زووم..
بەشێک لە کوردانی تاراوگە لە وڵاتی ئەڵمانیا، نامەیەکیان ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، کە تایبەتە بەو فشارانەی خراوەتە سەر کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کەمپەکانی هەرێم و داوای راگرتنی فشارەکان دەکەن.
لە نامەکەدا، بەشێک لە کوردانی تاراوگە لە وڵاتی ئەڵمانیا نووسیویانە، دەبێت بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واز لە “شوێنی ئێستا و درێژماوەی مانەوەی کوردانی رۆژهەڵات بهێنن و ئاسایش و ئەمنییەتیان بپارێزن”.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، کوردانی تاراوگە نووسیویانە، وێڕای سەرکۆنەکردن و ئیدانەکردنی رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بە لایەنی ئێرانی، هۆشداری دەدەن، کە ئەو کارە کاردانەوەی دەبێت و کاریگەریشی لەسەر جەماوەری خۆشتان دەبێت.
ئەوان روونیانکردووەتەوە، کە ماوەی ٣٠ ساڵ زیاترە، کوردانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان خۆیان بە خاوەماڵ دەزانن، بەڵام بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەبنەوە، بۆیە دەبێت کۆتایی بەو کردەوانە بهێنرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران، کوردانی رۆژهەڵات لە کەمپی زڕگوێز و زڕکوێزەڵە دوورخرانەوە و برانە کەمپی سوورداش، کە کەمپێکی نوێیە بۆ کوردانی رۆژهەڵات دروستکراون.