زووم..
فێستیڤاڵی فیلم و سیناریۆ و وێنەی “ئاسمان” لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نمایشی کورتە فیلم و بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی فەرمی دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی ناوچەیی بەڕێوەدەچێت و تیشک دەخاتە سەر بەرهەمی هونەرمەندانی ١١ پارێزگای هەڵکەوتوو لە زنجیرە چیای زاگرۆسدا.
لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەش، پێشانگایەکی وێنەی هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵەکە و کاری دەستی کراوەتەوە کە لەلایەن بەشداربووانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە.
لە بەشی سیناریۆدا ٢٨٠ بەرهەم رەوانەی فێستیڤاڵ کراوە و لیژنەی دادوەری ٤٦ بەرهەمی بۆ پێشبڕکێکە هەڵبژاردووە.
لە بەشی فیلمدا، لە کۆی ٣٠٠ بەرهەمی پێشکەشکراو، دەستەی دادوەری ٦٠ کورتە فیلمی لە چوار بواردا هەڵبژاردووە کە بریتین لە چیرۆک، بەڵگەفیلم، ئەنیمەیشن و ئەزموونی.
هەروەها لە بەشی وێنەدا، لە کۆی گشتی ٨٠٠ بەرهەمی وەرگیراو، لیژنەی دادوەری ٦٧ بەرهەمی بۆ پێشبڕکێکە هەڵبژاردووە.