رێبوار کەریم وەلی
ئەوەی بەرامبەر مەلا بەختیار کراوە، تەسفییەیەکی حزبییە لە چەشنی ئەوەی لە 8ی تەمموزی 2021 بەرامبەر لاهوری شێخ جەنگی کرا. ئەوێ رۆژێ دەبوایە بەرامبەر ئەو ملهوڕییە، هەڵوێستێکی جیددی هەبوایە و وەک ململانێی نێو خانەوادە تەسنیف نەکرابایە.
بافڵ، هەمووی واتێگەیاندن کە ژەهرخواردوو کراوە و قوبادی براشی وەک شانامە دەیهۆنییەوە. لەپڕ مەلا بەختیاریش رایگەیاند کە ژەهرخواردوو کراوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ ناوی کەسی نەهێنا!
ئەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا روو دەدات، هیچی سەبەب نییە و، بگرە ئەنجامە. ئەنجامی ئەوەی کە رێگرییان لە رێڕەوی مێژوو کرد.
لە 2012 کە مام جەلال کەوتە غەیبوبەوە، هەموو کەس دەیزانی کە ژیانی سیاسیی ئەو پیاوە کۆتایی هاتووە. ئەو کاتە بێ پێچ و پەنا، مەلا بەختیار بووە بەشێک لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی و برایم ئەحمەددا.
بە درێژایی ئەو ساڵانە و تا مردنی مام جەلالیش، مەلا بەختیار یەکێک بوو لە نزیکترین و بگرە فەردێکی بنەماڵەی تاڵەبانی. تەنها هێرۆی برایم ئەحمەد، نەجمەدین کەریم و ئەو بوون کە مانگانە سەردانی نەخۆشخانەی چارێتییان دەکرد. ئەگەر ئەوێ رۆژێ مەلا بەختیار راستگۆیانە گوتبای هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی تاڵەبانی نییە، کۆنگرەیەکی بەپەلە کرابایە و جێگرەکانی تاڵەبانی دەسەڵاتیان گرتبایە دەست، قەت ئەوەی ئێستا رووی نەدەدا. بە پێچەوانەوە ئەوەندە دەستی دەستییان بەو مەسەلەیە کرد تا شیرازەی یەکێتی لەبەریەک هەڵوەشا.
ئەو بافڵەی ئەمڕۆ بەربۆتە ژیان، خاک و خەڵکی سلێمانی لە 2012ەوە کە دوای چەندین ساڵ لە دەرکردنی لە کوردستان توانی بگەڕێتەوە، ئەو کاتە مارمیلۆقێکی بچوک بوو. لە ناو قۆڵی کراسی مەلا بەختیار و بنەماڵەی بارزانیدا پەروەردە کرا و بوو بەو ئەژدیهایەی ئێستا! چونکە ئەم جووتە برایە، بە پاڵپشتی و بێدەنگی نواندنی تێکۆشەرانی یەکێتی گەیشتنە ئەو ئاستەی کە بڵێن حزبەکە موڵکی باوکیانە و بە میرات بۆ ئەوان بەجێماوە.
ئینجا بەوەش نەوەستان و خاک و خەڵکی سلێمانیشیان لەسەر خۆیان تاپۆ کرد، وەک ئەوەی ئەوانیش میراتی باکیان بێ و لە رابردوودا لە دورگەی واقواقڕا لەلایەن تاڵەبانییەوە هێندرابنە سلێمانی.
ئێستا بە پارتیشەوە، هەموو دەڵێی تازە خەبەریان بۆتەوە کە چ جانەوەرێکیان بەرداوەتە گیانی میللەتەوە!؟ بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بافڵ دەیکات، بە دڵنیاییەوە سبەی بەرامبەر ئەوانی ماویشن دەیکات. ئەگەر ئەو رێڕەوە ئێستا راست نەکرێتەوە، باجی ئەو مێژووە زۆر قورس دەبێ.