زووم…
پێشنیوەڕی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە و بەشێک لە تەوەرەکان گفتوگۆکردنە لەسەر پرسە دارایی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردەستان.
ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، فواد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات، هەریەک لە تەیف سامی، وەزیری دارایی و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەند وەزیر و راوێژکارێکی دیکەش بەشدارن، ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستانیش، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، سەرۆکایەتی دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زوومی هەولێر، لە کۆبووەنەوەکەی ئەمڕۆدا پرسی نەوت و خاڵە سنوورییەکان تاوتوێ دەکرێن، بەغداد داوای تەواوی داهاتی نەوت دەکات کە بەقاچاخ هەناردە دەکرێت، لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی عێراق درەنگی شەوی رابردوو، راگەیەندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکردەوە، دەڵێت، هەولێر و بەغداد تاوتوێی پرسە دارایی و ئابوورییەکان، مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکات هەوڵی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەرچوێندراوەکان دەدرێت.
کۆبوونەوەکان دوو رۆژ دەخایەنن و کێشەکانی هەولێر و بەغداد لەبارەی پرسی مووچە، داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێمی کوردستانە. بەغداد تێبینی لەسەر ئەو لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە و چەندینجار گوتوویەتی کە “ناڕوونی” لە لیستەکەدا هەیە.