زووم..
رۆژنامە عەربییەکان
شەرقلئەوسەت
جەنگە ساردەکەى سودانى و مالیکی بەرەو گەرمبوون دەڕوات
بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت، تاوەکو نزیکتر ببینەوە ململانێى کەسایەتى و لایەنە عێراقیەکان زیاتر دەبن.
محەمەد شیاع سودانى و نورى مالیکی لە پێشبڕکێیەکى گەورەدان بۆئەوەى لە هەڵبژاردنى داهاتوودا پێگەى خۆیان بەهێزتر بکەن.
سودانى دەیەوێت خولێکى دیکە بمێنێتەوە و نورى مالیکیش دەیەوێت کۆتایی بە رۆڵی سودانى بهێنێت بۆ ئەو مەبەستە حزبى دەعوە و بەشێکى زۆر لە چوارچێوەى هەماهەنگی خستوەتەکار.
نورى مالیکی دەیەوێت هەڵبژاردن پێش وادەى خۆی ئەنجام بدرێت و ئەگەر ئەمەش نەچووە سەر هەموارى یاساى هەڵبژاردن بکرێتەوە و یەک بازنەیی پارێزگاکانى عێراق بکاتە چەند بازنەیی، لە جەنگێکى نەرمى بەهێزدا ئەمەی کردووەتە فشارێک بەسەر سودانییەوە.
یەکێک لە شاندى دانوستانکارى سونەکان کە بەشداریکردووە لە داڕشتنەوەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە، ئەگەر ئەو هەموارە بکرێت زیان بە کورد و سونەکانیش دەگەیەنێت.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، سەرەتاى جەنگەکە بە سەرکەوتنى مالیکی دەستیپێکردووە لە دیاریکردنى پارێزگارێک بۆ دیالە و دواتریش دروستکردنى هاوپەیمانییەک بۆ دانانى پاریزگاریی کەرکوک و لە هەردوکیاندا سودانى شکستیهێنا، بەڵام جەنگەکەى نێوانیان تادێت گەرمتر دەبێت و سودانیش وەک رۆژنامەکە دەڵێت، ژمارەیەکى بچووک و تیکەیەکى چەورنییە.
سەباح
وەزارەتەکانى حکومەت چوارترلیۆن و 500 ملیۆن دینار قەرزی کارەبایان لایە
لە ماوەکانى پێشوودا عەلى عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندى رایگەیاندووە، یەکێک لە کێشەکانى حکومەت نەگەڕانەوەى پارەى کارەباى وەزارەتەکانى حکومەتە و ئەوەش بووەتە بەشێک لە کێشە داراییەکانى حکومەت.
محەمەد نوری، ئەندامى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، میوانداریی وەزیری کارەبایان کردووە و لەو بارەیەوە پرسیاریان لێکردووە، دەرکەوتووە ئەو بڕە پارەیەى وەزارەت و دامەزراوەکانى عێراق نەیانداوە بە وەزارەتى کارەبا قەبارەیەکى گەورەیە و کاریگەریی هەبووە لە سەر بودجەى ساڵی 2023 – 2024، لە هەمان کاتدا محمەد نورى گوتوویەتى کۆکردنەوەى پارەى کارەبا لە هاووڵاتیان و کەرتى تایبەت زۆر باش بووە.
دەستور
عێراق شەست هەزار پزیشک و پیشەوەری تەندروستى دادەمەزرێنێت
سەندیکاى تەندروستکارانى عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانى رەزامەندى نواند بە دامەزراندنى 60 هەزار دەرچووى بەشە پزیشکیی و تەندروستییەکان، بەگوێرەى بەڵگەیەک نوسینگەى سەرۆکوەزیران ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی کردووە تێیدا داواکراوە مووچەکانیان بۆ ببەسترێت و سەرجەم ئەو شوێنانەى پێویستیان بە پزیشک یان کارمەندى تەندروستى هەیە پڕبکرێنەوە، وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە نوسینگەى سودانى داواى کردووە لە وەزارەتى دارایی بە خێرایی و بەبێ دواکەوتن ئەو بڕیارە بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
عەرەب
دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەران خەڵکی کوردستانى توڕەکردووە
کێشە و ناکۆکییە جۆراوجۆرەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد بووە هۆی ئەوەى مووچەى مانگى تەمموزی فەرمانبەرانى کوردستان زیاتر لە دوو مانگ دوابکەوێت و ئەوەش بووە هۆی نیگەرانى و ناڕەزایەتیەکى زۆرى هاووڵاتییان.
رۆژنامەى عەرەب لە مانشێتى لاوەکی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتى پەیوەستبوونى دارایی هەرێمی کوردستان بە بەغدادوە کوردی لە بیری سەربەخۆییەوە گەڕاندوەتەوە بۆ دابینکردنى مووچە.
رۆژنامەکە نووسیوەتى لەم رۆژانەى دواییدا لە سنوورى ئەو شوێنانەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان ئیدارەى دەدات بایکۆتى دەوامى فەرمانبەران دەستیان پێکردەوە و مامۆستایانیش هەڕەشەى راگرتنى خوێندنى ساڵى نوێیان کردەوە، بەڵام لە سنوورى دەسەڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە دەکەوێتە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک هیچ باسێک لە بایکۆتکردن نەبوو.
رۆژنامەکە نووسیویەتى لەوناوچانەدا لەبەرئەوەى ئاسایشى فەرمانبەران لە ئارادانییە پەتاى بایکۆت نەپەڕییەوە بۆ ئەو سنوورانە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
ڤۆکس واگن دەیەوێت چەند کارگەیەک لە ئەڵمانیادا دابخات، بەڵام کرێکارەکانی رێگریی لێدەکەن
لەپاش مێژوویەکی 87 ساڵە لە دروستبوونیەوە بۆ یەکەمجار کۆمپانیای ڤۆکس واگنی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بیر لە داخستنی چەند کارگەیەکی دەکاتەوە، کە لەنێو ئەڵمانیادان.
ئۆلیڤەر بلوم، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت، پیشەسازیی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەوروپا لە رەوشێکی زۆر شڵۆقدایە.
بیرکردنەوە لەم بڕیارە پاش ئەوەدێت، ئەو داهاتە نەختینەیەی ئەو کۆمپانیایە چاوەڕوانی دەکرد بەدەستیبهێنێت بە چەند ملیار یۆرۆ کورتی هێنا.
بۆیە کۆمپانیاکە لە ئێستادا بیر لەوەدەکاتەوە بەرنامەی خانەنشینبوونی خۆویستانە کارپێکات، هەرکەسێکی کرێکاریش ویستی بە خواستی خۆی دەست لەکار هەڵبگرێت، رێگریی لێنەکرێت.
گەڵف نیوز
چوونەناوەوەی کۆمپانیا چینییەکان نرخی ئۆتۆمبێلی لەنێو ئیماراتدا دابەزاندووە
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاد لە 20 کۆمپانیای چینیی دروستکردنی ئۆتۆمبێل چوونەتە نێو ئیماراتەوە و خۆیانیان ناساندووە.
لە شەش مانگی رابردووی ساڵی 2024ـدا فرۆشی ئۆتۆمبێل لەنێو وڵاتی ئیمارات زیادی کردووە. هۆکارێکی ئەم بەرزبونەوەیە لە فرۆشتندا ئەوەیە کۆمپانیا چینییەکان چوونەتە ناوەوە و ئەو نرخانەی ئەوان پێشنیازی دەکەن هاندەرن بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلەکانیان. بۆیە ئێستا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەگەر لەسەرەتاوە نرخەکان هەرزانن، هەرزانییەکە تاوەکو چەند و کەی دەتوانێت بەردەوام بێت. لەم دواییانەدا بڕاندە بازرگانییە چینییەکانی ئۆتۆمبێل زۆرترین فرۆشیان هەبووە، هۆکارێکی ئەمەش ئەوەیە، نەوەی نوێی کڕیارانی ئۆتۆمبێل زۆر گوێ بەوە نادەن ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەیکڕن سەر بە چ براندێکە. تاوەکو بەرواری ئەمڕۆ زیاد لە 20 براندی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چینی هەن، کە لەنێو وڵاتی ئیمارات تۆمارکراون، زۆربەیان لەماوەی دوایین سێ ساڵی رابوردوودا چوونەتە ئەوێ.
ئۆرشەلیم پۆست
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لێبوردن لە خێزانی بارمتەکوژراوەکان دەکات
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل، نامەیەکی داوای لێبوردنکردنی بۆ خێزانی ئەو شەش بارمتەیە نارد، کە لەلایەن حەماسەوە کوژران و هەڕەشەشی کرد، کە لە تاوانەکە نەبورێت و لەڕووی سەربازییەوە لەناوچەی تەوەری فیلادلفیاوە تۆڵەیان بکاتەوە.
نەتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی دڵی منیش و خەڵکەکەشمان بەم تاوانە شکاوە، پەراش پەراش بووە. هەر لەم بۆنەیەدا باسی لەوەش کردووە، گوێ بەو رەخنانە نادات کە لێیدەگیردرێن.
مۆرنینگ ستار
پۆلیسی بەریتانیا دەیەوێت رێگری لە خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیی فەلەستینییەکان بکات، ئەمەش خەڵکی تووڕەکردووە
رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، ئەندام پەرلەمانەکان و رێکخراوەکان رەخنە لە رێوشوێنەکانی رێگریکردن لە رێپێوانەکە دەکەن.
داوا لە پۆلیسی سکۆتلاندیارد کراوە رێوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە رێپێوانێکی پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان، کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممەی داهاتوو لە لەندەنی پایتەخت بەڕێوەبچێت.
کەمپینی پشتگیریکردن لە فەلەستین (پی ئێس سی) و سەرۆکی رێکخراوەکان و کەسایەتییەکان لە نامەیەکی کراوەی هاوبەشدا بێزاریی خۆیانیان پیشانداوە لەوەی رێگری لە ئەنجامدانی رێپێووانەکەیان دەکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
ئەندامێکی پێشووی ئاک پارتی داوای دەستلەکارکێشانەوەى ئەردۆغان دەکات
مەتین کوڵونک، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی ئاک پارتی رایگەیاند، پێویستە ئەردۆغان دەستبەردارى کورسیی دەسەڵاتەکەى ببێت، لەبەرئەوەی ئەو خاوەن چیرۆکێکی سەرکەوتنە و باشترە بەو جۆرش بمێنێتەوە.
خەڵک لە هەڵبژاردنی 31ـی ئازار پەیامێکی روونیان بەم دەسەڵاتە داوە و لەم مۆدێلی فەرمانڕەواییە بێزار بوون.
ئەو دەڵێت، ئەگەر بەرەى ئۆپۆزسیۆن پێداگری لەسەر هەڵبژاردنى پێشوەختە بکەن، دوورنییە لە 2025 هەڵبژاردنى پێشوەختە لە تورکیا ئەنجامبدرێت.
ئەکشام
بۆدرووم دوو هەفتەیە بێئاوە!
گرتە ڤیدۆیی کچێکی گەنج هەرای نایەوە، ئەو کچە گەنجە لە گرتەکەدا دەڵێت، 15 رۆژە لە بۆدرووم ئاومان نییە، قاپ و قاچاخەکانمان بە دەبەیەکی ئاوی پێنج لیتری دەشۆین، بۆ چوونە توالێت دەچینە مۆڵەکان و بۆ خوشتنیش دەچینە کەناری دەریاکان.
شارەوانی ناوچەکەش رایگەیاندووە، لە بۆدرووم کێشەی بێئاوی کێشەیەکى نوێ نییە.
رۆژنامەى ئەکشام لە 29ـی ئاب مانشێتی لە لاپەڕەکەیدا پرسی بێئاوی لە گوندێکی مەڕمەریس هێنابویە رۆژەڤ.
یەنی ئاکیت
روسیا هۆشداری دەداتە یەپەگە
بە هاوکاری ئەمریکا 33%ـى خاکی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە و یەپەگەدایە و دەستیان بە دەوڵەمەندی ژێر خاکی سوریادا گرتووە، دواجار روسیا هۆشدارییە مێژووییەکەى بە پەکەکە و یەپەگە دا، کە متمانە بە ئەمریکییەکان نەکەن.
سێرگى لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەى روسیا نمونەى باوەڕپێکردنى ئەفغانەکانى بە ئەمرکییەکان هێنایەوە، کە دواتر چارەنووسیان چی بووە.
یەنیچاخ
رێکاری نوێ بۆ کەناڵەکانى یوتوب لە تورکیا دادەنرێت
بە بڕیاری دامەزراوەی باڵای رادیۆ و تەلەفیزیۆن لە تورکیا، لەمەودوا رێکاری نوێ بەرامبەر ئەو کەناڵانە دەگیرێتەبەر کە لە رێگەى یوتوبەوە پەخش دەکەن. بەتایبەتیش ئەو کەناڵانەى بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەکانى دەسەڵات دەگرن.
ئەبوبەکر شاهین، سەرۆکی دامەزراوەکە رایگەیاند، یاسا و رێکاری نوێ دەگرینەبەر بەرامبەر کەناڵەکانى یوتوب، پێشتر چەندینجار هۆشداریمان داوە، بەڵام سوودی نەبووە، ئەو کەناڵانە چاوپێکەوتن لەگەڵ هاووڵاتیان دەکەن و لە دژى دەسەڵاتن. لە مەودوا لەژێر چاودێری دامەزراوەکەدا دەبن و پێویستە مۆڵەتی پەخش لە ئێمە وەربگرن.