هێزەکانی جەندرمەی تورکیا، لە باکوری کوردستان دەستی بە ئۆپراسیۆنێکى ئەمنى کرد دژ بە گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان.
فەرماندەیی جەندرمەی تورکیا لە شارەکانی سێرت و شڕنەخی باکوری کوردستان، لەژێر ناوی “گەمارۆی ئەرەنی پاییز – زستان – 15” بە بەشداری 755 سەرباز، دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی فراوان کرد لە دژى گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
هیچ پێکدادانێک لە نێوان جەندرمە و پەکەکە رووینەداوە
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە رۆژی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکەدا هیچ پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی جەندرمە و گەریلاکانی پەکەکەدا رووینەداوە، بەڵام دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و کەلوپەلی سەربازیدا گیراوە.
ئۆپراسیۆنی هێزەکانی جەندرمەی تورکیا لە باکوری کوردستان لە کاتێکدایە، کە سوپای تورکیا بە پشتگیریی تۆپخانە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی، ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە 19ی ئەم مانگەوە، بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستانیش دەستپێکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا کە لە 17ی نیسانی ئەمساڵەوە، لە هەرێمەکانی ئاڤاشین، زاپ، مەتینای دەڤەری بادینانی هەریمی کوردستان دەستیپێکرد، لە حەوتەم مانگدا بەردەوامە.