زووم..
بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: لە ماوەی هەفتەیەکدا ٢٣٤ ماڵ پانێڵی وزەی خۆریان داناوە، سەرجەمی ئەو پرۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاریان تێچووە.
وەلیوڵا ناسری دەڵێت، بە ئامانجی زیادکردنی توانای پێدانی کارەبا لە پارێزگاکە، پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر پەرەپێدەدەن، هەوڵ دەدەن ئەم رێژەیە بە پاڵپشتیی حکومەت و تێچووی کەم بۆ ماڵەکان زیاد بکرێت، لەو رێیەوە کەمی و پچڕانی تەزووی کارەبا قەرەبوو بکرێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی ئیسنا حکومەت نزیکەی ٢ هەزار دۆلار قەرز بە خەڵک دەدات بۆ ئەوەی سود لە وزەی خۆر وەربگرن، دواتر لە ماوەی ٢٠ ساڵدا قەرزی حکومەت بدەنەوە.
بەهۆی وەرزی گەرما و بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە ئێراندا پچڕانی لەناکاوی کارەبا زۆر بووە و ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خەڵک روو بکەنە سودوەرگرتن لە وزەی خۆر.