زووم:
رێکخراوی مافی مرۆڤ کە ناسراوە بە هەنگاو قسەی لەگەڵ کەسوکاری بێهزاد خوسرەوی کردووە و دەڵێت، بێهزاد ئازاد نەکراوە و ئەو ڤیدۆیەی بڵاوکراوەتەوە لەناو زیندانی ئیتڵاعاتی سنە پێی تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام ئەکاونتێک بەناوی بێهزاد خوسرەوی گرتەیەکی ڤیدۆی بڵاوکردەوە و تێیدا بێهزاد دەڵێت، ئاسایش دەستگیری کردووم و بردویانم بۆ دەروازەی ئێران، بێهزاد دەڵێت دۆخم باشە.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدۆیە رەخنەی بەدواداهات، بەشێک لە هاووڵاتیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێن، لە ڤیدۆکەدا هیچ شوێنێک دیارنییە و نازانرێت زیندانە یاخود نا، جگە لەوەش جلی هەمان ئەو ئەو کۆپانیایەی لە بەردایە، کە لە هەرێمی کوردستان کاری لێکردووە.
هەر لەبارەی رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەویییەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بۆ ئەوەیە، کە یەکێتی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئێران توندوتۆڵتربکاتەوە، چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە پێشە.
هەفتەی رابردوو هەواڵی رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بە ئێران بڵاوکرایەوە، حزبی دیموکرات رایگەیاند، کە ئاسایشی یەکێتی ئەو کارەی کردووە، لە بەرامبەردا دەزگای ئاسایش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو گوتی، بێهزاد خوسرەوی لەسەر داوای خۆی رادەستی ئێران کراوەتەوە.
لەلایەکى دیکەوە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کە رێکخراوێکی چاودێری مافی مرۆڤە و بنکەکەی لە فەڕەنسا لە زاری “بیگەرد خوسرەوی” خوشکی بێهزاد خوسرەوی بڵاویکردەوە؛ خێزانەکەمان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بێهزاد لە ساڵی ٢٠١٧ بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران. 20 رۆژ پێش ئێستا براکەم لە لایەن بنکەى ئاسایشى گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی بانگهێشت کرا. کرێکار بووە و بەهۆی ئەوەی ئەو رۆژە نەیتوانیوە پشوو لە کارەکەی وەربگرێت، رۆژی دواتر دەچێتە بەشی ئاسایش و چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە. لە هەمان کاتدا ئیدارەی بنکەکە تەلەفۆنیان بۆ کردین، کە مۆبایلەکەی بێهزادیان بۆ ببەین. دوای ئەوەی تەلەفۆنەکەمان رادەستی ئەوان کرد، بە زۆر پاسۆردەکەیان لە بێهزاد وەرگرت و دواجار دوای چەند کاتژمێرێک بە کەفالەت ئازادیان کرد.
خوشکی بێهزاد خوسرەوی باسى لەوەش کردووە، کە براکەی دوای سێ رۆژ بۆ وەرگرتنی مۆبایلەکەی چووەتە بنکەى ئاسایش و لەو کاتەوە بنەماڵەکە هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووسی نەمابوو.
ئەوەشى گوتووە، زۆر جار سەردانی ئاسایشمان کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی روونیان نەداینەوە سەبارەت بە چارەنووسی براکەم. لە کۆتاییدا هەفتەی رابردوو من و دایکم بانگهێشتی بەشی ئاسایش کراین، لەوێ بێڕێزیمان پێکرا و لەلایەن ئەفسەرەکانەوە هەڕەشەمان لێکرا. گوتیان بێهزاد براوەتە زیندان و چارەنووسی نازانن. هەروەها ئاگاداریان کردینەوە کە دەبێت 10 رۆژی تر پارێزگای سلێمانی بەجێبهێڵین، بەپێچەوانەوە رادەستی ئێران دەکرێینەوە. سووکایەتی و هەڕەشەکان ئەوەندە توند بوون، کە دایکم لەوێدا حاڵی تێکچوو.