زوومی سلێمانی:
سەرچاوەیەک لە زانکۆی سلێمانی، بۆ زوومی ئاشکراکرد، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (24ی تشرینی دووەمی 2022) دوو خوێندکاری زانکۆ لەلایەن ئاسایشەوە ئازادکران “ئێستا هیچ خوێندکارێک دەستبەسەر نییە و هەر 104 خوێندکارەکە ئازادکراون”.
دوێنێ سێشەممە، پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران، بە زوومی گوتبوو “102 خوێندکار ئازادکراون، بەڵێنیان پێداوین پێنجشەممە ئەو دوو خوێندکارەی دیکەش ئازادبکرێن”.
ئەو 104 خوێندکارەی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیک لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکرابوون، پاشئەوەی بەنیازبوون دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە بۆ داواکردنی دەرماڵە و کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پاراڵێڵ.
خۆپیشاندانی هەفتەی پێشووی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە بەردەم کەمپی نوێی زانکۆکەدا، گرژیی تێکەوتبوو، خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان روبەڕوی یەکدی دەبوونەوە. خوێندکاران بەردیان دەهاویشت و هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی بڵاوەیان پێدەکردن.
104 خوێندکاری زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیک لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکرابوون
ئاڵۆزبوونی خۆپیشاندانەکان، سەرۆکایەتیی زانکۆی ناچارکرد دەوامی خوێندن بۆ ماوەی سێ رۆژ رابگرێت، پاش دەستپێکردنەوەی دەوامیش لە رۆژی یەکشەممەدا هێزی ئەمنی لە نزیک کەمپی نوێی زانکۆ جێگیرکرا و “رێگەیان بە خوێندکاران نەدا دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە”.
پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بە زووومی گوت، “بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، بەگوێرەی رێنمایی ئەنجومەنی زانکۆ بووە، بۆیە پێویستە خوێندکاران پابەند بن.. هەر خوێندکارێکیش نەچێتە هۆڵەکانی خوێندنەوە، ناچاردەبن غایبیان بدەن”.