زووم…
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات لە سوریا رایگەیاند، رێککەوتنی عێراق و تورکیا پلانێکە دژی سەرجەم گەلی کوردستان و بابەتەکەش تەنها پەیوەندی بە لایەنێکەوە نییە.
ساڵح موسلیم بە هاوار نیوزی گوتووە، رێککەوتنەی عێراق و تورکیا هاوشێوەی رێککەوتنی ئەدەنەی نێوان تورکیا و سوریایە کە ساڵی 1998 ئەنجامدرا و تائێستاش بەردەوامە، رێککەوتنی عێراق و تورکیاش بەتایبەت ئەوەی لە 15ـی مانگی رابردوو لەژوورە داخراوەکان کراوە پیلانێکە دژی گەلی کوردستان.
بە گوتەی ساڵح موسلیم، ئەنجامەکانی رێککەوتنەکە دەرکەوتووە و پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستانی بەردەوامە و رێککەوتنەکەش هەرێمی کوردستان گەمارۆ دەدات.
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات لەسوریا دەشڵێت، تورکیا دژی گەلی کوردە، بابەتەکەش پەیوەندی بە لایەنێک یان بەشێکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو تەنها بابەتەکە بوونی کوردە، لە پرۆژە نوێیە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تورکیا تەنها ئامانجێک کە هەیبێت لەناوبردنی کوردە، بەڵام لەپلانەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
لە رۆژی 15-08-2024 بەغداد و ئەنقەرە لێکتێگەشتنێکی ئەمنییان واژۆکرد بۆ “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.” لێکتێگەشتنەکە لە ئەنقەرە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا.
لە شاندەکەی عێراق کە سەردانی ئەنقەرەیان کردبوو هەریەک لە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.