زووم..
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێم بە رووی هاوردەکردنی تەماتەدا دادەخرێت.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمرۆ لەسەر پێداگری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری عێراقی لە هەرێمی کوردستان بریار درا، کە سەرجەم دەروازەکان بە رووی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی عێراق بۆ ناو سنورەکانی عێراق دابخرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاندووە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم، کە لە ئێستادا بەرهەمەکانیان پێگەیشتووە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەبووە .
لە کۆتایشدا وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، کێشەی جووتیاران چارەسەرکراو و بەرهەمەکانی هەرێم دەچێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، دوێنێ بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە و داوایان کرد رێگری لە هاوردەی بەرهەمی دەرەکی بکرێت.