زووم..
بزووتنەوەی گۆڕان بەنیازە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری ناوخۆی بکات، بەڵام ئەم هەنگاوەی بێ گرفت نییە.
مستەفا سەید قادر و دانا ئەحمەد مەجید دوو کەسن لەوانەی چاویان لەسەرە بۆ ئەوەی ببنە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
ململانێی ئەم دوو سەرکردەیەی گۆڕان وایکردووە پڕۆسەی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە بەجۆرێک دوابکەوێت کە هێشتا کاتی یەکلاکردنەوەی پۆستەکە دیارینەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، دانا ئەحمەد مەجید کە تازە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان بەو مەرجە دەبێتە رێکخەری بزوتنەوەکە، کە گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بکشێتەوە و بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیش نەکات.
ئەم مەرجەی دانا ئەحمەد مەجید ئاسان نییە و پێناچێت بزووتنەوەکە بچێتە ژێرباری، بەتایبەت کە کاندیدەکەی دیکەی رێکخەر رای جیاوازە.
مستەفا سەید قادر کە جێگری سەرۆکی هەرێمە، ئەویش کاندیدی رێکخەری گشتی گۆڕانە و دەیەوێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
مستەفا سەید قادر کە سەرۆکی تیمی گۆڕانیشە لە حکومەت، دژی ئەوەیە بزوتنەوەکە لە حکومەت بکشێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان دووجار بەشداری حکومەتی کردووە، لە کابینەی هەشت و کابینەی نۆ، لە کابینەی هەشت پارتی رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بگەڕێتەوە هەولێر و دواتریش وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکومەت دوورخستەوە.
لە کابینەی نۆدا بزوتنەوەی گۆڕان بە جێگری سەرۆکی هەرێم و چوار وەزیر و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی بەشداری کردووە، باسکردن بۆ کشانەوەیان لەم کابینەیە تەنها پێشنیازە و بزوتنەوەکە هەنگاوی کرداری بۆ نەناوە.
رەنگە کشانەوەی گۆڕان نەبێتە بڕیاری حزبەکە چونکە کابینەی نۆیەم تەنها چەند مانگێکی ماوە و پاش هەڵبژاردن کابینەیەکی دیکە هەڵدەبژێردرێت، ئەم کابینەیە کە دوو ساڵە ماوەکەی بەسەرچووە، بەڵام وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رازین و ئامادەشبوون لە حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوامبن.