زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
رێژەى چاپکردنی کتێب لە تورکیا کەم بووەتەوە
یەکێتیی چاپخانەکانی تورکیا لە راپۆرتێکی نوێیدا رایگەیاند، تادێت چاپکردنى کتێب لە تورکیا و لە باکووری کوردستان کەم دەکات.
بەگوێرەى راپۆرتەکە لە ساڵى 2016ـدا بە تێکڕا 404 ملیۆن کتێب چاپ کراوە. سەرەڕای زیادبوونی ژمارەى دانیشتوانى ئەو وڵاتە چاپکردنی کتێب لە 2023ـدا بۆ 400 ملیۆن کتێب بووە و رێژەکە کەم بووەتەوە، بە ژمارەیەک بۆ هەر کەسێک 7.5 کتێبی بەردەکەوێت.
بەگوێرەى راپۆرتەکە زۆرترین کتێب لە بواری پەروەردە و فێرکردندا چاپ کراوە.
یەنیچاغ
نرخی لیمۆ بەشێوەیەکی بەرچاو لە تورکیا گران کرا
نرخی کیلۆیەک لیمۆ لە کێڵگەکان 11 لیرەیە، بەڵام لە مارکێتەکان بە 55 لیرە دەفرۆشرێت واتە بە چوار هێندەى نرخی خۆی.
بەگوێرەى ئامارەکان لە مانگی ئابدا زۆرترین نرخ لەسەر لیمۆ زیاد بووە بە رێژەى 370%. لەپاش ئەویش نرخی گوێزەر و پیازی وشک گران بووە.
هەروەها لە 37 بەرهەمی سەوزە و میوە، نرخی 22ـیان بەشێوەیەکی دیار بەرزبووەتەوە.
ئەڤرەنسەل
لە هەشت مانگدا زیاتر لە هەزار کرێکار لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە
ژمارەى ئەو کرێکارانەی لەسەر کارەکانیان گیان لەدەستدەدەن روو لە زیاد بوونە. بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان لەماوەى هەشت مانگی ئەمساڵدا لایەنیکەم هەزار و 201 کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە. تەنها لە مانگی ئابدا 179 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
یەنی ئاسیا
تورکیا لەبەردەم کێشەی بێئاویدایە
پڕۆفیسۆر لوتفو ئاکچە، سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەى ئاو لە تورکیا رایگەیاند، لە ساڵەکانى داهاتوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی زیادبوونی رێژەى دانیشتوان و گۆڕانی کەشوهەواوە، بەرزونزمی لە ئاستی ئاودا روودەدات و پێشبینی دەکرێت تورکیا ناوی بچێتە ئەو وڵاتانەى کە رووبەڕووی کێشەى بێئاویی ببێتەوە.
رۆژنامە عەربییەکان
شەرقلئەوسەت
لە کێشەى دزیی سەدەى عێراقدا سەرۆکی دەستەى دەستپاکی زانیاری نوێ ئاشکرادەکات
حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەى دەستپاکى عێراق لە هەولێر رایگەیاند، لە دادگاى لێکۆڵینەوەى بەغداد بەشێک لە دۆسیەى تایبەت بە نور زوهێر کە بە دزیی سەدەى عێراق ناسراوە و ونکراوە.
رایگەیاند، ناوبراو وەک بارهەڵگرێک پارەکەى گواستووەتەوە ئەى بۆچى لەو 720 دۆنمە زەوییەى بەسرە ناپرسنەوە، کە بەناوەى وەهمییەوە تۆماری کردووە.
حەیدەر حەنوون گوتى، دادوەرو وەزیرەکان یەکی 600 مەتر چوار گۆشەیان لە حکومەتى پێشوو وەرگرتووە لە پێناوى پشتیوانیکردنیان لە حکومەت.
داوشى لە ئەنجومەنى دادوەری عێراق کردووە، کە ئەو دادوەرانە بگۆڕێت، کە بۆ دادگاییکردنى نور زوهێر دانراون و ئامادەیی خۆیشى دەربری، کە لەگەڵ دادوەر زیاء جەعفەر پێکەوە بچنە بەردەم پەرلەمان و بەدەنگى بەرز قسەکانیان بکەن.
سەباح
عێراق نزیکەى نیوەى دەرمانى شێرپەنجە لەناوخۆدا دابیندەکات
د. سەیف بەدر، گوتەبیژی وەزارەتى تەندروستیى عێراق رایگەیاند، لە ماوەى رابردوودا پیشەسازیی دروستکردنى دەرمان لە ناوخۆی عێراقدا گەشتووەتە رێژەى 40% بۆ 50%ـى پێداویستییە ناوخۆییەکان، بەشێک لەو دەرمانانەش تایبەتن بە شێرپەنجە و گرێبەستکراوە لەگەڵ 40 کارگەى بەرهەمهێنانى ناوخۆی بۆ دابینکردنى دەرمان بۆ شێرپەنجە جۆراوجۆرەکان، ئەوە جگە لەوەى لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانى ئەوروپاش گریبەستمان کردووە بۆ دابینکردنى دەرمانى شێرپەنجە.
گوتەبێژەکەى وەزارەتى تەندروستى جەختى کردەوە دابینکردنى دەرمان لەناوخۆی وڵاتدا جگە لەوەى سامانى وڵاتەکەمان ناچێتە دەرەوەى سنوورەکان، زووتر دەگەنە نەخۆشخانەکان، زیاتر دەتوانین چاودێرییان بکەن و لەکاتى کەموکوڕیشدا لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەین، ئەوە سەرەڕای ئەوەى ژمارەیەکى زۆر هەلى کار بۆ خەڵکی وڵاتەکەمان پەیدا دەکات.
عەرەب
ژیریی دەستکرد دەستی کارى کەمکردووەتەوە و دادپەروەریی ناهێڵێت
رێکخراوى کارى نێودەوڵەتى رایگەیاند، لە ساڵی 2024 دا رێژەى بەدەستهاتوو لە دەستى کار 1.6 % دابەزیوە و بەوەش لە سەر ئاستى جیهان بەڕیژەى دوو ترلیۆن و 400 ملیۆن دۆلار زیانى بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.
سیلیست دریک، جێگری بەڕێوەبەرى گشتى رێکخراوەکە رایگەیاند، پێویستە هەموو رێککارەکان بگیرێتەبەر بۆ ئەوەى دەستى کار لەبەردەم زیرەکى دەستکرددا زیانى زۆرترى بەرنەکەوێت.
رایگەیاند، شۆڕشی ژیریی دەستکرد نادادپەروەیی زیاتر پەرەپێدەدات لەبەرئەوەى لەمەودوا داهاتەکان زۆرتر بۆ لاى ئەوکەسانە دەچن سامانى زۆرتریان هەیە و زۆرترین ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن و ئەوەش دەبێتە هۆی پەیدابوونى نادادپەروەریی زیاتر.
دەستور
عێراق لەماوەى شەش مانگدا زیاتر لە 46 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە
بەڕێوەبەرایەتى زانیارییەکانى وزەى ئەمریکا رایگەیاند، کە لەماوەى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵەوە 46 ملیۆن و 49 هەزار بەرمیل نەوت و پێکهاتەکانیان لە عێراقەوە هاوردەکردووە.
دەڵێت، عێراق تەنها لەماوەى مانگى حوزەیرانى رابوردوودا هەشت ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوە.
بەڕێوەبەرایەتیەکە رایگەیاندووە، عەرەبستانى سعودیە زۆرترین هەناردەى بۆ ئەمریکا هەبووە، کە 69 ملیۆن و 459 هەزار بەرمیل نەوت و پێکهاتەکانى بووە.
روونیکردوەتەوە، هەناردەکردنى نەوتى عێراق لەم ساڵانەى دواییدا زۆر زیادی کردووە، لە هەندێک لە مانگەکانى ئەمساڵدا ژمارەى پێوانەییان شکاندووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
رووداوی گرینفێڵ کارەساتێکە بەهۆی تەماع و فەرامۆشییەوە روویدا
لە پاش حەوت ساڵ چاوەڕوانیکردن تازە راپۆرتێکی پۆلیس دەڵێت، ئەو رووداوە دەکرا رێگریی لێ بکرایە و رووینەدابا.
کیە ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا داوای لێبوردن دەکات و فشاریشی لەسەر دروستبووە، کە لە ئاستی “تاوانبوون”ـدا مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوەدا بکات. گرینفێڵ تەلارێکی نیشتەجێبوونی 24 نهۆمی بوو، لە ناوچەی کێنسینگتنی باکوور لە رۆژئاوای لەندەن، لە شەوی 14ـى حوزەیرانی 2017ـدا ئاگری تێ بەربوو.
ئاگرەکە ماوەی 60 کاتژمێری بەردەوام درێژەی کێشا و نەکوژایەوە، تێیدا 72 کەس مردن و 70 کەس برینداربوون، 223 کەسیش توانییان دەربازبن.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوێنێ ئاشکراکران، روودانی سوتانەکە وەک تاوان لە قەڵەم دراوە.
هەموو رۆژنامە بەریتانییەکانی ئەمڕۆ ئەم بابەتەیان کردووە بە سەردێڕی لاپەڕە یەکی خۆیان.
فاینەنشیەڵ تایمز
بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە پاشەکشەدایە و ڤاڵڤۆش بڕیاریدا ئۆتۆمبێلى کارەبایی دروست نەکات
کۆمپانیای ڤاڵڤۆ دەستبەردارى ئەو پلانەی دەبێت کە بەرنامەی بۆ دانابوو هەتا ساڵی 2030 بتوانێت، تەنها ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروست بکات.
هۆکاری ئەم هەڵوێستە نوێیەشیان ئەوەیە پاشەکشەیەک لە ئاستی فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا روویداوە، کە تەنها بە پاترییەک کاردەکەن.
ئەم کۆمپانیا رەچەڵەک سویدییە، کە لەلایەن کۆمپانیای جیڵییەوە کڕدراوەتەوە یەکەمین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل بوو رایبگەیەنێت بە تەواوی دەست دەداتە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەڵام بۆچونەکەی خۆیی گۆڕیوە.
جیم رووان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم کۆمپانیایە گلەیی لە گۆڕانی بازاڕ و خواستی شۆفێران دەکات، دەڵێت ئەوان هۆکارن.
هیراڵد
ئومێد دەکرێت ژیریی دەستکرد بتوانێت ڤاکسینی نوێ بۆ کوشتنی ڤایرەسەکان بدۆزێتەوە
زانایان چاوەڕێن ژیریی دەستکرد بتوانێت رێ خۆش بکات بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی نوێ
چەند زانایەکی زانکۆی گڵاسکۆ لە سەنتەری توێژینەوە لە ڤایرەسەکان، کە بە سی ڤی ئاڕ ناسراوە، ژیریی دەستکردیان بەکارهێنا بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی کارایی ئەم زانستە نوێیە لە پێشنیازکردنی بونیادی پرۆتینیی چەند جۆرێک ڤایرەسی ناسراو بە فڵاڤیریداکدا.
ئومێدیشیان زۆرە لەم روەوە بگەن بە ئەنجامێکی باش، چونکە ڤایرەسێک لەنێو ئەم زنجیرەیەدا هەیە ناوی هیپ-سییە، تائێستا هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ژیریی دەستکرد بتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. تەکنەلۆژیایەکی نوێی ژیریی دەستکرد بە دوو شێواز بونیادنراوە، ناویان ئەلفا فۆڵد و ئیسم فۆڵدە، کە دەتوانێت پرۆتینی ڤایرەسەکان بناسێتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیلییە جووەکان رەشبینن رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست بەمزووانە بکرێت
بەگوێرەی راپرسییەکی پەیمانگای دیموکراسی ئیسرائیل، لە 78%ـى ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، کە هاووڵاتیی جووی ئیسرائیلن، رەشبینن بەمزووانە هیچ رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بکرێت.
راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکەش لەکاتێکدایە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، دەکرێت ئیسرائیل لە رێڕەوی فیلادێلفیا بکشێتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەونێکی هەمیشەیی لە غەزە.