رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
عێراق و ئەمریکا لەسەر پلانى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان رێککەوتن
چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، عێراق و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر پلانێک بۆ کشانەوەى هێزى هاوپەیمانان و جێبەجێکردنەکەشى دەکەوێتە سەرەتاى مانگی ئەیلولى ساڵی داهاتوو.
راگەیاندنى پلانەکەش تەنها لەسەر رەزامەندى بەرپرسانى باڵاى هەردوولا ماوەتەوە.
رۆیتەرز رایگەیاندووە پێنج بەرپرسی ئەمریکا و دوو بەرپرسی باڵاى هێزەکانى هاوپەیمانان و سێ بەرپرسی عێراقیش پشتڕاستى رێککەوتنەکەیان کردووەتەوە، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون ناو و پێگەکەیان ئاشکرابکەن.
بەگوێرەى سەرچاوە ئەمریکیەکە کە قسەى بۆ رۆیتەرزکردووە، ژمارەیەک لە هێزەکانى ئەمریکا وەک راوێژکار دەمێننەوە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى عێراقیش رایگەیاندووە، دانوستان بۆ کشانەوەى هێزەکان بەردەوامییان هەیە، بەڵام دۆخ و سروشتى دانوستانەکان گۆڕاون، یەکێکیش لە سەرچاوە عێراقییەکان رایگەیاندووە، ئەوان پێیان باشبووە کشانەوەى هێزەکان لە عێراق بکەوێتە مانگى تشرینى یەکەمی داهاتوو، بەڵام ئەمریکییەکان سووربوون لەسەر مانەوەى هێزەکانیان تاوەکو سەرەتاى مانگی ئەیلولى ساڵی 2025 و مانەوەى ژمارەیەکیان وەک راوێژکار.
عەرەب
ناکۆکییەکانى نێو یەکێتى، مەلا بەختیار دەخاتە سەر رێگەکەى لاهور شێخ جەنگی
مەلا بەختیار وەک رۆژنامەى عەرەب دەڵێت، سەرکردەیەکی یەکێتى نیشتمانى کوردستانە و بەڕواڵەت لەنێو یەکێتى ماوە و لە راستیشدا نیگەرانە لە دۆخی ناوخۆیی حزبەکەى.
رایگەیاندووە لەدواى کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانى، ململانێ ناوخۆییەکان بوونەتە هۆی بەربوونى خوێن لە شادەمارەکانى و ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانى باڵ و تەنانەت لایەنى سیاسی دیکەش لەو ناوچەیەى، کە لەژێر دەسەڵاتیدایە، وەک ئەوەى پێشتر لە بەرامبەر لاهور شێخ جەنگى کراو بە فەرمانێک لە هاوسەرۆکی دوورخرایەوە و ئەویش پارتێکى سیاسی نوێی دامەزراند لەژێر ناوى بەرەی گەل و لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى کوردستاندا بەشداریی دەکات.
ئەوە لە کاتێکدا پارتى دیموکراتى کوردستان کە رکابەرى سەرەکی یەکێتییە دەستى گرتووە بە یەکپارچەیی ئەو ناوچەیەى لەژێردەسەڵاتیدایە لە هەردوو پاریزگاى هەولێر و دهۆک و بەوەش ململانێکان سەر لەبەرى هەڵدەگەڕێتەوە و ئەوەى کە سەرۆکى یەکێتى بانگەشەى لێسەندنەوەى سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم دەکات لە پارتى، تەنها بانگەشەیە و هیچی دیکە.
راشیگەیاندووە لە دیاریکردنى پۆستى سەرۆکایەتیى کۆماردا مەلا بەختیار پشتیوانى لە د. بەرهەم ساڵح کرد و کاتێک حزبەکەى ئەویان دیاری نەکرد بەتوندى نیگەران بووە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە مەلا بەختیار ئێستاش جیابوونەوەکەى ئاڵاى شۆڕشى لەسەر نەسڕاوەتەوە و لەنێو پارتەکەیدا هەر باس دەکرێتەوە و دووریش نییە جارێکى دیکە بونیادى بنێتەوە.
قودسى عەرەبی
چەند ئەندامێکی کۆنگرێسى ئەمریکا داوادەکەن وەزیری نەوتى عێراق سەردانى وڵاتەکەیان نەکات
رۆژى 31ـى ئابی رابردوو حەیان عەبدولغەنى رایگەیاند، لە ماوەیەکى نزیکدا سەردانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەکات و لەوێ چاوى بە چەند کۆمپانیایەک دەکەوێت بۆ ئەوەى لە 10 کێڵگەى نەوتیدا گرێبەستیان لەگەڵ واژۆبکات و بەشێک لە ئەندامانى کۆنگرێسیش بەبێ ئەوەى رۆژنامەکە ناوى هێنابن بەپاساوى ئەوەى وەزارەتى نەوتى عێراق نەوتى ئێران تێکەڵ بە نەوتى خۆی دەکات و بەناوى خۆیەوە دەیباتە بازاڕەکانى جیهان، بۆیە ئەو سەردانە رەتدەکەنەوە و نایانەوێت وەزیری نەوتى عێراق سەردانیان بکات.
بەگوێرەى نامەیەکى ناڕازیی ئەو پێنج ئەندامەى کۆنگرێس کە ئاراستەى جۆ بایدن کراوە، نەوتى عێراق بووەتە پشتیوانی سوپاى پاسدارانى ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەى عێراق، کە لە ئێراندا خزمەت بە ئەجێنداى ئێران دەکەن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە نەبیل مەرسومی، کە پسپۆڕی بوارى نەوتە لە عێراق بەدوورى نازانێت ئەو تۆمەتبارکردنەى لایەنە عێراقییەکان و کۆمپانیاى سۆمۆ بە بردنە دەرەوەى نەوتى ئێران راستبێت و تۆمەتبارکردنى عێراق بە ناردنى دۆلاری ئەمریکى بۆ ئیران واتە دەربازکردنیەتى لەو سزایانەى خراوەتە سەرى لە لایەن ئەمریکاوە.
جەریدە
لە دورگەکانى نێو کەنداوەوە ئێران پەیامى بۆ دراوسێکانى هەیە
عەلى رەزا تەنگەسیری، فەرماندەى گشتى هێزە دەریاییەکانى سوپاى پاسداران رایگەیاند، چەند جارێک گوتومانەتەوە پەیامی ئێمە بۆ دراوسێکانمان دراوسییەتى باش و پێکەوبوونە، بەڵام بوونى دوژمنەکانمان لەناوچەکەدا واتە پارچە پارچەیی و هەڵگیرساندنى فیتنە و ناکۆکی، وەک رۆژنامەکە نووسیویەتى ئاماژەیە بۆ بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە کەنداو.
عەلى رەزا، ئاماژەى بەوەشکردووە هێزەکانیان لە تەنگەی هورمز لەوپەڕیی ئامادەباشیدان و ئەوەش داوى ئەوە دێت، کە ئەمریکا هەندێک هێزی لەناوچەکەدا زیادکردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
بە ملیۆنان ئێرانی لە کۆتایی هاویندا گەشت دەکەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاوین، ژمارەی گەشتە ناوخۆییەکان لە ئێران گەیشتووەتە لوتکە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە دوو هەزار و 230 گەشتی فڕۆکە و زیاتر لە 304 هەزار سەرنشین گواستراونەتەوە. ئەم ئامارە دەریدەخات ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بە رێژەی 36% زیادی کردووە و ژمارەی سەرنشینەکانیش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 42% زیادی کردووە.
لە لایەکی دیکەوە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر رێگاکانی باکوور گەشەی کردووە و سەردانی 21 ملیۆن کەس لە هەفتەیەکدا بۆ مازەندەران بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە بەنزینخانەکان تووشی کەمی سووتەمەنی ببنەوە.
ئەبرار
لە کوەیت سێ هاووڵاتى ئێرانى لەسێدارەدران
کوەیت سزای لەسێدارەدانی شەش کەسی جێبەجێ کرد، کە سێ کەسیان ئێرانی بوون، هەروەها دوو کوێتی و یەک پاکستانی کە بە تاوانی کوشتن سزا درابوون.
ئەمە یەکەم لەسێدارەدانە لە ساڵێکدا لەم وڵاتە.
نزیکەی 400 هەزار لە دانیشتوانی کوەیت ئێرانین و ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەسە.
لە سێدارەدانی حەوت کەس لە ساڵی 2022 کە بە تاوانی کوشتن سزا درابوون، بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دیپلۆماسی لە نێوان کوەیت و یەکێتی ئەوروپا لەو کاتەدا.
ئارمانی ئیمروز
کۆماری ئازەربایجان گوشارەکانى دژی ئێران زیاد دەکات
تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئازەربایجان جارێکی دیکە بانگەشەى ئەوە دەکات بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران بەشێکن لە خاکی ئازەربایجان.
پێدەچێت حکومەتی ئازەربایجان بە سەرۆکایەتی عەلیێڤ بە پاڵپشتی هەندێک وڵاتی ناوچەیی وەک ئیسرائیل و تورکیا گوشارەکانی سەر ئێران زیاتر بکات.
ئەم بانگەشانە کە بریتین لە داواکاری گۆڕینی سنوورەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان. لەم نێوەندەدا رێبازی روسیا بۆ گوشارخستنە سەر ئێران لە یارییە جیهانییەکاندا بێ کاریگەر نەبووە.
درێژەی ئەم دۆخە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە کۆماری ئازەربایجان لەوانەیە ببێتەهۆی ناکۆکی جدی لە ناوچەدا.
ئاسیا
لە ئێران هۆشداری لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو دەدرێت
مێهدی قومشی، پسپۆڕی بواری ئاو، هۆشداریدا لە کێشەکانی ئاوی ئێران و جەختی کردەوە، بەکارهێنانی ئاو لە سنوور دەرچووە و هیچ پشکێک بۆ پاراستنی ژینگە نەماوە.
ئەو باسی لە فشارە زۆرەکانی سەر سەرچاوەکانی ئاو کرد و ئاماژەی بەوەدا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و خواردنەوەدا بووەتە هۆی وشکبوونەوەی مێرگەکان و سوێربوونی ئاوەکان.
دەڵێت، بۆ باشترکردنی دۆخەکە پێویستە بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا کەمبکرێتەوە و بەرەو بەکارهێنانی شێوازی نوێ هەنگاو بنێین.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئاک پارتی لە پەرلەمان زۆرینە لەدەستدەدات
بەگوێرەى نوێترین راپرسی، جەهەپە 13 خاڵ لەپێش ئاک پارتییەوەیە، ئەمەش ماناى ئەوەیە ئەگەری زۆرە لە هەڵبژاردنى ئایندەدا ئاک پارتی لە پەرلەمان زۆرینە لەدەستبدات و کورسییەکانى بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکات.
بەگوێرەى راپرسییەکی ناوەندی سۆنار، لە ئەگەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنێک لە ئێستادا، جەهەپە 36.2%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و ئاک پارتی 23.8%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
لە راپرسییەکەدا مەهەپە 11.2%ـى دەنگەکانى بەدەستهێناوە، ئەمەش ماناى وایە جەهەپە بە تەنها هێندەى دەنگی هاوپەیمانیی جمهووری نێوان ئاک پارتی و مەهەپەى بەدەستهێناوە.
قەرار
لە مانگی ئابدا بۆ هەر رۆژێک ژنێک کوژراوە
لە مانگی ئابدا لە تورکیا و باکووری کوردستان 31 ژن بە دەستی پیاو کوژراون، واتە لە هەر رۆژێکی مانگەکەدا ژنێک کوژراوە.
مافناسان ئاماژەیان بەوە کردووە هۆکاری زیادبوونی ژن کوشتن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سزاکانی ئەو وڵاتە بەگوێرەى پێویست نییە تاکوو سزایەکی قورس بەسەر تاوانباراندا بدرێت.
کۆمەڵەى رێکخراوەکانى ژنان رایانگەیاندووە، ئەو ژنانەى داوایان لەسەر پیاوەکانیان تۆمارکردووە لایەنی پەیوەندیدار رێکاری نەگرتووەتەبەر، بۆیە ئەو ژنانە زۆربەیان لە ماڵی خۆیاندا کوژراون.
میللییەت
خۆتان لە تیکتۆک بە دوور بگرن
تیکتۆک وەک گوێیەکی بیانی لە گیرفانتاندا وایە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان ئاشکرا بووە لەڕێى تیکتۆکەوە گوێبیستی قسەکانى بەکارهێنەرەکانى ئەو ئەپە دەبن.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن بە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانى تیکتۆک و دابەزاندنی ئەپی یارییەکان، چونکە ئەوانە مایکرۆفۆنیان کراوەیە و بە ئاسانی گوێبیسی گوتەکانتان دەبن.
یەنیچاخ
گردبوونەوە لەدژى گرانبونی خەرجی خوێندکاران بەردەواممە
دایک و باوکانى خوێندکاران و رێکخراوەکانى پەروەردە لەبەردەم وەزارەتی پەروەردە خۆپیشاندان دەکەن و داوادەکەن حکومەت چارەسەرێک بۆ گرانی خەرجییەکانى خوێندکاران بدۆزێتەوە.
سەرۆکی سەندیکای پەروەردە رایگەیاندووە، پێداویستییەکانی جانتای مەکتەبی خوێندکارێک بە شەش هەزار لیرە دابین دەکرێت، پێویستە حکومەت ئاسانکاری بۆ پێدانى خواردن و هۆکارەکانی گواستنەوەى خوێندکاران بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
خۆپیشاندەرێکی ئەمریکی-تورکی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کوژرا
هێزە ئیسرائیلییەکان بە تەقەی راستەوخۆ خۆپیشاندەرێکی ژنیان کوشت، کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکا و تورکیایە.
خۆپیشاندانەکە لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین لە دژی فراوانبوونی داگیرکارییەکانی ئیسرائیلییە هاوردەکانەوە رێکخرابوو.
بەهۆی رووداوەکەوە کۆشکی سپی رایگەیاند، زۆر بە قووڵی نیگەرانی کوشتنی ئەو هاووڵاتییەیە و داوای لە ئیسرائیل کرد بەزوویی لێکۆڵینەوە لە رووداوکە بکات.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش رایگەیاندووە، فیشەک بەر سەری کەوتووە و تاوانەکەشی لە ئەستۆی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ دایە.
تایمز
دەوڵەمەندەکانی بەریتانیا ئامادەن بەهۆی مەترسییەکانی باج لە بودجەدا وڵاتەکەیان جێ بهێڵن
تاوەکو دێت ژمارەی ئەو کەسە دەوڵەمەندانەی بەریتانیا، کە دەیانەوێت وڵاتەکەیان جێبهێڵن زیاتر دەبێت، ئەمەش لەوکاتەوە دەستیپێکردووە، کە پارتی کرێکاران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و وەزیری خەزێنەی ئەو وڵاتە بەنیازە لە بەدجەدا وەرگرتنی باج لەو کەسانە زیاتر بکات، کە سامانی زیاتر بەدەست دەهێنن. کۆمپانیایەکی دابینکردنی خزمەتگوزاریی دۆزینەوەی شوێن لە دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، رێژەی ئەو دەوڵەمەندانەی دەیانەوێت لە وڵاتێکی دیکە بژین، بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، 69% زیادی کردووە.
ئیندپێندنت
زیندانەکانی بەریتانیا هێندە پڕن وڵاتەکە بیر لە بەکرێگرتنی زیندانێک لە ئیستۆنیا دەکاتەوە
ژمارەی زیندانییەکانی بەریتانیا گەیشتوونەتە ئاستی پێوانیەیی تاوەکو ئەو رادەیەی وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە رایگەیاندووە حکومەت هەرچی لەدەستی بێت دەیکات بۆ چاودێرێکردنی ئەو تاوانبارە مەترسیدارانەی لە زیندانەکاندان و پلانیش هەیە لە وڵاتی ئیستۆنیا زیندانێک بەکرێ بگرن.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 88 هەزار و 521 کەس لە زیندانەکانی بەریتانیادا بوون، ئەمەش 171 کەسی زیاتر لە هەفتەی پێشوو و بەرزترین ئاستە تائێستا لە وڵاتەکەدا تۆمار کرابێت.
عەرەب نیوز
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات هێزی ئاشتیپارێز لە سودان دابنرێت
دامەزراوەیەکی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایکرد وڵاتە زلهێزەکانی جیهان هێزی ئاشتیپارێزی سەربەخۆ لە سودان جێگر بکرێن بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە خراپ بەکارهێنان و تاوانی جەنگی لە دژیان لەلایەن هەردوو لایەنی شەڕکەرەوە.
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەردوو لایەنی شەڕکەر لە سودان تاوانەکانی دەستدرێژیی، ئەشکەنجە و رەشبگیرییان ئەنجامداوە و دۆخەکە هێندە خراپە پێوسیتی بە دەستێوەردانی دەستبەجێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.