زووم..
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ هاوسەنگی و سەقامگیری لە نرخی نەوت هەناردەی نەوتمان بۆ سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمکردوەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، بە گوێرەی بڕیاری کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەس کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، عێراق لە ٢٧ی ئابەوە هەناردەی نەوتی بۆ سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمکردۆتەوە، کە بەکارهێنانی ناوخۆیش دەگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە عێراق رازی بووە بە کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت کە بڕەکەی دەگاتە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە و تاوەکو تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی نەوت دەڵێت، لە یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤وە تاوەکو تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بە قۆناغبەندی بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
وەزارەتەکە لە کۆتاییدا رایگەیاندوە، لە چوارچێوەی پابەندییەکانی عێراق بۆ سەقامگیری لە نرخی نەوتدا ئەم هەنگاوەی ناوە.