زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانى: هەوڵ و کۆششەکانمان لە بونیادنانى عێراق لاوازناکرێت
تەنها لە 13 خولەک و 38 چرکەدا و لە پەیامێکیدا بۆ خەڵک و گەلانى عێراق و هێز و لایەنە سیاسییەکان، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، خاڵی خستە سەر پیتەکان، لەسەر کۆی ئەو دەسکەوتانەى حکومەتەکەى بە دەستی هێناون و پلانی بۆ داڕشتوون، پەیامەکەشی چەند بابەتێکی گرنگی دیکەى لەخۆگرت و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت حکومەتى هەمووانە و سەرکەوتنیشی بۆ بەرژەوەندیی سوودی گشتییە.
شەرقلئەوسەت
هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ جەنگێکى زوو بەزووە لە لوبنان
ئیسرائیل ئاماژەی بە بەرپابوونى جەنگێکى نزیک لە لوبنان کرد، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە بەئامانجگرتنی ئەندامانی بەرگریی شارستانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، کە دواتر حزبوڵای لوبنان وەڵامی دایەوە و هێرشێکی مووشەکى جۆری “فاق”ـی بەرەو شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کوریات شەمونە و رەئس ناقورا ئاراستەکرد.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلی راسپارد کە خۆیان بۆ گۆڕینی بەرەى جەنگ لە باکووری ئیسرائیل ئامادە بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو دۆخەی ئێستا ناتوانرێت بەردەوام بێت، ئەمە جگە لەوەى حکومەتەکەى نەتانیاهۆش پابەندە بە گەڕانەوەی سەرجەم دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە سەلامەتی.
هەڕەشەکانی نەتانیاهۆ هاوکات بوو لەگەڵ دزەپێکردنی هەواڵێکى دەزگا ئەمنییەکانى ئیسرائیل لە میدیاکان و رایگەیاندبوو کە جەنگەکە لە لوبنان نزیک دەبێتەوە، هەرچەندە هێشتا بە ووردی کاتەکەى یەکلایی نەکراوەتەوە.
قودسی عەرەبی
ئەمریکا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست
میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەمریکا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئیسرائیل و قەتەر و میسر بۆ هەموارکردنەوەی وردەکارییەکانی پێشنیازی ئاگربەستى جەنگی غەزە و بەنیازە ئەو دۆسیەیە بە ئامانجی هێنانەدی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکانى کەرتی غەزە بەرەوپێش ببات.
رۆژنامەی “هائارتس” لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکای ناسراو بە سی ئای ئەی، کە لەلایەن ویلیام بێرنزەوە بەڕێوەدەبرێت، گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیردا کردووە بۆ ئەو مەبەستە.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە نووسیویەتی، هێشتا ژمارەی زیندانییەکان و بارمتەکان یەکلایی نەکراونەتەوە و لە چاوەڕوانى یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسەدان.
عەرەب
پزشکیان دێتە عێراق و پەیامی کۆنترۆڵکردنی پشێوی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سودانی هەڵگرتووە
بەرژەوەندییەکانی تاران لە ساردکردنەوەی ململانێکانی نێوان هاوپەیمانە عێراقییەکانیدایە، لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی.
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەم هەفتەیەدا بۆ عێراق، لەو چوارچێوەیەدایە و لەژێر رۆشنایی قەیرانێکی سەختی بەردەم حکومەتی محەمەد شیاع سودانی و ئاژاوەی بەرفراوان دێت، کە خەریکە دەچێتە ژێر چەتری سیاسیی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی.
سەردانەکەی پزشکیان تیشک دەخاتە سەر پێویستیی ئێران بۆ جڵەوکردنی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پشێوییەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
جومهوری ئیسلامی
لە ئێران ساڵانە چوار هەزار کەس خۆیان دەکوژن
سەعید مونتەزرەلمەهدی، جێگری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی پۆلیسی ئێران، لە یاداشتێکدا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوشتن نووسیویەتی، لە ئێران ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار کەس خۆیان دەکوژن و قوربانیانی ئەم دیاردەیە ساڵانە نزیکەی 60 هەزار کەسن.
هەروەها جەختدەکاتەوە لەوەی خۆکوشتن تەنها کاریگەری لەسەر قوربانییەکە نییە، بەڵکو خێزان و کۆمەڵگاش بەدەست لێکەوتە ناخۆشەکانیەوە دەناڵێنن، هەر جارێک هەواڵی خۆکوشتن بڵاودەبێتەوە شەپۆلێکی دڵتەنگی و خەمۆکی کۆمەڵگا دەگرێتەوە و کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر رۆحی بەکۆمەڵ بەجێدەهێڵێت.
کەیهان
بڕوانامەی 100 کەس لە کاندیدەکانی پەرلەمان ساختەیە
ئەنجومەنی دادوەریی تاران لەسەر بڕوانامەی ساختەی زیاتر لە 100 کەس لە کاندیدانی پەرلەمانی ئێران هاتەدەنگ.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی رێکخراوی خوێندکاران، ئەو کەسانە بەڵگەنامەی ساختەیان هەیە و ئەنجومەنی دادوەریی تارانیش فەرمانی کردووە لە ماوەی 72 کاتژمێردا ناو و بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان بخاتەڕوو بۆ ئەوەی دۆسیەی دادگا لە دژی سەرپێچیکاران تۆمار بکرێت.
ئەم بابەتە لاوازی لە دوو سیستمی خوێندن و هەڵبژاردن نیشان دەدات کە پێویستە چارەسەر بکرێت بۆ رێگری لە گەندەڵی.
ئەبرار
ژمارەی تووشبووانی زەهایمەر لە ئێران سێ هێندە زیادیانکردووە
زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بوون و بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەم ژمارەیە تاوەکو ساڵی 2050 دەگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس.
کۆمەڵەی نەخۆشانی زەهایمەر رایگەیاند، زۆرینەی ئەوانەی لە جیهاندا تووشی زەهایمەر بوون، دەستنیشان ناکرێن و 85٪ـی ئەوانەی دەستنیشان دەکرێن پشتیوانیی پێویست وەرناگرن.
کۆمەڵەکە دەشڵێت، شەرم لە داننان بە زەهایمەر و زانیارییە ناڕاستەکان لەبارەیەوە، وا لە زۆر کەس دەکات نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە پشتگوێ بخەن و نەچنە لای پزیشک. دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پێشکەشکردنی پشتیوانیی گونجاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی کوالێتیی ژیانی تووشبووان و پاراستنی تەندروستییان بۆ ماوەیەکی درێژتر.
ئەفکار
25٪ـی بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێران بەفیڕۆدەچێت
وەک یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی جیهان، پاشەڕۆی خۆراک سەرچاوەکانی وەک ئاو و خاک و وزە بەفیڕۆدەدات و زیانێکی گەورە بە ژینگە و ئابووری دەگەیەنێت.
بەگوێرەی راپرسییەکان، ساڵانە 25٪ـی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە زنجیرەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە ئێراندا لەدەست دەچن و نزیکەی 30 ملیۆن تۆن بەرهەم دەبنە پاشماوە.
شارەزایان پێیان وایە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێی وەک ئینتەرنێتی شتەکان (IoT) و شیکاریی داتای بەربڵاو (Big Data) دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە کەمکردنەوەی ئەم بەفیڕۆدانانە.
ئەم تەکنەلۆجیایانە بە باشکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبردنی کۆگا، هەلی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەڕەخسێنن و یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی کارامەیی زنجیرەی دابینکردن.
رۆژنامە تورکییەکان
میلاد
21 کەس لەسەر نارین دەستگیرکران
لە دوای 19 رۆژ گەڕان بە دوای نارین، کچە تەمەن هەشت ساڵانەکە، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 21 کەس دەستگیرکراون و زۆربەیان کەسوکاری خۆیان بوون.
نارین خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان بوو، دوێنێ لە دوای 19 رۆژ گەڕان بە دوایدا، تەرمەکەی لەنێو گوێنییەک لە کەنار چەمێک لە نزیک ماڵی خۆیان دۆزرایەوە.
ئەڤرەنسەل
هەژاری بەرۆکی منداڵانی گرتووە
بەگوێرەى راپۆرتێک لە تورکیا و باکووری کوردستان 5,5 ملیۆن منداڵ لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، 8.5٪ـی منداڵانیش لە ئاست کێشی ئاسایی خۆیان نین و 88٪ـی منداڵانیش لەو وڵاتە رۆژانە ناتوانن گۆشت بخۆن.
لە تورکیا 60 هەزار و 600 قوتابخانە، نزیکەى 20 ملیۆن خوێندکار و یەک ملیۆن و 250 هەزار مامۆستا هەن.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی قەیرانی ئابووری کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست بکات.
بیرگون
15 ملیۆن کەس لە تورکیا هەژارن
وەزارەتی کۆمەڵایەتی و خێران رایگەیاندووە، لە تورکیا و باکووری کوردستان 15 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو وەزارەتە سێ ملیۆن و 792 هەزار و 340 کەس هاوکاری لە دەوڵەت وەردەگرن. ژمارەى ئەو منداڵانەشى بەهۆی هەژارییەوە لەلاى خێزانەکانیان نین، گەیشتووەتە 167 هەزار و 873 مناڵ.
یەنیچاغ
قەرزەکانی جووتیاران لە مانگێکدا 15 ملیار لیرە زیادیانکردووە
عومەر فەتحی، پەرلەمانتاری جەهەپە رایگەیاند، تادێت قەرزەکانى جووتیاران زیاتر دەبن و ناتوانن قەرزی بانکەکان بدەنەوە.
بەگوێرەى ئامارێک جووتیارانی تورکیا بڕی 714 ملیار 982 ملیۆن لیرە قەرزیان لە بانکەکان کردووە و بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناتوانن بیدەنەوە. لە ماوەى مانگێکیشدا قەرزی جووتیاران لە بانکەکان گەیشتووەتە 15 ملیار لیرە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
کەرتی تەندروستی پاشەکشەیەکی کردووە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا بێوێنەیە
راپۆرتێکی فراوان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت کەرتی تەندروستی لە بەریتانیا پەکیکەوتووە. ئەو کەرتە لە پێشکەشکردنی سادەترین خزمەتگوزارییشدا پەکیکەوتووە.
گەشەی کەرتی تەندروستی لەبریی ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕوات، بەرەو دواوە پاشەکشە دەکات. ئەوەی ئێستا روودەدات لە ماوەی پەنجا ساڵی رابوردوودا بێوێنەیە. ئەو راپۆرتەی لەبارەی شکستی ئەم کەرتەوە بڵاوکراوەتەوە هیی حکومەت خۆیەتی. لەلایەن لۆرد ئارا دەرزییەوە ئامادەکراوە، کە خۆی پزیشکێکی نەشتەرگەرییە و پێشتریش وەزیری تەندروستی بووە. ئەم هەفتەیە راپۆرتەکەی بڵاودەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەو کەرتە لە بەریتانیادا بە تەواوی کەوتووە.
گەڵف نیوز
هاریس و ترەمپ لە رووبەڕووبونەوەیەکی گرنگدا بەرامبەر بە یەکتری دەوەستن
بۆ یەکەمین جار هەردوو پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و کەمالا هاریس بەیەکتری دەگەن. چەندان ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی بەرامبەر بە گۆڕەپانی رووبەڕووبونەوەکە دادەنیشن و سەیری گفتوگۆکەیان دەکەن. بڕیارە سبەینێ سێشەممە بە کاتی ئەمریکا ئەم دوو پاڵێوراوە لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا بە یەکتری بگەن. دیدارەکە راستەوخۆ لەسەر کەناڵی ئەی بی سی ـیەوە پەخش دەکرێت. بۆیە ئەمە تاقیکردەنەوەیەکی قورسە کە هەردوو کاندیدەکە تێیدەکەون.
عەرەب نیوز
سعودیە خۆی وەک رێبەرێکی باشی بواری دروستکردنی ژیریی دەستکرد دەناسێنێت
عەبدوڵا غامیدی نوێنەری سعودیە بۆ دیداری جیهانیی ژیریی دەستکرد گوتارێکی پێشکەس کرد و وڵاتی سعودیەی بە پێشڕەو و رابەری بوارەکە ناساند. کۆنگرەکە لە ناوەندی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی شا عەبدولعەزیز لە سعودیە بەڕێوەدەچێت لە رۆژانی ١٠ بۆ ١٢ـی ئەم مانگە دەخایەنێت. ئەمە سێیەمین دیداری ژیریی دەستکردی جیهانییە ساز بکرێت. عەبدوڵا غامیدی سەرۆکی ناوەندی سعوودی بۆ بنکەی زانیاری و ژیریی دەستکرد باسی لە گرنگیی بەکارهێنانی ئاکارییانەی ژیریی دەستکرد کرد و رایگەیاند، کە لە سبەینێوە ئەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە دەستپێدەکات.
گاردیەن
ئاڵای سووری گەندەڵی لکێندراوە بە چەند گرێبەستێکی دەرمانی کۆڤیدەوە، کە بایی 15 ملیار پاوەند دەبن
ئاڵای سووری گەندەڵی دراوە لە چەند گرێبەستێکی حکومەتی بەریتانیا، کە لە بواری دابینکردنی چارەسەری کۆڤیددا ئەنجامدراون، بەهای ئەو گرێبەستانە لە 15 ملیار پاوەند زیاترە. ئەمەش مانای وایە لە هەر سێ پاوەند کە حکومەت بۆ کڕینی چارەسەری کۆڤید خەرجی کردبێت، پاوەندێکیان بە گەندەڵی رۆیشتووە. ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەم بوارەدا ئەنجامدراوە، دەڵێت ئەو پرۆتۆکۆلانەی کە کراون لەلایەن حکومەتەکەی پارتی پارێزگارانەوە ئەنجامدراون. ئەو شیکارییەی کە لەم رووەوە ئەنجامدراوە بە قووڵترین روانین دادەنرێت و دەڵێت گەندەڵییەکە بە شێوازێکی بەرنامەدار بەناو گرێبەستەکاندا رۆچووە.