زووم..
بڕیارە ئەم مانگە عێراق بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە بارەگای ئەنجومەنی ئاسایش لە نیویۆرک تایبەت بە کامپی هۆل بکات.
سەعید جەیاشی، راوێژکاری کاروباری ستراتیجیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بەشداریی لەو کۆنفرانسەدا دەکەن کە لە نیویۆرک دەکرێت و تایبەتە بە کامپی هۆل.
گوتیشی، عێراق لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی حکومەت دەگەیەنێت بەو وڵاتانەی هاووڵاتییان لەنێو خێزانەکانی داعشدا هەیە و لەنێو کامپەکەدا نیشتەجێن، ئەمەش لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە و داخستنی ئەم دۆسیەیە بەزووترین کات.
بەگوێرەی خەمڵاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان، کامپی هۆل زیاتر لە ٤٣ هەزار کەسی لە ٦٠ وڵاتی جیاجیای جیهانەوە تێدایە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، بەمزووانە لانیکەم ١٥٠ خێزانی دیکەی عێراقی لە کامپەکەوە دەگەڕێندرێنەوە و هێشتا نزیکەی ١٨ هەزار عێراقی لەوێ ماون و نزیکەی پێنج هەزار خێزان گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.