رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت کۆنترۆڵی سیخوڕیی دەنگ تۆمارکردن و دزیی سەدە بکات
هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدات قەیرانەکانی سیخوڕیی دەنگ تۆمارکردن و دزیی سەدە لە عێراقدا کۆنترۆڵ بکات.
سەرچاوە سیاسییەکان بە شەرقلئەوسەتیان راگەیاند، هاوپەیمانییەکە بەهۆی ئەو دوو دۆسیەیەوە ترسیان لە رووخانی سیستمە سیاسییەکەی عێراق لێ نیشتووە، بە تایبەت دوای ئەو تۆمەتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری کرد.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغداد، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و داوای لێپرسینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم لەو دۆسیەیانە کرد، جەختی لە پاڵپشتیکردنی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکانیش کردووەتەوە.
قودسی عەرەبی
واشنتن ئامادەکاریی پێشکەشکردنى پێشنیازێکى نوێ بۆ ئاگربەست دەکات و نەتانیاهۆش لەسەر کوژرانى شەش بارمتەکە وەڵام دەداتەوە
ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەمای بگەیەنیتە رێککەوتنى ئاگربەستی کەرتى غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمەتەکانی نێوانیان بە پێشکەشکردنى پیشنیازێکى نوێ.
ئەوە لە کاتێکدا کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوزیرانى ئیسرائیل، بەگوێرەى راپۆرتەکان، بەدووری دەزانێت نزیکبوونەوەیەک هەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى ئاگربەستەکە.
عەرەبی جەدید
ناکۆکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یاخیبوونە لە نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق
لایەنێکى دیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە باکووری سوریا، رەخنەی توند لە عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا دەگرێت، لەسەر ئەو کرانەوەیەى تورکیا بۆ رژێمی سوریا پێشنیازی کردووە و دەستیکردووە بە زاڵکردنى خۆی بەسەر لایەنە ناکۆک و ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریا.
بەتایبەتى لەڕووی سەربازییەوە، کە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەنقەرە، بە تایبەت دوای کردنەوەی دەروازەکانی نێوان باکوور و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمەکەى بەشار ئەسەد، بۆ زەمینەسازیی سەرکەوتنی نزیکبوونەوەکانى ئەنقەرەیە لە دیمەشق.
عەرەب
ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل زامێکی دەروونى قوڵی لەسەر لوبنانییەکان جێهیشتووە
لوبنانییەکان زیاتر نیگەران دەبن لە ئەگەری روودانی جەنگێکی دیکەی سەرتاسەری لە نێوان چەکدارانى حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل، چونکە لە سەرەتای بەرپابوونى جەنگەکەوە لە کەرتى غەزە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە، پێکدادان لەنێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانى نێوانیان سەریهەڵداوە.
ئالا فەقیھـ ، خاوەن فرۆشگایەکە، شەوەکانى بەئاگا بەسەر دەبات و ترسی لە روودانى کارەساتێکی دیکەی هەیە کە رەنگە رووبەڕووی لوبنان بێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
پاپا و ئیمام پەیماننامەیەکی یەکڕیزیی ئیمانی ئیمزادەکەن
هەردوولا داوادەکەن ئاین بۆ نانەوەی ململانێ بەکارنەهێنرێت.رۆژی پێنجشەممە نەسرەدین عومەری ئیمامی باڵای وڵاتی ئەندەنوسیا و پاپا فرانسیسی پاپای فاتیکان، لە مزگەوتی ئیستیقلال لە جاکارتای سەر بە ئەندەنوسیا پەیماننامەیەکی هاوبەشیان ئیمزاکرد. تیایدا هۆشداری دەدەن، کە نابێت ئاین بۆ نانەوەی ناکۆکی بەکاربهێنرێت. بابەتی سەرەکیی پەیماننامەکە بریتییە لە یەکێتیی نێوانی ئاینەکان. لە سەردانەکەی پاپا فرەنسیسی پاپای فاتیکاندا بۆ ئەندەنوسیا ئەم پەیماننامەیە ئیمزاکراوە، ناوی لێنراوە (کارسازیی ئاینی لەپێناوی مرۆڤایەتییدا). تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەرئەوە کردووەتەوە، کە ئەو توندوتیژی و ململانێیانەی لە دنیادا بڵاوبوونەتەوە زیان لە مرۆڤایەتی دەدەن
دەیلی تەلەگراف
رەنگە زیندانییەکانی بەریتانیا بنێردرێن لە زیندانەکانی ئیستۆنیا ماوەی حوکمەکانیان بەسەربەرن.
پلانێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی پەستانی سەر زیندانەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیاش بیر لەوەدەکاتەوە پلانەکەی بەریتانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەراندا بەکاربهێنێت.
پلانێک هەیە وەزیرەکانی حکومەتی بەریتانیا بیری لێدەکەنەوە کاری پێبکەن، بریتییە لە ناردنی تاوانبارە حوکمدراوەکانی ناو بەریتانیا بۆ زیندانەکانی وڵاتی ئیستۆنیا، بۆئەوەی قەرەباڵەغیی زیندانە ناوخۆییەکانی خۆی کەمببێتەوە. ئیستۆنیا وڵاتێکی ئەوروپییە سەر بە دەریای بەڵتیکە، پێشنیازی کردووە بۆ وڵاتانی دیکە بتوانن هەندێک لە زیندانە چۆڵەکانی بەکرێ بگرن، بۆیە ئێستا بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی وەزارەت بیر لەوەدەکاتەوە زیندانەکانی ئیستۆنیا بەکرێ بگرێت. لەلایەکی دیکەوە ئەڵمانیا بیر لەوەدەکاتەوە هەندێک لە پەنابەرە بێوەڵامەکانی لای خۆی بنێرێت بۆ وڵاتی رواندا، چونکە بەریتانیا لەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی ئەفریقا شوێنی بۆ پەنابەران دابین کردووە، بەڵام حکومەتەکەی ستامەر پلانی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە.
تایمز
لەدەم وەردانی ئاو و خوێ دەتوانێت کێشەی سەرمابوونی منداڵان چارەسەر بکات
چەندان ساڵ نەنکەکانمان گوتویانە بۆ چارەسەرکردنی سەرما و لەرزی منداڵان گیراوەیەکی ئاو و خوێیان بۆ بگرنەوە با لەدەمی وەربدەن چاکدەبن. ئەوان گوتویانە ئەم چارەسەر بۆ سەرما و کۆکە و نەخۆشییەکانی دیکەی منداڵانیش باشە. بەڵام تازە بەم دوواییانە زانایان هەندێک بابەتی زانستییان دۆزیەوەتەوە پشتگیری لەم روانینە کۆنە دەکات و دەڵێن ئەو منداڵانەی کە تووشی هەڵامەت دەبن، ئەگەر دوو رۆژ ئاو و خوێی گیراوە لە دەمیان وەربدەن، نەخۆشییەکەیان چاکدەبێت.
لەکۆنگرەی کۆمەڵەی کۆئەندامی هەناسەدا، کە لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا سازکرا، بە توێژینەوەیەک ئەوە سەلمێندراوە رادانی ئاو و خوێ لە دەمی منداڵ توانای چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی هەیە بەهۆی سەرمابوونەوە دروستدەبن.
فاینەنشیەڵ تایمز
بۆ دەربازکردنی فەرەنسا لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، ماکرۆن بارنێری راسپارد ببێت بە سەرۆکوەزیران
بارنێر جەنگاوەرێکی دێرینە، بەڵێنیداوە گۆڕانکاری بکات و رێز لە روانینی هەموو پارتە سیاسییەکانیش بگرێت.
لە بڕیارێکدا بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی کە لە پاش دووایین هەڵبژاردنەوە فەرەنسای تێکەوتبوو، دوێنێ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا میشێل بارنێری راسپارد ببێت بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و حکومەت دروست بکات. بارنێر تەمەنی 73 ساڵە، لە دانوستاندنەکانی چوونەدەرەوەی بەریتانیادا لە یەکێتیی ئەوروپا بارنێر نوێنەری ئەوروپا بووە، ئەندامی پارتی کۆماریی پارێزکارە.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەڤرەنسەل
لە هەشت مانگدا 280 ژن کوژراون
ژن کوشتن لە تورکیا کۆتایی نایەت تادێت ژمارەکان زیاتر دەبێت.
لە هەشت مانگی ئەمساڵدا لە تورکیا و لە باکووری کوردستان 280ژن بەدەستی پیاو کوژراون. لەو ژمارەیەش 162 ژنیان لە ماڵی خۆیاندا کوژراون.
حوڕییەت
حکومەت پلانی سێ ساڵیی بۆ باشکردنی ئابووری راگەیاند
بە یاوەری جەودەت یڵماز یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا شەش وەزیری حکومەتی ئاک پارتی کۆبونەوە.
ئامانج لەو کۆبونەوەیە بۆ باشکردنی ئابووری تورکیا و دابەزینی رێژەی هەڵاوسانە لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا.
بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆبونەوەکە حکومەت ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2025 رێژەی هەڵاوسان بگەیەنێتە 17.5 و داهاتی تاک لەو وڵاتە لە ساڵی 2025 دا بگەیەنێتە 17 هەزار و 28 دۆلار.
یەنی شەفەق
100 هەزار گەنج لەبواری کشتوکاڵدا راهێنان دەکەن
حکومەتی تورکیا بۆ بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ لەو وڵاتە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان خولی راهێنان بۆ 100هەزار جوتیاری گەنج دەکاتەوە.
ئامانج لەو راهێنانە بۆ پەروەردەکردنی جوتیاری نوێیە لەو وڵاتە. تەنانەت جوتیارەکان خولی بەکارهێنای درۆنی کشتوکاڵی دەبینن.
سۆزجو
ئاک پارتییەکان حەزیان لە پاقلاوە بەخشینەوەیە!
سەرۆکشارەوانییەکی پێشووی ئاک پارتی، لەوادەی پێنج ساڵی سەرۆکشارەوانیدا نزیکەی پێنج تۆن پاقلاوەی بەخشیوەتەوە.
شەیما دۆغچو بەرپرسێکی ئاک پارتی یە لە خولی رابردوودا سەرۆکشارەوانی پێشووی شارۆچکەی سەنجاک تەپە لە ئیستەنبوڵ بووە 4.7 تۆن پاقلاوەی بەخشیوەتەوە. لەئێستادا ئەو شارەوانییە کەوتووەتە دەست جەهەپە و پارەی پاقلاوەکانیش وەک قەرز لەسەر شارەوانییەکە ماوە دەبێت سەرۆکە نوێیەکەی جەهەپە بیدات.