زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل لەژێر ئەشکەنجەدا زانیاری لە دەستگیرکراوەکانى فەلەستین کۆکردوەتەوە
ئیسرائیل بەهۆی سزادانى دەستگیرکراوەکانى فەلەستین، کە لە غەزە دەستگیری کردون دەستى گەشتووە بەو زانیارییانەى لەبارەى سەرکردەکانى حەماسەوە دەستى کەوتووە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئیسرائیل ژمارەیەکى ئێجگار زۆر لە خەڵکى غەزەى دەستگیرکردووە و گواستوونیەتیەوە بۆ ژێر دەسەڵاتى خۆی، بەتایبەتى بۆ زیندانى تیمان، کە تایبەتە بەو کەسانەى لە جەنگی غەزە دەستگیردەکرێن.
بەگوێرەى سەرچاوەیەکى ئاگاداری فەلەستین، کە قسەى بۆ رۆژنامەکە کردووە دۆزینەوەى شوێنى محەمەد زەیف، سەرکردەى کەتیبەکانى قەسام بەهۆی زانیاری پێدانى فەلەستینیەکانەوە بووە، لەژیر ئەشکەنجەى تونددا ئاشکرایان کردووە و بووەتە هۆی کوشتنى.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رۆژنامەکە دەزگاى ئاسایشى گشتیى ئیسرائیل ناسراو بە شاباک زۆر پشت بەو زانیارییانە دەبەستێت کە بە زۆر لە دەستگیرکراوە فەلەستینییەکانەوە دەستى دەکەوێت.
بەگوێرەى راپۆرتى دامەزراوە تایبەتەکانى فەلەستین زیاتر لە شەش هەزار فەلەستینى لە زیندانەکانى ئیسرائیلدان و لەژێر ئەشکەنجەى زۆر تونددا بەشێکى زۆریان ژیرییان لە دەستداوە و بەشێکى دیکەشیان کێشەى جەستەیی و لەدەستدانى پەلەکانیان بۆ دروستبووە.
سەباح
لە نیویۆرک کۆنگرەیەکى نێودەوڵەتى تایبەت بە کەمپى هۆڵ دەبەسترێت
بڕیارە لەم مانگەدا لە نیویۆرک کۆنگرەیەکى تایبەت بە چارەنووسی کەمپى هۆڵ بەڕێوەبچێت و نوێنەرى عێراقیش بەشداریی تێدا بکات و تێیدا داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە بکرێت، کە هاووڵاتییەکانیان لەو کەمپەدان بیانبەنەوە وڵاتانى خۆیان.
سەعید جەیاشی، راوێژکاری کاروباری ستراتیژیی لە ئاسایشى نەتەوەیی عێراق بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە، عێراق بەشداریی کۆنگرەکە دەکات و پەیامى خۆی دەگەیەنێتە ئەندامانى کۆنگرەکە، عێراق بۆچوونى وایە بەزوترین کات کەمپەکە لە کەسوکاری داعش چۆڵبکرێت و هەریەکەیان رادەستى وڵاتەکانى خۆیان بکرێنەوە.
فازڵ ئەبورەغیف، پسپۆری ئاسایشی ستراتیژیی بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەو کەمپە هەڵگری دەیان گرفتى جۆراوجۆرە و لەوانەیە لە هەر کاتێکى نەزانراودا بتەقێتەوە، کۆنترۆڵکردنى 55 هەزار کەس کێشەیەکى گەورەیە، بەڵام ئەگەر پەرتبکرێن و بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانى خۆیان ئاسانتر چارەسەر دەکرێن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، تائێستا 14 وڵات یەکى بەشێک لە هاووڵاتییانى خۆیان وەرگرتووەتەوە و زۆرینەى وڵاتانیش خۆیان لەوەرگرتنەوەیان بەدوور دەگرن و عێراقیش بە تەنها ناتوانێت بچێتە ژێرباری وەرگرتنى کەمپەکە.
بەگوێرەى راپۆرتە جیهانییەکان لە ئێستادا زیاتر لە 43 هەزار ژن و منداڵی داعشەکانى تێدا ماوەتەوە و هاووڵاتى 60 وڵاتن و لە ماوەکانى پێشوودا لەسەر داواى نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق بەشێک لە هاووڵاتییانى خۆی لە ئیدارەى خۆسەرى رۆژاڤا وەرگرتەوە، کە نزیکەى 160 خێزان بوون.
سەرچاوە عێراقییەکان باس لەو دەکەن لەنێو کەمپەکەدا نزیکەى پێنج هەزار خێزانى عێراقى هەن، کە ژمارەیان نزیکەى 18 هەزار کەس دەبێت.
وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە، ئەگەر پشتیوانى نێودەوڵەتى نەبێت بۆ عێراق گەڕاندنەوەى ئەو کەسانە دەبێتە کێشەیەکى گەورەى ئەمنى و تەنانەت کۆمەڵایەتیش.
دەستور
کارگەی دروستکردنى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى لە بەغداد دەکرێتەوە
عەمید میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەمزووانە کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى لە بەغداد دەکەنەوە و بەوەش ئاسانکاریی زۆر بۆ گەشتیارانى عێراقى دروستدەبێت.
بەگوتى میری تاوەکو رۆژى پێنجشەمەى رابردوو زیاتر لە 40 ملیۆن و 152 هەزار کارتى نیشتمانى دراوەتەوە بە هاووڵاتیانى عێراق.
راشیگەیاندووە، پیشتر لە ماوەى 7 ساڵى کارکردنى بەردەومدا توانرا 25 ملیۆن کارتى نیشتمانى تەواوبکرێت، بەڵام لە ماوەى شەش مانگی یەکەمى ئەمساڵدا توانراوە 15 ملیۆن دروستبکرێت و ئەوەش دەستکەوێتێکى گەورەیە بۆ وەزارەتەکەیان.
عەرەبی جەدید
دواى 11 ساڵ هێشتا چەکی کیمیایی سوریا مەترسیەکانى کەم نەبووەتەوە
جارێکى دیکە دۆسیەى چەکى قەدەغەکراوى کیمیایی سوریا چووەتەوە بەردەم رایگشتى جیهان و بەشێکى زۆر لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیانوایە هێشتا لە بەرهەمهێنانى رانەوەستاوە، هەرچەندە لە ساڵی 2013ـەوە و پاش هێرشکردنە سەر غۆتە پەیمانى بەرهەمهێنانى واژۆکردووە.
بەگوێرەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان حکومەتى سوریا لە 21ـى ئابی ساڵی 2013ـدا بە چەکی کیمیایی هێرشى کردە سەر شارى غۆتە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
تاران تووشی چەندین کێشە بووە
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە سەر پێویستی گواستنەوەی پایتەخت لە تاران کردەوە و کێشەکانی ژینگە و ژێرخانی شارەکەى بە هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە ناوبرد، وەک نەبوونی ئاو و پیسبوونی هەوا.
مەسعود پزشکیان، ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئێستا ئەو ئاڵنگارییە چڕتر دەکاتەوە و گواستنەوەی پایتەختی ئێران بۆ هەرێمێکی دیکە چارەسەری بنەڕەتییە بۆ ئەو پرسانە.
دەڵێت، گەشەسەندنی تاران بەو سەرچاوە ئاوییەی ئێستا مەحاڵە و پێشنیازی کرد ناوەندی سیاسی و ئابووریی ئێران بەرەو باشوور و ناوچە نزیکەکانی دەریا بگوازرێتەوە و حکومەت بچێتە هەرێمی نوێ بۆ ئەوەی خەڵک ئەم پرۆسەیە پەیڕەو بکەن لەبەرئەوەی ئەم کارە دەتوانێت تاران لە کێشەکانی ئێستای رزگار بکات.
باختەر
دارستانەکانی کرماشان بە ئەنقەست دەسووتێندرێن
ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەست لە ناوچەکانی کرماشان بە ئامانجی ئامادەکردنی زەوی بۆ چاندنی نایاسایی بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا دوو هەزار و 580 هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکە سووتاوە.
بەرپرسانی سامانە سروشتییەکان دەڵێن، ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە مەبەست بوون و کەسانی قازانجخواز ئاگریان لە زەویەکان بەرداوە بۆ چاندنی مادەى هۆشبەر.
بەگوێرەی راپۆرتی ئیرنا پارێزگاری کرماشان رایگەیاندووە، بەبێ هاوکاریی خەڵک ناتوانرێت ئەم قەیرانە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. تائێستا چەند کەسێک لەسەر ئەوە دەستگیرکراون.
مەردوم سالاری
ئێران لە بێکاریدا پلەی 17ـی جیهانی هەیە
رێژەی بێکاری لە ئێران لە سێ ساڵی رابردوودا بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 8%، ئەمەش بەراورد بە هەمان وەرزی ساڵی رابردوو کەمی کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، ئێران بە رێژەی بێکاریی 8% لە پلەی 17ـى جیهاندایە.
ئاسیا
بەرهەمی فستقی ئێران 15% زیادی کردووە
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی فستقی ئێران لەمساڵدا گەیشتووەتە 300 هەزار تۆن، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو بەڕێژەی 15% زیادی کردووە.
فستق یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی کەرتی کشتوکاڵی ئێران، لەڕووی باخەکانی فستقەوە لە پلەی یەکەمی جیهاندایە و لەڕووی بەرهەمهێنانیشەوە ئێران لە پلەی دووەمی جیهاندایە.
بەرگریی فستق لە بەرامبەر سەختیی کەشوهەوا و نەبوونی ئاو و وشکەساڵیدا بەهێزە و زۆربەی بەرهەمهێنانی فستق لە دەشتی ناوەڕاستی ئێران دەکرێن.
نیوەی بەرهەمی فستقی ئێران بۆ خواردنی ناوخۆیە و نیوەکەی دیکەش هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێن، کە لە ئاڵوگۆڕی دراودا لەنێوان بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا پلەی یەکەمی هەیە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تەلەگراف
بی بی سی زیاد 1500 جار لەبارەی شەڕی غەزەوە یاسای پێشێلکردووە
ماوەیەک چاودێریی بابەتە پەخشکراوەکانی کەناڵی بی بی سی کراوە و دەرکەوتووە، راپۆرتەکانی ئەو کەناڵە لە دژی ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە.
بی بی سی زیاد لە 1500 جار یاسا نوسراوەکانی خۆیی پێشێل کردووە، چونکە بەدرێژایی مێژووی بەردەوامی ئەم شەڕەی سەر کەرتی غەزە، لە دژی ئیسرائیل قسەی کردووە.
ئەو راپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، زۆر لە شێوازی ئەو لایەنیگرییە نیگەرانین. چاودێرانی ئامادەکاری راپۆرتەکە دەڵێن، ماوەی چوار مانگی بەردەوام چاودێریی بابەتە پەخشکراوەکانی سەر رادیۆ و تەلەڤزیۆن و هەواڵە ئۆنلاین و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانی بی بی سی کراوە، ئەوکات لایەنگرییەکەی ئەو کەناڵەیان بەڕوونی بۆ ئاشکرابووە.
تریڤۆر ئەسێرسن، پارێزەرێکی بەریتانییە سەرپەرشتیی ئەنجامدانی چاودێریکردنەکەی کردووە، دەڵێت، لەڕێی ئەم کەناڵەوە 14 هێندە زیاتر لە ناوهێنانی حەماس گوتراوە ئیسرائیل تاوانی کۆکوژیی ئەنجامداوە.
ئیندیپێندەنت
بلێر دەڵێت، برێکزیت پرۆژەیەکی شکستخواردووە و بووە هۆی چەندهێندەکردنی پەنابەران
تۆنی بلێری سەرۆکوەزیرانی پێشوووی بەریتانیا هێرشی کردە سەر بۆریس جۆنسن، کە گوتوویەتی هاتنی پەنابەران کۆنترۆڵ دەکات، کەچی خەڵکە گەنجە ئەوروپییەکانی ناردەوە و لەبریی ئەوان خەڵکی پیری ئەفریقی و ئاسیایی هێنا. بۆیە بلێر داوا لە ستامەر دەکات، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەوروپادا چاک بکاتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
هەموو پارتەکانى ئەمریکا بانگەشەی وایان هەیە بە دڵی دەنگدەران بێت
رەنگە یەکە یەکەی خەڵکی ئەمریکا وەفایان بەرامبەر بە پارتەکانى خۆیان هەبێت، بەڵام حەزیش دەکەن دەنگ بە ئەو بانگەشە و بەرنامانە بدەن، کە بەڵێنی باشترکردنی رەوشی دارایی دەدەن، بە چاوپۆشیکردن لەوەی ئەو بانگەشەیە هیی کام پارتە.
ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ پرۆژەی دارایی و ئابووریی باشی راگەیاندووە، بەڵام کامالا هاریس، کەمتر قسەی لەبارەی رەوشی داراییەوە کردووە.
عەرەب نیوز
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێت، بەڕاستی بەدڵمە لە سعودیەم
ئەستێرەکەی یانەی ئەلنەسری سعودی دەڵێت، ئاسان بوو بەلایەوە بە بارودۆخی سعودیە رابێت و بیکات بە نیشتمانی دووەمی خۆی.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی پورتوگالی، کە یاری بۆ یانەی ئەلنەسری سعودی دەکات دەڵێت، بەلای خۆی و خێزانەکەیەوە ئاسان بووە لەگەڵ بارودۆخی سعودیەدا رابێن، بۆیە بەردەوامە لە یاریکردن بۆ ئەو یانەیەی گرێبەستی دوو ساڵ و نیوی لەگەڵدا واژۆکردووە.
ئەو دەڵێت، بەراستی خۆشحاڵم لێرەم و راهاتنیشم ئاسان بوو.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
خەرجییەکانى پەروەردەى تورکیا 738% زیادى کردووە
لە ساڵى 2018 گوتیان وڵات دەکەینە سیستمى سەرۆکایەتی و ئابووریی وڵات بەهێز دەکەین، کەچی وادەرنەچوو، لەماوەى شەش ساڵدا نرخەکان فڕیون.
جەودەت ئەکای پەرلەمانتاری جەهەپە لەبارەى خەرجییەکانی ساڵێکی خوێندکارێک رایگەیاند، لە ساڵى 2018 خەرجی قوتابییەک بۆ ساڵێکی خوێندنی شەش هەزار و 691 لیرەى تورکی بوو، بەڵام لەمساڵدا ئەو خەرجییە گەیشتووەتە 56 هەزار و 84 لیرەى تورکی.
لەماوەى شەش ساڵدا نرخی هەموو شتێک گران بووە؛ پێداویستییەکانى پەراوگە و جلوبەرگی خوێندکاران 738% بەرزبووەتەوە.
قەرار
دەسەڵات وەک تایتانیک ژێرئاوکەوتووە
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی سەرلەنوێ رەفا رایگەیاند، گەلی تورکیا لەپاش 22 ساڵ ئیدى داوای گۆڕانکاری دەسەڵات دەکەن. لە هەڵبژاردنى 31ـى ئازاردا ئەمساڵ گەلەکەمان کارتی زەردی پیشانی دەسەڵاتی ئاک پارتیدا، بەدڵنیاییەوە گەلەکەمان کارتی سووری ئامادەیە و لە هەڵبژاردنى داهاتووی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەو کارتە سوورە بەکاردەهێنێت دژ بە دەسەڵات.
لە 31ـى ئازاردا دەسەڵات وەک کەشتی تایتانیک خۆی کێشا بە شاخە سەهۆڵبەندانەکەدا و بەشێوەیەکی کاریگەر کەشتییەکەى دەسەڵات بە ئەندازەىەک ژێرئاوکەوت، ئاوى تێچووە بەم ئەندازەیە لە یەکەم هەڵبژاردنى داهاتوودا کەشتی دەسەڵات بە تەواوەتی ژێرئاو دەکەوێت.
تورکگون
لە هەشت مانگی رابردوودا ئۆتومبێلی تۆگ لە تورکیا پڕفرۆشترین بووە
تادێت خواست لەسەر کڕینی ئۆتومبێلی کارەبایی زیاتر دەبێت، گرانیی بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکە هۆکارە خواستی هاووڵاتیان لەسەر کڕینی ئۆتومبێلی کارەبایی زیاتر بێت و دوور بکەونەوە لە ئۆتومبێلی دیکە.
بەگوێرەى ئامارەکان لەماوەى هەشت مانگی ئەمساڵدا ئۆتومبێلی کارەبایی دروستکراوی توکیا بەناوی تۆگ زۆرترین فرۆشی هەبووە، بەراورد بە سێ بڕاندی ئۆتومبێلی کارەبایی دیکە.
لە هەشت مانگدا 14 هەزار و 849 ئۆتۆمبێلی تۆگ لە تورکیا و لە باکووری کوردستان فرۆشراوە، کە دەکاتە فرۆشی 31.57%ـى تەواوی فرۆشی ئۆتومبێلەکانی بازاڕ.
یەنیچاخ
جەهەپە داوادەکات کانوونی یەکەمی 2025 هەڵبژاردن لە تورکیا بەڕێوەبچێێت
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، زیاتر لە 50%ـى کۆمەڵگەى تورکیا داوادەکەن هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دۆخی تورکیا هێندەی چوار ساڵی دیکە بەرگەى قەیرانی ئابووری ناگرێت، لێرەوە جەهەپە بانگەواز بۆ دەسەڵات دەکات بۆئەوەی لە کانونی یەکەمی 2025 هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت.