زووم..
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چالاکێکی سیاسیی کە ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە دەستگیریان کردووە و رادەستی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردوەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماڵپەری خۆی بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، بێهزاد خوسرەوی، پەنابەری سیاسی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانیان رادەستی ئێران کردوەتەوە کە ناوبراو خاوەن پێداویستیی تایبەتە.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاودا باس لەوەش کراوە، کە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی فشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی بێهزاد خوسرەوی زیاد کردووە و ١٠ رۆژ مۆڵەتیان بە دایک و خوشکەکەی داوە کە شاری سلێمانی بەجێبهێڵن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بێهزاد خوسرەوی و بنەماڵەکەی لەلایەن کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسنامەی پەنابەریان پێدراوە، کە هیچ وڵاتێک مافی رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی نییە، تەنانەت ئەگەر کەسەکە تۆمەتبار بکرێت بە ئەنجامدانی تاوان.