەنەراڵ کینیز فرانک مەکەنزی سەرۆکی پێشووی سێنتکۆم و پەیمانگای ئاسایشی جوومەزهەب بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەمریکا (جینسا) ئەم زانیارییەی بۆ رۆژنامەکە دووپات کردووەتەوە.
لەو دیدارەدا گوتویەتی، پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو ئێراندا بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قۆناغی زۆری بڕیوە.
عەرەب نیوز
ئیسلامییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئوردندا دەبووژێنەوە
ژمارەی کورسییەکانی گرووپی ئیخوان موسلمین لەنێو پەرلەمانی ئوردندا بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە.
پارتەئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکەی ئوردن توانیی لە 138 کورسیی پەرلەمانی وڵاتەکەیان 31 کورسی مسۆگەر بکات.
رۆژی چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئوردن بە ساغکراوەیی راگەیەندران و دڵنیایی درا لەوەی کورسییەکانی پارتی ئیخوان موسلمین بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە.
بەرەی چالاکیی ئیسلامی بریتییە لە باڵی سیاسیی رێکخراوی ئیخوان موسلمین لە ئوردن، توانیویەتی ژمارەی کورسییەکانی خۆی لە پەرلەماندا بۆ سێ هێندەی هەڵبژاردنی پێشوو بەرزبکاتەوە. بەمەش ئەم پارتە دەبێت بە یەکەمین پارتی تەنها، کە هەر خۆی ئەو ژمارە زۆرەی کورسی بەدەستبهێنێت.
وائل ئەلسەقا، سەرکردەی ئەو حزبە گوتی، خەڵکی ئوردن متمانەی خۆیانیان داوە بە ئێمە، ئەمەش ئاستی بەرپرسیارێتیی ئێمە بەرزتر دەکاتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
یەکگرتوویی زمان لە جیهانی تورکیدا بەدی دێت
ئەنجومەنی دەزگای دەوڵەتانی تورکی (ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی تورک زمان کە پێکهاتوون لە ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغزستان، ئۆزبەکستان و تورکیا، ئەندامانی چاودێر، هەنگاریا، بەشە تورکیەکەی قوبروس و تورکمانستان) لە کۆبوونەوەیاندا سەبارەت بە یەکگرتنی زمانەکان، 34 پیتیان دیاری کردووە بۆ بەکارهێنان.
ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان کۆبوونەوە، بڕیاریان داوە هەموو پێکەوە بچنە سەر بنچینەی بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی و 34 پیت بەکاربهێنن. جگە لەو پیتانەی لە تورکیدا بەکاردێن، بڕیار دراوە پێنج پیتی دیکە زیاد بکرێت.
پرۆفیسۆر دکتۆر حەیاتی دەڤەلی ئاماژە بەوە دەکات زیادکردنی ئەو پیتانە بۆ زمانەکان ئاسانکاری لە خوێندنەوەی مەتنی نوسینەکاندا دەکات.
یەنیشەفەق
لە تورکیا بەگوێرەى داهات پسوڵەی کارەبا و غاز دیاری دەکرێت
ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیا رایگەیاند، لە هاتنەوەی پسووڵەی کارەبا پاڵپشتی دەوڵەت بەرێژەی 60% بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت و لەم بارەیەوە مۆدێلێکی نوێ دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو وەزیرە ئاماژە بەوە دەکات بەگوێرەى گەورە و بچووکی ئەو ماڵەی هاووڵاتی تێیدا نیشتەجێیە، هاوکات ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردارە و خانەنشینن، بەشێوەیەکی تایبەت حسابیان بۆ دەکرێت.
قەرار
ئیمامئۆغڵو دەڵێت، مافخوراوی تاوانێکم کە لە راستیدا بوونی نییە
پارێزەرانی ئەکرەم ئیمائۆغڵو، سەرۆکى گەورەشارەوانى ئەستەنبوڵ لەسەر سکاڵایەک، کە ئێستا لە دادگای پێداچوونەوەیە، لەسەر بڕیاری سزادانی ناوبراو بە دوو ساڵ بەگوێرەى یاسای سزادانی تورکی مادەی 125 لە بڕگەی سێی ئەی، ئاماژە بەوە دەکەن ئەو بڕگەیە دژی دەستوورە.
ئیمامئۆغڵو خۆی بە مافخوراو دەزانێت و دەڵێت، من بە تاوانێک تۆمەتبارم کە بوونی نیە. سکاڵایەک لەو چەشنە ناکرێت تەنانەت باسیشی لێوەبکرێت.
ئاکشام
ئەردۆغان دەڵێت، رادەستکردنەوەی دوورگەی کریمیا بە ئۆکراین، پێویستیەکی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا
ئەردۆغان پەیامی بۆ چوارەمین هەمین لوتکەی پلاتفۆرمی کریمیا نارد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان وەک تورکیا پاڵپشتیەکانیان لە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و ئۆکراین بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان دەڵێت، کێشەی کریمیا کە تورکیا داننانێت بە جیابوونەوەیدا و دژی ئەو پرسەیە، بووەتە هۆی زیادکردن و قوڵبوونەوەی کێشەکان و هیواخوازین ئەو جەنگەی هەڵگیرساوە بە ئاشتیەکی دادپەروەرانەو بەردەوام کۆتایی بێت.