زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
پزیشکیان دەڵێت، ئێران نەشتەرگەریی زۆری پێویستە و دەبێت دەسەڵاتەکان شۆڕ بکەینەوە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران لە کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ بازرگانیى باکوورى رۆژهەڵاتى ئێران رایگەیاند، ناکرێت لە سەرەوە کۆمەڵێک خەڵک بڕیار بدەن و ئەوەى دیکە تەنها جێبەجێی بکات، پێویستە لە بازنەى ناوەندگەرایی بچینە دەرەوە، دەسەڵات شۆڕبکەینەوە بۆ هەموو ئەو پێگە و پلانەى بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە، لە هەمان کاتیشدا شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتیش بەبێ پلانى پێشوەختە دەبێتە پاشاگەردانى، لە پێشدا دەبێت بزانین چیمان دەوێت و بەرپرسیارێتیش ئەخەینە ئەستۆی کێ؟
ئەو گوتى، ئەرکى حکومەتە کەرتەکانى بازرگانى و پیشەسازی و ئەوانى دیکەش ببوژێنێتەوە، ئەگەرنا من ئیشم چییە؟
لەبارەى سەردانەکانى پزشکیان رایگەیاند، یەکەمجار دەچێتە عێراق و دواى ئەویش تورکەمەنستان.
گوتى، وەزیرەکانى دەرەوە و بازرگانیم ئاگادارکردووەتەوە پلانێک دابڕێژن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە بازرگانییەکانیى وڵاتەکەمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەى سەردانیان دەکەین.
پزیشکیان نەیشاردووەتەوە سەرۆکی پەرلەمان لەمپەر لەبەردەم کارەکانیدا دروستدەکات و رایگەیاندووە، رەخنەى بێ بنەمامان لێدەگرێت ئەوەش پێچەوانەیە لەگەڵ پشتیوانییەکانى رێبەرى وڵات، کە پشتیوانى بۆ حکومەتەکەمان دەربڕیوە.
سەباح
باڵیۆزی عێراق لە ئێران دەڵێت، دەمانەوێت قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی ساڵانە لەگەڵ ئێران بگەیەینینە 20 ملیار دۆلار
نەسیر عەبدولموحسین، باڵیۆزی عێراق لە ئێران لە کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ پارێزگاری سمنان کە دەکەوێتە 120 کیلۆمەترى رۆژهەڵاتى تاران و بە یەکێک لە پارێزگا پیشەسازییەکانى ئێران ئەژمار دەکرێت گوتى، ئێستا قەبارەى ئاڵوگۆڕی بازرگانى لەنێوانیاندا 10 ملیار دۆلارە و دەمانەوێت بیگەیەنینە 20 ملیار دۆلار.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەنێوان هەردوو گەلى عێراق و ئێراندا چەندین خاڵی هاوبەش هەیە دەتوانین بیکەینە دەستپێکى فراوانترکردنى پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانمان، ئامادەیی وڵاتەکەشى راگەیاند بۆ کارکردن لەگەڵ دامەزراوە پیشەسازییەکانى سمنان کارگەى پیشەسازیی هاوبەش دروستبکەن.
ئەو دەڵێت، پارێزگاى سمنان یەکەمین پارێزگای ئێران دەبێت کە یەکە پیشەسازییە هاوبەشەکانى نێوان عێراق و ئێرانى تێدا بونیاد بنرێت.
باڵیۆزی عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، ئێستا 1200 قوتابی عێراقى لە ئێراندا سەرقاڵی بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵان و کاردەکەن بۆ ئەوەى لە مەودوا زانکۆکانى سمنانیش هەڵببژێرن بە مەبەستى بەدەستهێنانى بڕوانامەى جۆراوجۆر.
محەمەد رەزا هاشمی، پارێزگارى سمنانیش هەموو ئامادەییەکى پارێزگاکەى راگەیاند، کە پێشوازیی لە هاتنى بازرگان و قوتابییانى عێراق دەکات.
عەرەب
کۆتایی ئەم مانگە روسیا سەرۆکەکانى تورکیا و سوریا کۆدەکاتەوە
رۆژنامەى وەتەنى نزیک لە حکومەتى سوریا رایگەیاند، سەرچاوەیەکى ئەمنى پێی راگەیاندوون لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەنێوەندگیرى روسیا سەرۆکانى تورکیا و سوریا کۆدەبنەوە و تاوەکو ئەو کاتەش خشتەى کارى هاوبەش دادەڕێژرێت.
بەگوێرەى گوتەکانى ئەو سەچاوەیەى رۆژنامەى وەتەن، کە ناوى بڵاونەکراوەتەوە لە ئێستاوە بەشێک لە خشتەى کارەکان دانراون کە بریتین لە دیاریکردنى ئەو گرووپانەى هەردوولا باوەڕیان وایە تیرۆیستن، دانانى پلانێک بۆ قەڵاچۆکردنیان، دیاریکردنى کاتێک بۆ کشانەوەى هێزەکانى تورکیا لە سوریا، مسۆگەر کردنى ئەمنیەتى سنوورەکانى هەردوولا.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو خاڵانە پێویستى بە رەزامەندی هەردوو وڵات هەیە بەتایبەتى سوریا، کە گرنگترین خاڵ بۆی پاراستنى سەروەرییەکانى وڵاتەکەیەتى و ئەوەش بە کشانەوەى هێزەکانى تورکیا دەبینێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب چاودێران باوەڕیان وایە کێشەکانى نێوان سوریا و تورکیا لەڕێى بەگەڕخستنەوەى رێککەوتنى ئەدەنەى ساڵی 1998 چارەسەر دەبێت، هەرچەندە ئەنقەرە لەگەڵ ئەوەدایە دەستکاریی هەندێک لە مادەکانى بکرێت.
دەستور
مووچەى ئەندامانى حەشدى شەعبی زیاد دەکرێت
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئاسایی دوێنێی ئەنجومەنى وەزیران، کە بەسەرۆکایەتیى محەمەد شیاع سودانى بەڕێوەچوو، بریاردرا بە زیادکردنى مووچەى ئەندامانى حەشدى شەعبی.
لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزیران بڕیاری دوانەکەوتنى مووچەکانى حەشدى شەعبی دەرکرد، لەگەڵ زیادکردنى شایستە داراییەکانیان و زیادکردنى مووچەکانیان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
چەند کاتی دیکەمان دەوێت تاوەکو بتوانین گرووپەکانى قاچاخچێتی رابگرین؟
بەلەمێک لەنێو کەناڵی ئینگلیزییەدا هەڵگەڕاوەتەوە و لانیکەم 12 پەناخواز گیانیان لەدەستدا.
ژنێکی دووگیان و شەش منداڵی بچووک لەنێو ئەو 12 کەسەدان، کە بەهۆی هەڵگەڕانەوەی بەلەمەکەیانەوە لەکاتی بە قاچاخ پەڕینەوەیاندا لەنێو کەناڵی ئینگلیزیدا گیانیان لەدەستدا.
ئەم کەسانە دوێنێ هەوڵیانداوە بەشێوازێکی نایاسایی خۆیان بگەیەنن بە نێو خاکی بەریتانیا.
بەلەمەکە بچووک بووە، بەڵام 65 کەسی لەسەربووە، هەر لە نزیکی کەناراوەکانی فەرەنساوە تەقیوە و هەموویانی ژێرئاو خستووە.
رێژەیەکی زۆر لە ئەم پەناخوازانەى ئەمساڵ لە کچان و ژنانی خەڵکی ئەریتیریان. ژمارەیەکی کەم لە نەفەرەکانی سەر بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە چووپی خۆڕزگارکردنیان پێبووە.
دەیلی تەلەگراف
مۆبایل خەڵک تووشی شێرپەنجەی مێشک ناکات
توێژینەوەیەکی زانستی دەڵێت، بەکارهێنانی مۆبایل خەڵک تووشی شێرپەنجەی مێشک ناکات.
کارکردن لەسەر ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە ماوەی پێنج ساڵی خایاندووە، پاشانیش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پەسەندکراوە.
چەند زانایەکی پسپۆر لەم بوارەدا سەیری ئەنجامەکانی پێنج هەزار توێژینەوەی زانستییان کردووە، کە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەنجامدراون، ئەمجا بۆیان دەرکەوتووە هیچ بەڵگەیەک دەرنەکەوتووە بیسەلمێنێت بەکارهێنانی مۆبایلی شەحنکراو و تووشبوونی مرۆڤەکان بە شێرپەنجەی مێشک پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت. بۆیە ئێستا رێژەی 80%ـى ئەو کەسانەی لە جیهاندا تووشی شێرپەنجەی مێشک بوون کێشەیان لە بەکارهێنانی مۆبایلدا نییە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا کار لەسەر پرۆژەیەکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست دەکات
ئەمریکا کار لەسەر پرۆژەیەک دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی ئەو 101 بارمتەی ماون و راگرتنی شەڕەکەی غەزەش.
جۆن کیربی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، باسی پرۆژەکەى کرد، کە کاری لەسەردەکەن.
ئەو دەڵێت، ئێمە کار لەسەر ئەم دۆسیە نوێیە دەکەین، بەڵام گومانمان هەیە ئەم پرۆژە نوێیەش بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەگەرچی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا تەواوی کاتەکەی خۆیی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆژەیە تەرخان کردووە، دەیەوێت پێش گەیشتن بە خاڵی کۆتایی چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە.
عەرەب نیوز
سەردانەکەی سیسیی بۆ ئەنقەرە کۆتایی بە 11 ساڵی دوژمنایەتیی نێوانیان دەهێنێت
پەیوەندییەکانی نێوانی میسر و تورکیا لەساڵی 2013ـەوە پچڕاوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر باشکردنەوە و گەرمکردنەوەی دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان چاویان بە یەکدى بکەوێت.
بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوانی ئەم دوو وڵاتەوە ئەم دوو سەرۆکە ماوەی دەساڵ زیاتر رووبەڕوو یەکتریان نەبینیوە.
لە ساڵی 2013ـەوە، کە سوپای میسر لە قاهیرە لە کودەتایەکی سپیدا محەمەد مورسی، سەرۆکى میسرى لە دەستەڵات لادا و عەبدولفەتاح سیسی لە شوێنەکەی کرد بە سەرۆک، ئیدى پەیوەندییەکانی نێوانی ئەنقەرە و قاهیرە تێکچوون، چونکە مورسی لە حکومەتە ئیخوانییەکەی تورکیاوە زۆر نزیک بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی هاوڕایی لەسەر زۆر مەسەلەی گرنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بۆ دووساڵ دەچێت خەریکن پەیوەندییەکانیان گەرم دەکەنەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
بەمزووانە فیلمەکەى یڵماز گونەى لە سینەماکان پەخش دەکرێت
وێنەگرتنى فیلمێک لەسەر ژیانی هونەری یڵماز گونەى، ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری تورکیا بەردەوامە، ئیسماعیل حەجیئۆغڵو، وەک ئەکتەری سەرەکی رۆڵی یڵماز گونەى دەگێڕێت.
بڵاوبونەوەى وێنەى ئەکتەرەکە بەهەمان رەنگی چاکەت و پانتۆڵەکەی یڵماز گونەى کە لە فیلمی هاوڕێدا پۆشیبووی، لە تەواوى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
کاری وێنەگرتنى فیلمەکە لە ئەدەنە، ئیستەنبوڵ، کەبەدۆکیا، کان و پاریس بوو. ئەمەش بۆ گێڕانەوەى ژیانی گونەى لەو شارانەى تێدا ژیاوە و کاری هونەری کردووە.
بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ فیلمەکە بەرهەمبهێنرێت و لە سینەماکانى تورکیا و باکووری کوردستان نمایش بکرێت، هاوکات لە ئەمریکا و دوبەی و سینەماکانى فەڕەنساش نمایش دەکرێت.
یەنی ئاکیت
لەنێوان تورکیا و میسر رێککەوتنێکى 20 خاڵی واژۆ دەکرێت
لە سەردانەکەى عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بۆ ئەنقەرە بڕیارە 20 رێککەوتنى نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ بکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان هەردوو وڵات پەیوەندییەکانیان پێشدەخەن لە بواری وزە، بەرگری، گەشتیاری، تەندروستی، خوێندن و کلتوری.
چاوەڕێ دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە 10 ملیار دۆلارەوە بگەیەنرێتە 15 ملیار دۆلار.
یەنیچاخ
بەهۆی رەخنەگرتن لە ئەردۆغان بە حەوت مانگ و نیو سزا درا
دیلروبا قەیسەرلیئۆغڵو، ئەو کچەى خەڵکی ئیزمیرە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵێکی یوتوب، کە لە یەک لە شەقامەکانى ئیزمیردا چاوپێکەوتنى لەگەڵدا کرابوو، رەخنەى لە دەسەڵات گرتبوو بەوهۆیەوە بۆ ماوەى 18 رۆژ زیندانی کرا، دادگا بڕیاری حەوت مانگ و نیو زیندانى بەسەردا سەپاند.
دیلروبا رایگەیاند، لەڕێى پارێزەرەکانییەوە تانە لە بڕیارەکەى دادگا دەدات.
تورکیا
کەرتی بیناسازی 11 ملیار دۆلار داهاتی بۆ تورکیا هەبووە
تادێت کەرتی بیناسازی لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا بەرەوپێشدەچێت و بە رێژەیەکی بەرچاو داهاتی بۆ تورکیا دەبێت.
لەماوەى هەشت مانگی ئەمساڵدا کۆمپانیاکانی بیناسازیی تورکی لە دەرەوەى تورکیا 148 پڕۆژەی بیناسازییان ئەنجامداوە و بە تێکڕا 11.2 ملیار دۆلار داهاتیان بۆ تورکیا هەبووە.