زووم..
رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی دەڵێت، شەوی رابردوو سوپای تورکیا لەڕێی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە ٢٤ جار سنووری پێنج قەزای هەرێمی کوردستانی بۆردومان کردووە.
کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بەشێکی هێرشەکان لە چیای حەوت تەبەق، گوندەکانی کەفنە مژێ، سپیندارێ، گیرگاشێ لە بەری گارێ، لە قەزای ئامێدی و چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان بوون.
بەگوێرەی سی پی تی، بەشێکی دیکەی بۆردومانەکە لە چیای کۆخە و شاخی تاڵە لە سنووری قەزای چۆمان و دەوروبەری گوندی قەڵاتوکان لە سنووری قەزای پشدەر بووە.
هەروەها سوپای تورکیا بۆردومانی هەواری رەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆسی لە سنووری قەزای ماوەت کردووە.
کامەران عوسمان دەشڵێت، هێرشەکانی شەوی رابردوو هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.