زووم..
یڵماز گونەی لەماوەی کەمتر لە ٣٠ ساڵی کاری هونەریدا خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ شاکاری سینەماییە، کە وەک ئەکتەر، سیناریست و دەرهێنەر رۆڵی تیا گێڕاوە.
یڵماز گونەی لە ساڵی ١٩٨١ لە زیندانەوە فیلمی رێگا بەرهەمدەهێنێت بەو فیلمەش خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتونی لە فەرەنسا دەباتەوە.
نۆی ئەیلول، چلەمین ساڵیادی مەرگی یڵماز گونەی، سینەماکاری گەورەی گەلی کوردە.
سینەمارێک، ژیانێکی سەخت ژیا و لە کێڵگەی لۆکەی ئەدەنەوە بەرەو فێستیڤاڵی کان هەنگاوی نا، هەموو ژیانی بۆ وێناکردنی تراجیدیاکانی گەلی کورد تەرخانکردبوو.
لەڕێی سینەماکەیەوە، ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کوردی پیشانی جیهان دا.
بەگوێرەی ریزبەندیی پێگەی ئای ئێم دی بی، ٢٠ لە فیلمەکانی گونەی رەیتینگی بەرزە و لەنێوان ٦ بۆ هەشت پۆینت دوو نمرەیان پێدراوە.
یڵماز گونەی، لە دوای نواندن و دەرهێنانی فیلم، خۆی سیناریۆی زۆربەی فیلمەکانی نووسیوە. لەبارەیانەوە دەڵێت، دەمەوێت لە نووسینی فیلمدا ئازاد بم، هەرگیز رێگا نادەم نووسینەکانم سنووریان بۆ دابنرێت.
زۆربەی فیلمەکانی گوزارشت لە رەهەندەکانی پرسی کورد و کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.
یڵماز گونەی، پرسی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی کوردستانی لەلا گرنگ بووە، لە نەورۆزی ساڵی ١٩٨٤، چەند مانگێک پێش مردنی لە پاریس، گوتارێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێشکەش دەکات:
یڵماز گونەی لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا باس لە نەهامەتی ژیانی دەکات و دەڵێت، ئەو کوڕی هەژارێک بووە و شەرەفمەندە لەڕێی سینەماکەمەوە خزمەتی گەلەکەی بکات.
یڵماز گونەی وەک ئەکتەر، سیناریست و دەرهێنەر خاوەنی ١١٦ شاکاری سینەماییە، ساڵی ١٩٨٢، بە فیلمی رێگا خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتونیی فێستیڤاڵی کانی بەدەستهێنا.
کاریگەرییەکانی سینەماکارێکی وەک یڵماز گونەی تائێستا بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی دەیان فیلمی دۆکیومێنتاری و کتێب و توێژینەوەی لەبارەوە بەرهەم هێنراوە و نووسراوە.
ئەحمەد سان، دەرهێنەری ناوداری تورکیا گوتوویەتی، لەمساڵدا فیلمێک لەسەر ژیانی یڵماز گونەی بە ئاگاداری خانەوادەکەی بەرهەم دەهێنێت، لەئێستادا لە تورکیا کاری وێنەگرتنی بۆ دەکات. بە گوتەی خۆی، فیلمەکە گوزارشت لە ژیانی راستەقینەی گونەی دەکات، هاوکات لەگەڵ فەتۆش گونەی، هاوسەری یڵماز گونەی، لەسەر چیرۆک و بەرهەمهێنانی فیلمەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ماڵپەڕی تی ٢٤ لە زاری دەرهێنەرەکەوە دەڵێت، لە کۆتایی ئەمساڵدا فیلمەکە دەچێتە سینەماوە و رێوڕەسمی ناساندنی لە کان، لۆس ئەنجلس، ئەڵمانیا، سوید، ئیستەنبوڵ و دوبەی بۆ دەکرێت.
لە دوای ٤٠ ساڵ لە مەرگی یڵماز گونەی، هێشتا لە شارەکانی تورکیا یاد دەکرێتەوە و فیلمی لەسەر بەرهەم دەهێنرێت.