زووم..
بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی دارایی نێوان هەردوولا بەردەوامە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زوومی هەولێر کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شاندەکەی حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی وەزارەتەکان دەبێت و لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، ناوخۆ، بازرگانی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆدەبنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ شاندە باڵاکە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و بەرپرسانی دیکەی حکومەت کۆبوونەوە و دواتر وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا باسی مووچەی فەرمانبەران کراوە و دەیانەوێت بگەنە چارەسەرێکی هەمیشەیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە کۆبوونەوەکان دەرفەتێکی مێژوویە بۆ چارەسەری کێشەکان و ئاشکراشیکرد، لەسەر شێوازی دابەشکردنی داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان رێککەوتوون.
سێ رۆژە شاندێکى باڵاى وزارى ئەنجوومەنى ئابوورى عێراق لە هەرێمى کوردستانن و دوێنێ دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان کردووە، بڕیارە ئەمڕۆش کۆبوونەوەکان بەردەوامى هەبێت.