زووم..
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات، بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد و لەلایەن سودانی پێشوازی لێکرا، دواتر لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆککوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەل لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئاژانسی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، پزشکیان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی بە سنووری نێوان وڵاتانی ئیسلامی لابەرین هاوشێوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەبارەی کۆبوونەوەی سودانی و پزشیکان بڵاویکردەوە، سەرۆککۆماری ئێران نامەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵاتەکەی رادەستی سودانی کردووە و سوپاسی کردووە لە پای پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی.
مەسعود پزشکیان، سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابووری دەکات و سێ رۆژ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
پزشکیان لە گەیشتنی بۆ بەغداد سەردانی شوێنی کوژرانی قاسم سولێمانی کرد و بڕیارە بچێتە بەسرە، نەجەف و کەربەلا و هەروەها لەسەر بانگهێشتی فەرمی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێر و سلێمانیش دەکات.