لە شاری مۆمبای هیندستان، پەتای سورێژە لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا رۆژى چوارشەممە، 233 حاڵەت تۆمارکراوە و لانیکەم 12 منداڵیش گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانى تەندروستى شارەکە دەڵێن، حاڵەتەکانى توشبون و مردنى منداڵان بە نەخۆشییەکە، بەراورد بە ساڵى رابردوو سێ هێندە زیادى کردووە، چونکە ساڵی رابردووە تەنها 92 حاڵەتی توشبون و دوو حاڵەتی مردن تۆمارکرابوون.
بەرپرسانی تەندروستى شارى مۆمباى ئاشکرایان کردووە، دوایین حاڵەتى مردن، رۆژی سێشەممە بووە، کاتێک منداڵێکی هەشت مانگ سەرەڕای ئەوەی ژەمێکی کوتانیشى وەرگرتبوو، بەڵام گیانی لەدەستداوە.
لە ئەگەری بەرکەوتن، لە هەر 10 کەسێک نۆ کەس ئەگەرى توشبوونیان بە نەخۆشییەکە هەیە
سورێژە نەخۆشییەکی گوازراوە و تواناى گواستنەوەى زۆر خێرایە، تەنانەت خێراتر لە کۆرۆناش دەگوازرێتەوە، لە ئەگەری بەریەککەوتن لەگەڵ کەسى توشبودا، لە هەر 10 کەسێک نۆ کەس ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکە هەیە، ئەگەر پێشتر کوتان ئەنجام نەدرابێت.
لە ئەگەرى توشبون بە سورێژە هەڕەشەى جدى لەسەر دۆخی تەندروستی دروست دەبێت، بەتایبەت لەنێو منداڵانی کەمتر لە تەمەنی پێنج ساڵدا.
دیارترین نیشانەکانى نەخۆشییەکە: کۆکە، پەڵە و تایە، دەتوانرێت بە دوو ژەمی ڤاکسینی کۆکە، یان ڤاکسینى سورێژە و روبێلا (MMR) رێگری لێبکرێت.
بەگوێرەى ئامارەکانی یونیسێف، لە ساڵی 2020دا، 23 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لە ڤاکسینە سەرەتاییەکانی منداڵان بێبەش بوون، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە کە لە ساڵی 2009ەوە تۆمارکرابێت و 3.7 ملیۆن زیاترە لە ساڵی 2019.
دەسەڵاتدارانی شاری مۆمبای دەڵێن، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە کاتی خۆیدا کوتانی سورێژەیان وەرنەگرتووە.
مانگالا گۆمارێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەندروستی شاری مۆمبای بە رۆژنامەی “ئیندیەن ئێکسپرێسی” راگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ هەموو ئەم منداڵانە دەکەن و کوتانی منداڵان کاری لەپێشەینەیان دەبێت.
بەهۆی دڵەڕاوکێ سەبارەت بە ڤاکسینەکانی منداڵان، توشبون بە نەخۆشییەکە زیادیکردووە
بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، بەهۆی بوونی دڵەڕاوکێ سەبارەت ڤاکسینەکانی منداڵان لەلایەن دایکان و باوکانەوە، خەریکە وردە وردە ژمارەی توشبون بە نەخۆشى سورێژە لە جیهاندا لەنێو منداڵاندا زیاد دەکات.
شریا سالڤی، خۆبەخشی تەندروستی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لە دوای کوتان، هەندێک لە منداڵان تووشی تایەکی سوک دەبن و ئازار لە شوێنی لێدانی دەرزییەکە دروست دەبێت، بۆیە دایک و باوکان رێگەیان پێنادەن منداڵەکانیان بکوتن.