زووم..
کوردانی دیالە ناڕەزایەتی دەردەبڕن دژی هەوڵەکانی بەعەرەبکردنیان و دەڵێن لەم چەند ساڵەی دواییدا ئۆپراسیۆنەکانی بەعەرەبکردنی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەرۆکی گرتوون.
بەرپرس و چالاکانی دیالە بە رۆژنامەی مەدایان گوتووە، نیگەرانن لە بەرفراوانبوونی هەوڵەکانی بەعەرەبکردنی دیمۆگرافی و پەراوێزخستنی ئەمنی و ئیداری پارێزگاکە بەرامبەر پێکهاتەی کورد.
دەشڵێن، لەدوای ریفراندۆمەکەی ساڵی 2017 زیاتر ئەم هەوڵانە بەدیدەکرێن، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دوای ریفراندۆمەکە پارت و هێزە سیاسییە کوردییەکانی دیالە لە ترسی پاکتاو و بەئامانجگرتن بارەگاکانیان چۆڵکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان، هەرچەندە کورد دووەم گەورەترین نەتەوەی دیالە پێکدەهێنێت، بەڵام لەدوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە رووبەڕووی پەراوێزخستن بووەتەوە و بە ئاشکرا لە پێکهێنانی لیژنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دوورخراوەتەوە، بەمەش لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و چاودێری و یاسادانانی پارێزگاکە بێبەش بووە.