زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
یەکێتیی ئەوروپا داوای 800 ملیار یۆرۆ دەکات بۆ پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی
یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازی سیاسەتێکی نوێی ئابووری دەکات و ئەجێندای نوێی هەیە، دەیەوێت بەرهەمی خۆی لە بواری پیشەسازیدا باش و زۆر بکات.
ماریۆ دراگی، داوای گرتنەبەری ستراتیژێکی پیشەسازییانەی نوێ دەکات بۆ یەکێتیی ئەوروپا ، لەم رووەوە داوای کرد ئاستی بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی پیشەسازی بەرزبکرێتەوە بۆ 80 ملیار یۆرۆ لە یەک ساڵدا، بۆئەوەی پەرە بە کەرتی پیشەسازیی یەکێتییەکە بدرێت و ئەو قۆناغە تێبپەڕێندرێت، کە هەمیشە ئەوروپا لە دواوەی چین و ئەمریکاوەیە.
دراگی ئابووریناسێکی بواری دارایی ئیتاڵییە و ماوەی ساڵێک سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بووە، ئێستاش لە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لەنێو یەکێتیی ئەوروپا کاردەکات.
ئۆرشەلیم پۆست
باوکێکی ئیسرائیلی بە نەتانیاهۆ دەڵێت، ئەو تونێلەی کوڕەکەمى تێدا کوژرا، تۆ دروستتکرد
لەوکاتەوە شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەزە دەستیپێکردووە خەم و خەفەت یەخەی خەڵکی ئیسرائیل بەرنادات.
رۆژی دووشەممە کەشێکی دەروونی کارتێکەر دروستبوو، کاتێک ئێڵخانان دانینۆ، باوکی ئۆری دانینۆ لەبۆنەی پرسە و بەخاکسپاردنی کوڕە کوژراوەکەیدا بە نەتانیاهۆی گوت ئەو تونێلە سەربازییەی تۆ دروستتکردووە بووەهۆی کوژرانی کوڕەکەم.
ئۆری کوڕی ئێلخانان سەربازی ئیسرائیل بووە، لەنێو یەکێک لە تونێلەکانی سوپای ئیسرائیلدا کوژراوە و نەتانیاهۆش چووە بەشداریی پرسەکەی بکات. ئەو گوتەیەی ئێلخانان لە رووی نەتانیاهۆی داوە ئاماژەیەکە بۆ ئەو تووڕەیی و بێزارییەی لەنێو کەسوکاری قوربانییەکانی شەڕدا لە دژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دروستبووە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستەڵاتەکەی ئەویش دەکەن.
عەرەب نیوز
لە غەزە نەوەیەک سەرگەردان بوون
دوێنێ دووشەممە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات، وەچەیەکی سەرگەردان لە منداڵانی غەزە هەن، بەهۆی شەڕی ئیسرائیلەوە لەنێو کەرتی غەزە لە وەرگرتنی خوێندن و پەروەردەکردن بێبەش بوون.
دوێنێ دووشەممە ساڵی نوێی خوێندن لەنێو خاکی فەلەستیندا دەستیپێکرد، بەڵام هەموو خوێندنگەکانی نێو کەرتی غەزە بە داخراوی ماونەتەوە.
رێژەی 90%ـى تەواوی خوێندنگەکان وێرانکراون، بۆ ئەمساڵ 625 هەزار منداڵ لەو کەرتە ناویان تۆمارکراوە بچنە بەر خوێندن، بەڵام 58 هەزار منداڵی دیکەش ماون، کە تەمەنیان شەش ساڵە و دەبێت ناویان تۆمار بکرێت و بچنە بەر خوێندن و نەچوون.
بینینی منداڵان بە بەرگی جوانی خوێندنەوە، کە بۆ یەکەم رۆژ دەچنە بەر دەرگای خوێندنگەکان رۆژی ئاهەنگ و خۆشییە، بەڵام زۆر منداڵی فەلەستینی خەوی پێوە دەبینن و دەستیان پێی ناگات.
دەیلی تەلەگراف
شاژنی وێڵز دەڵێت، دەمەوێت لە چنگی شێرپەنجە دەرباز بم
دەیلی تەلەگرافی وێنەیەکی خێزانیی شاژنی وێڵزی بڵاوکردووەتەوە، کە بە هەستەوە لەنێو خێزانەکەیدا دانیشتووە. نووسیویەتی شاژنی وێڵز ڤیدیۆیەکی هەستوروژێنەری بڵاوکردووەتەوە، تێیدا لەگەڵ هاوسەرەکەى و منداڵەکانی دانیشتووە. باس لە گەشتێکی ترسناکی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی نەخۆشیی شێرپەنجەکەی خۆی دەکات و لەپاڵیشیدا ستایشی شتە سادەکانی ژیان دەکات، کە جوانن، دەڵێت چەند جوانە خەڵکت خۆشبوێت و خەڵکێکیش هەبن تۆیان خۆشبوێت.
شازادەی وێڵز قۆناغی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی تەواوکردووە و ئێستا چاوی لەسەرئەوەیە، پاش رزگاربوونی لە شێرپەنجە چی دەکات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
جیهان لە دووڕیانێکدایە دەبێت بڕیار بدات کامیان هەڵدەبژێرێت
فۆلکەر تورک نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسەکانى مافى مرۆڤ رایگەیاند مرۆڤایەتى و جیهان لە بەردەم دووڕیانێکدایە ئەگەر بە هوشیارییەوە مامەڵە نەکرێت داهاتوویەکى تاریک چاوەڕێمان دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەو ململانێ و جەنگانەى ئێستا هەن.
ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەر بەمشێوەیەى ئێستا بەردەمبین، دەبێت بزانین داهاتوویەکى نوتەکەچاووی رەش چاوەڕێمان دەکات، ئەگەر لەو خەوەش بەخەبەر بیینەوە، ئەوا لەبەرژەوەندى خۆمان و تەنانەت هەسارەکەشمانە.
هەروەها لە بارەى مەترسییە سەرەکییەکەوە دەڵێت جیهان شایەتى سێ جەنگى گەورەیە جەنگی روسیاو ئۆکراین، ئیسرائیل و حەماس و جەنگى ناوخۆیی سودان، دەبێت رازیى نەبین سوکایەتى بە بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت، ئێستا بەئاشکرا هێڵەسوورەکان دەبەزێنرێت و بەشتێکى سروشتیش وەردەگیرێت، هەر بۆیە دەبێت بگوترێت ناکرێت ئەو رەوشە بەمشێوەیەى ئێستا بەردەوامی هەبێت.
سەباح
بڵاوبوونەوەى مادەى هۆشبەر لە هەڕەشەکانى تیرۆر مەترسیدارترە
نوسینگەى راگەیاندنى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە سودانى سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى تایبەتى کردووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى مادەى هۆشبەرەوە ئەوەش لەبەر رۆشنایی راسپاردەی مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکان کە لە مانگی پێشوودا ئاڕاستەى حکومەتى کردووە.
لەمبارەیەوە، وەزارەتەکانى دەرەوە، ناوخۆ، دەزگاى هەواڵگریی نیشتمانى، وەزارەتى تەندروستى، داد و ئەندامانى لیژنەى نەهێشتنى مادەى هۆشبەر لە پەرلەمان، پێکەوە بۆ ئەو مەبەستە دەستیان بە کار کردووە بۆ کۆکردنەوەى زانیاری و شوێنکەتنى باندەکانى مادەى هۆشبەر.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە یاساى تایبەت بە مادەى هۆشبەر هەمواربکرێتەوە، پێداچوونەوە بە بڕیارەکانى حکومەت و وەزارەتەکاندا بکرێت لەو بارەیەوە، لە هەموو پارێزگایەکدا پارچەیەک زەوى تەرخانبکرێت بۆ کردنەوەى ناوەندى چارەسەر.
جگەلەوانەش عێراق دەستپێشخەرى دەکات بۆ دروستکردنى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بەمەبەستى روبەڕووبوونەوەى مادەی هۆشبەر لەبەر ئەوەى ئەو مادەیە لە ئێستادا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر گەلی عێراقدا.
دەستوور
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رێژەى نەخوێندەواری لە عێراق بڵاوکردەوە
عەبدولزوهرە هینداوى گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لەبارەی رێژەى نەخوێندەواریی لە عێراق رایگەیاند، بەگوێرەى کۆتا ئامار کە لە ساڵی 2022 دا ئەنجامیانداوە رێژەى نەخوێندەواریی لە عێراق 12.3% یە، لە کاتێکدا لە ساڵەکانى 2020 و 2021 دا رێژەکە 20.5% بووە.
هینداوى راشیگەیاندووە رێژەى نەخوێندەواریی ژنان لە عێراق 28% ە، لە هەمانکاتدا رێژەى نەخوێندەواریی لە گوندەکان گەیشتووەتە 20% و لە شارەکاندا 11% یە.
هنداوى ئاماژەى بەوەشکردووە زۆرینەى رێژەى نەخوێندەواریی دەکەوێتە پاریزگاى موسەنا کە 22% ـە و باسی لە پارێزگاى دهۆکیش کردووە کە لە ئاستى دووەمدایە و بە رێژەى 18% ى دانیشتوانەکەى نەخوێندەوارن.
عەرەب
کێشەى کەمئاوی لە عێراق بەشێوازێکى دیکە لە هەرێمى کوردستان دەردەکەوێت
هەرچەندە هەرێمى کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانى دیکەى عێراق بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کێشەى کەمئاویی کەمترە، بەڵام بەهۆکاری دیکە روبەڕووى هەمان کێشە بووەتەوە، بەجۆرێک هێندە کاریگەریی هەبووە کە لە هەولێری پایتەختدا بە هەڵکەندنى 700 مەتر، ئاوى ژێرزەویی دەستناکەوێت.
هەربۆیە بۆ ئاوى خواردنەوە پشت بە ئاوى بەنداوەکان دەبەسترێت کە زۆرینەى ئاوەکانیان لە ئێران و تورکیاوە دابیندەکرێت.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە بەهۆی کێشەى کەمئاویی و خراپى ژینگە و گۆرانکارییەکانى کەش و هەواوە رێژەیەکى ئێجگار زۆر لە دانیشتوانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق روویان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش بووەتە بەشێک لە هۆکارەکانى کەمبوونەوەى ئاو لە هەرێم، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، لە ئێستادا ئاو بووەتە بابەتێکى سیاسی و هەڵمەتى هەڵبژاردن و کوتەکێکە بەدەستى هەریەکەیانەوە لەدژى ئەوى دیکە بەکارى دەهێنن.
جگەلەوەی یەکێکى دیکە لە کێشەکانى کەمئاوی لە کوردستان خاوێننەکردنەوەى ئاوە، سەرجەم کاروبارەکانى رۆژانەش بە ئاوى خواردنەوە ئەنجام دەدرێن.
رۆژنامە تورکییەکان
ئاکیت
دوو فڕۆکەخانەکەى ئیستەنبوڵ ژمارەى پێوانەییان شکاندووە
عەبدولقادر ئورەلئۆغڵو، وەزیری ژێرخان و گواستنەوەى تورکیا رایگەیاند، لەماوەى هەشت مانگی ئەمساڵدا هەریەک لە فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچەن و فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵ 81 ملیۆن گەشتیاریان گواستووەتەوە.
ئەو وەزیرە راشیگەیاندووە، لەسەرتاسەری تورکیا خواست لەسەر گەشتکردن بە فڕۆکە زیاتر بووە. بەتایبەتیش دوو فڕۆکەخانەکەى ئیستەنبوڵ لەمساڵدا زۆرترین گەشتیاریان گواستۆتەوە.
تورکگون
لە ساڵى نوێی خوێندندا 20 ملیۆن قوتابى لە تورکیا دەستیان بە خوێندن کرد
لەگەڵ کردنەوەى دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەکان لە تورکیا و لە باکووری کوردستان نزیکەى 20 ملیۆن قوتابى و خوێندکار چوونە پۆلەکانی خوێندنەوە. یەک ملیۆن و 250 هەزار مامۆستا بۆ ساڵى 2024-2025 وانە دەڵێنەوە.
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەى تورکیا رایگەیاند، پێدانى ژەمەخواردن لە قوتابخانەکان بە قوتابیان بەبێ بەرامبەر، لەمساڵیشدا بەردەوام دەبێت.
یەنیچاخ
زیاتر لە 66 هەزار منداڵ رووبەڕووی دەستدرێژى سێسکى بوونەتەوە
لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان روو لە زیادبوونە.
بەگوێرەى ئامارەکانی وەزارەتی داد ژمارەى ئەو مناڵانەى لە ساڵى 2023ـدا دەستدرێژى سێکسیان کراوەتەسەر و دۆسیەى یاساییان لەسەر کراوەتەوە گەیشتووەتە 66 هەزار و 138 دۆسیە.
لەو ژمارەیە تەنها 14 هەزار و 919 دۆسیەیان لە دادگا یەکلایی بوونەتەوە. لەو ژمارەیەش تەنها حەوت هەزار و 88 تۆمەتبار سزا دراون.
سۆزجو
ئیمامئۆغڵو دەڵێت، سزاکەم پێچەوانەى دەستوورە
بەهۆی ئەوەى پێشتر گوتبووى دەستەى باڵای هەڵبژاردنى تورکیا ئەحمەقن، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانى بۆ دەرکراوە و داوای قەدەغەی سیاسەتکردنی دەکرێت.
ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگا پێچەوانەى دەستوورە، بۆیە تانەى لێدەدەم و دۆسیەکە دەبەمە دادگای دەستووری تورکیا.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کۆڵان بە ئاو مەشۆرن
لە کاتی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتدا، پێویستە گۆڕانکاری لە نەریتەکانی وەک شوشتنی شەقام و حەوشە بە ئاو بکرێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان ئاو بە شێوەیەکی کارا بەکاربهێنن.
هەندێک کەس بەردەوامن لە بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە بۆ شۆردنی شەقام و ئۆتۆمبێل و فەرش، لە کاتێکدا پارێزگای کرماشان بە دوو ملیۆن ژمارەی دانیشتوانەوە هێشتا لە دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاودا تووشی کێشەی گەورە بووەتەوە، بەکارهێنانی نادروستی ئاو لەلایەن هەندێک بەکارهێنەرەوە قەیرانی ئاوی زیاتر کردووە.
ئەبرار
تێکڕای تەمەنی ئەوانەی نەشتەرگەریی دڵ دەکەن گەیشتە خوار 40 ساڵ
بە گوتەی دکتۆر ئیرەج خوسرەونیا، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ، خۆراکی نادروست یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی نەخۆشییە ناگوازراوەکانی وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ، شەکرە و چەوریی جگەر لە ئێران.
ناوبراو هۆشداری دەدات لەوەی، شێوازی ژیانێکی ناتەندروست، لەوانە خۆراکی نادروست، کەمی چالاکیی جەستەیی، فشار و پیسبوونی هەوا، بەشداربووە لە زیادبوونی ئەو نەخۆشیانە کە لە رابردوودا زۆرتر لە کەسانی بەساڵاچوودا دەبینران، بەڵام ئێستا لە گەنجانی تەمەن 30 ساڵدا دەبینرێن و نەخۆشیی دڵ پێشتر تێکڕای تەمەنی تووشبووانی 50 ساڵ بوو کەچی ئێستا 30 ساڵە.
جمهوری ئیسلامی
رێژەی خوێندەواری لە پارێزگای سنە گەیشتە 97%
جێگری سەرۆکی رێکخراوی خوێندەواری لە پارێزگای سنە رایگەیاند، رێژەی خوێندەواری دانیشتووانی پارێزگاکە گەیشتووەتە 97 لەسەد.
گۆلبەهار خوسرەوی دەڵێت: لە ئێستادا 7 ناوەندی فێرکاری ناوخۆیی لە پارێزگاکە چالاکن، کە پێنج دانەیان لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێن و دوو ناوەند بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کاردەکەن. جەختیشی لەوە کردەوە ئامانجی ئەم ناوەندانە خزمەتگوزاری پەروەردەیی پێشکەش بە کەسانی نەخوێندەوار بکەن لە بوارەکانی خوێندەواری سەرەتایی و لێهاتوویی ژیان و مافی هاووڵاتیبوون.
مەردوم سالاری
پێویستە هۆشیاری ژینگەیی بەرپرسان بەرزبکرێتەوە
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە، شینا ئەنساری، جەختی لە پێشخستنی هۆشیاری ژینگەیی بەڕێوەبەران و بەرپرسان کردەوە و گوتی: پێویستە ئەم بابەتە وەک پێویستیەکی جددی بخرێتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەشداریی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی لە وڵاتدا پێشبخەین.
ناوبراو دەڵێت: رێکخراوی پاراستنی ژینگە بە هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری رێبازێکی خۆپارێزی لە دژی تاوانە ژینگەییەکان دەگرێتەبەر و لەمەودوا پرۆژەکانی پەیوەست بە ژینگە پێش دەرکردنی مۆڵەتی پێویست بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن.