زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
سەرۆکی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ هەڵگرتنى گەمارۆ موشەکییەکەی سەر ئۆکراین دەکات
بۆئەوەی ئۆکراین بتوانێت بەرامبەر بە هەڕەشەکانی روسیا و ئێران بوەستێتەوە، ئەگەری ئەوە هاتووەتەپێش ئەو گەمارۆیەی لەسەر هەڵبگیردرێت، کە رێگای پێنادات موشەکی ستۆرم شادۆ بەکاربهێنێت.
موشەکی ستۆرم شادۆ دروستکراوی بەریتانیایە، لەوانەیە ئەم هەفتەیە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێک دەستی سوپای ئۆکراین واڵا بکات، کە بتوانێت بۆ لێدانی روسیا بەکاریبهێنێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی ئەمریکا و بەریتانیادا لەپاش ئەوەوە دێت بۆیان دەرکەوتووە ئێران چەکی بۆ روسیا دابینکردووە و موشەکی بالیستیی داوەپێی و گریمانی ئەوەش هەیە، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا روسیا ئەو موشەکانەی ئێران بۆ لێدانی ناو ئۆکراین بەکاربهێنێت.
تایمز
بەریتانیا هەندێک زیندانی ئازادکردووە، دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو زیندانەکان
کۆمەڵێک تاوانبار هەن لەنێو ئەو 1650 کەسەدان، کە دوێنێ بە بڕیارێک ئازادکران.
ئەم تاوانبارانە گوتویانە کە شوێنی مانەوەی خۆیانیان نییە بۆی بگەڕێنەوە، بۆیە بیر لەوەدەکەنەوە بچنەوە نێو زیندانەکانی پێشوویان. بۆیە شەبانە مەحمود وەزیری دادی بەریتانیا ناچار بوو بڕیار بدات لەسەر بودجەی وەزارەتی داد ئوتێلیان بۆبگرێت بۆئەوەی هەریەکەیان بتوانن ماوەی سێ مانگ لە ئوتێلدا بمێننەوە هەتا ئەوکاتەی ئاژانسەکانی نیشتەجێکردن بتوانن خانوویان بۆ پەیدابکەن.
دەیلی مەیل
کێ دەنگی بە هەموو ئەم بڕیارانە داوە؟
رۆژنامەی دەیلی مەیل بە زمانێکی تووڕە باسی بڕیاری حکومەتەکەی ستامەر بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان دەکات، دەڵێت ئەم زیندانییانەی کە خۆیانیان لە شەراب و خواردنەوەکان هەڵژەندووە تاوانباری ئەنجامدەری تاوانی قورس و دزیکردن و فرۆشتنی مادەهۆشبەرەکانن، بۆئەوە بەریانداون ببن بە دەنگدەری پارتی کرێکاران.
خەڵک دەڵێن، ستامەر دزی لە خانەنشینکراوان دەکات، کەچی دوێنێ دزەکانی ئازادکردووە بۆئەوەی ببن بە دەنگدەری پارتی کرێکاران، ئەوەی روودەدات شەرمە بۆ ئەو حزبە.
گەڵف نیوز
ئوسترالیا دەیەوێت بەکارهێنانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵان قەدەغە بکات
بیر لەوە دەکەنەوە ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خواری 14 بۆ 16 ساڵەوەیە رێگەیان پێنەدرێت بچنە نێو ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بەکاریبهێنن.
رەنگە ئوسترالیا قەدەغە بخاتە سەر منداڵان و لەمەودوا نەتوانن ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، کەمترین تەمەنی رێگەپێدراو بۆ بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانە بریتی بێت لە 16 ساڵ.
دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەداوە بڕیارێکی لەوشێوەیە دەربکات. دامەزراوە دەستووریەکانی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکەن ئامادەکاری دەکەن رێوشوێنە یاساییەکانی ئەو بڕیارە بخەنە سەرپێ و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
کڵچدارئۆغڵو دەڵێت، ئاساییبونەوەى پەیوەندی سیاسیی لەنێوان جەهەپە و ئاک پارتی روونادات
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە رایگەیاند، جەهەپە و ئاک پارتی رکابەری سیاسیین، بۆیە نابێت چاوەڕێ بکرێت ئاساییبونەوەى پەیوەندی سیاسیی لەنێوانیان رووبدات.
ئەم گوتەیەی کڵچدارئۆغڵو بۆ وەڵامی ئاک پارتی بوو، کە پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو دەستپێشخەری بۆ ئاساییبونەوەى پەیوەندی سیاسیی لەنێوان لایەنەکان دەدەن.
کڵچدارئۆغڵو لەبارەى پەکەکە و یەپەگە تێڕوانینی خۆی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، یەپەگە پێشتر بوونی نەبوو، لەپاش رووداوەکانی سوریا یەپەگە دروستبووە.
یەنی شەفەق
بافڵ تاڵەبانی کەسانی چواردەوری پڕچەک دەکات
رێککەوتنی نێوان تورکیا و عێراق بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە و هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسۆنی سەربازیی دژ بە پەکەکە و دواتریش ناساندنی پەکەکە بە رێکخراوێکی قەدەغەکراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بافڵ تاڵەبانی نیگەران کردووە.
بافڵ تاڵەبانی لە سنووری سلێمانی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ پەکەکە بەردەوامە. رۆژنامەکە دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی لەئێستادا سەرقاڵى ئەوەیە ئەو عەشیرەت و گرووپانە پڕچەک بکات، کە لە ناوچەکە نزیکن لە خۆیەوە.
تورکیا لەبەرامبەر ئەم کارەی بافڵ تاڵەبانی، پێکهاتە سەربازییەکی خۆی لە ناوچەکە ئاگادارکردووەتەوە.
ئاکیت
رێژەى بێکاری لە تورکیا 8.8%ـى تۆمارکرد
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، رێژەى بێکاریی لە تورکیا لە مانگی تەمموزدا گەیشتووەتە 8.8%.
بەگوێرەى ئامارەکان رێژەى بێکاری لە تورکیا بە بەراورد بە مانگی پێشووتر 9.4% کەمی کردووە.
وەزیری بازرگانی راشیگەیاندووە، لە مانگی تەمموزدا هەناردەى کاڵای تورکی بۆ دەرەوە زیادی کردووە و هاوردە لە دەرەوە بۆ تورکیا کەمتر بووەتەوە.
سۆزجو
بۆ دادپەروەریی هانا بۆ جەهەپە دەبەن
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە 101 مین ساڵیادی دروستبوونی پارتەکەیدا پێشوازی لەو هاووڵاتیانە کرد، کە کەسوکاریان کوژراون و تائێستاش تاوانیاران سزا نەدراون یان دۆسیەکەیان یەکلانەبووەتەوە.
کەسوکاری کوژراوەکان داوای دادپەروەریی دەکەن.
سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندووە، هەمووان پێکەوە کار دەکەین بۆئەوەى دادپەروەری بۆ تورکیا بگەڕێنینەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
پزشکیان ئەمڕۆ لە بەغداد واژۆی یاداشتى لێکتێگەیشتنى هاوبەش دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ رۆژنامەى سەباح: چاوەڕوانى ئاسۆی فراوانتر لە عێراق دەکەین.
لە یەکەم لێدوانیدا بۆ میدیا عێراقی و عەرەبییەکان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، عێراق بۆ ئێران لە تەنها وڵاتێکی دراوسێ زیاترە، ئەوەش بە چاوپێداخشانەوە بەو پەیوەندییە مێژوویی و ریشەییەى هەردوو گەلانى وڵات هەیانە، ساڵانى رابردووش هاوکاریی و هەماهەنگییەکانى نێوان هەردوو ووڵات ئەوەى سەلماندووە.
ئەم لێدوانانەى عێراقچی بۆ رۆژنامەى سەباح، لە سەروەختى سەردانە چاوەڕوانکراوە گرنگەکەى مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێراندایە بۆ عێراق، کە بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە بەغداد و عێراقیش دەبێتە یەکەمین وێستگەى سەردانى دەرەکى سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەنجامدانى هەڵبژاردن و پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتەکەى پزشکیان.
شەرقلئەوسەت
11ـی سێپتەرمبەر، رابردوویەک کە عێراقی خوێناوی کرد و ئێستایەک هەڕەشە لە ئەفغانستان دەکات
یادەوەری هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری ساڵی 2001 بۆ سەر ئەمریکا، هەرچەندە بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە گرنگی خۆی لەدەستداوە، بەڵام تائێستاش کاریگەرییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا زیندوو ماوەتەوە.
شەرقلئەوسەت لە یاداشتەکانى رابردووەوە، چیرۆکی کۆبوونەوەیەکی شکستخواردوو وەبیردەهێنێتەوە، کە جۆرج بوش، سەرۆکی ئەوکاتى ئەمریکا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ داگیرکردنی عێراق بەکاری هێنا.
کۆبوونەوەکە لە خەرتومی پایتەختى سودان، لەنێوان ئوسامە بن لادن، رابەرى رێکخراوی قاعیدە و فاروق حیجازی، بەرپرسی ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکان لە دەزگای هەواڵگریی سەدام حسێنی سەرۆککۆماری عێراق و بەنێوەندگیریی حەسەن تورابی، سەرکردەی ئیسلامی سودان ئەنجامدرا.
قودسی عەرەبی
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان ماڵێک بەپێوە نامێنێتەوە
حزبوڵای لوبنان راگەیەنراوێکی سەبارەت بە بۆردومانی باکووری ئیسرائیل بە دەیان موشەکی جۆری کاتیۆشا بڵاوکردەوە، ئەوەش لەسەر کوشتنی سەرکردەیەکی ریزەکانی لە هیرشێکی ئیسرائیلدا بۆ رۆژهەڵاتی لوبنان، وەک ئەوەى ئاژانسی فرانس پریس بڵاویکردووەتەوە.
هەڵکشانى گرژییەکان لە سنورەکانى نێوان لوبنان و ئیسرائیل و لەناوخۆی لوبنان بەردەوامە، ئەوەش لە پەراوێزى ئەو ئۆپراسیۆنانەى ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنى سەرکردەکانى حزبولای لوبنان پیادەى دەکات.
رۆژنامەى یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی، لەزاری بەرپرسێکى باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر سوپای ئیسرائیل جەنگ دژی لوبنان بەرپابکات، ئەوە ماڵێک نامێنێتەوە لە لوبنان بۆ ئەوەى بگەڕێیتەوە بۆی، ئەوەش بە مانای ئەوەی خانوویەک بەسەر پێوە ناهێڵێت.
مەدا
تورکیا زیاتر لە 25 هەزار جار سەروەریی عێراقی پێشێلکردووە
سوپای تورکیا لە دوای ساڵی 2002ـەوە، زیاتر لە 25 هەزار جار سەروەریی خاکی عێراقی پێشێلکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی دژی گرووپە چەکدارییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەم پێشێلکاریانە لەژێر رۆشنایی زیادبوونی گرژییەکانى نێوان بەغداد و ئەنقەرەدایە، چونکە تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکاتە ئامانج، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
مەسعود پزشکیان یەکەم گەشتی دەرەکی ئەنجام دەدات
گەشتی پزشکیان بۆ عێراق وەک یەکەمین گەشتی دەرەوەی سەرۆککۆمار تیشک دەخاتە سەر گرنگی ستراتیژی عێراق لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا.
سەردانەکە چوار میحوەری سەرەکیی هەیە کە بریتین لە پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە – شەلەمچە، دەستڕاگەیشتن بە داهاتی بلۆککراوی هەناردەی ئێران، یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی عێراق بە ئێران و رێککەوتنێکی ئەمنی سەبارەت بە گرووپە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران.
ئەبرار
77 بنکەی گرووپە کوردییەکان لەسەر سنووری ئێران و عێراق چۆڵکران
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، 77 بنکەی گرووپە کوردییەکان لەسەر سنووری ئێران چۆڵکراون و رادەستی پاسەوانی سنووری عێراق کراون.
ئەعرەجی جەختی کردەوە، عێراق هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو گرووپانە بۆ وڵاتی سێیەم بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی لەسەر ئێران و عێراق.
ئەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەدا گیراوەتەبەر کە لەنێوان ئێران و عێراق واژۆ کراوە.
جومهوریی ئیسلامی
دوو ملیۆن بیانی لە ئێران دیپۆرت دەکرێنەوە
بەرپرسی پۆلیسی ئێران ناردنەوەی دوو ملیۆن هاوڵاتی بیانی نایاسایی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ راگەیاند.
ئەحمەد رەزا رادان، جەختی کردووەتەوە هەوڵ دەدرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی بەرچاو لەو بیانییە بێ مۆڵەتانەی بوونیان لەو وڵاتە نایاساییە، ئێران بەجێبهێڵن.
دەڵێت، هەموو هاووڵاتییە بیانییە نایاساییەکان دەستنیشانکراون و پێویستە بە زووترین کات وڵات بەجێبهێڵن و ناردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بەمزووانە جێبەجێ دەکرێت، کە زۆرینەیان خەڵکی ئەفغانستانن.
خوب
ناسر کەنعانی دەڵێت، دوورگەکانى ئەبو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک هەرگیز لە ئێران جیا نابنەوە
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران دەڵێت، سێ دوورگەی ئێرانی ئەبو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک بەشێکی دانەبڕاو و هەمیشەیی لە خاکی ئێرانن.
دەڵێت، وێڕای شەرمەزارکردنی راگەیەندراوى کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، لێدوانەکانی سەبارەت بەم دوورگانە رەتکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەر جۆرە گوشارێکی بۆ سەر ئێران بەبێ کاریگەر ناوبرد و پێشوازیی لە نزیکبوونەوەی حکومەتی نوێی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی کرد.