زووم..
بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرجەم گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی هەشتیان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی.
ئەشرەف فازل بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی بە زوومی راگەیاند، لیستی مووچەی مانگی هەشت لە لایەن گەنجینەکان بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە و لە ئێستادا ئامادەکاری لیستی مووچەی مانگی نۆیان دەستپێکردووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە زوومی گوت: لە ئێستادا وەزارەتی دارایی وردبینی لە لیستەکان دەکات، بۆئەوەی لە کۆتایی هەفتە لیستەکە رەوانەی بەغداد بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو رۆژى رابردوودا، ئەنجومەنى وەزارى ئابوورى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لە هەولێر چەند کۆبوونەوەکیان کرد و بە گوتەى گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەردوولا لەسەر پرسى موچە رێککەوتوون و رێککەوتنەکەش بە شێوەیەکە، کە حکومەتى عێراق تا کۆتایی ساڵ پابەندە بە ناردنى مووچەى فەرمانبەران، لە بەرامبەردا حکومەتى هەرێم تا ئەو وادەیە کەموکوڕییەکانى لیستى مووچە چارەسەر دەکات.