زووم…
بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد و پێشتریش کارەبا و شارەوانی مانگرتنیان راگەیاندبوو.
زوومی سلێمانی گواستییەوە، بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک و بەهۆی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچەکانیانەوە فەرمانبەرانی فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زوومی سلێمانی، دوێنێ فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی و فەرمانگەی کارەبا و شارەوانییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتی دەوامیان کردوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و هیچ وادەیەکیش بۆ دابەشکردنی مووچە ئاشکرا نییە، ئەوەی هەیە بەرپرسانی کورد لە بەغداد دەڵێن بەم نزیکانە مووچەی مانگی حەوت دابەشدەکرێت.
دوێنێ یەکشەکممە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆبوونەوە و فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشکی پارتی رایگەیاند، “کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارەسەر بووە و بەمزوانە دابەش دەکرێت”، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد کۆبوونەوەکە تەنها بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر بابەتی مووچە و هیچ کەسیان لایەنی بڕیاردەر نین بۆ ناردنی مووچە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زووم، لەماوەی دوو هەفتەدا بەغداد ترلیۆنێک و 500 ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات لەکاتێکدا نزیکەی 957 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە.