زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانى: چیتر پاشماوەکانى داعش هەڕەشە نیین بۆ سەر عێراق
پێدەچێت سەرکەوتنى حکومەت و سەرپێکەوتنى لەسەر رێگا راستەکە و دەستکەوتە یەکلەدوا یەکەکانى، هەندێک لەوانەى پەست کردبێت کە چاویان بە خێر و خۆشیی عێراق هەڵنایات و حساباتى سیاسییان هەیە.
هەر بۆ ئەمە هەندێک هەڵمەتێکى چەواشەکارانەیان دەستپێکردووە و نیازیانە بونیادنان و ئاوەدانیی عێراق راگرن.
ئێوارەى دوێنێش لەگەڵ سەرۆکی نێردەى نێودەوڵەتیی بۆ لەناوبردنى داعش، جەنەراڵ کیڤن لیهى و بە ئامادەبوونی باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق، چەند گفتوگۆ و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە چیتر عێراق جێگەى مەترسیی پاشماوەکانى داعش نییە.
شەرقلئەوسەت
جەعجەع داوا لە حزبوڵا دەکات جەنگ بوەستێنێت
سەمیر جەعجەع، سەرۆکى پارتى هێزەکانى لوبنان، داوا لە حزبوڵای لوبنان دەکات ئەو جەنگە بوەستێنێت کە هیچ سودێکی نییە.
جەعجەع لە یادی شەهیدانى مقاوەمەى لوبناندا گوتى، هیچ لایەنێک هەوڵی ئەوە نادات پرسی فەلەستین بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی لە لوبنان و ناوچەکە، لوبنانیشیان فڕێداوەتە ناو شەڕێکی بێماناوە، کە هیچ ئاسۆیەکی نییە، جەنگەکەیان بەسەر لوبنانییەکاندا سەپاندووە، بۆیە دەبێت جەنگەکە بوەستێت.
لێدوانەکانی جەعجەع هاوکات بوو لەگەڵ هەواڵی مووشەکبارانکردنى ئیسرائیل، کە بە نزیکەی 60 مووشەک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەى ئیسرائیل کرا.
هەر دوێنێیش ئیسرائیل باشوری لوبنانی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
قودسی عەرەبی
پێدانى ڤاکسینى دژی ئیفلیجی منداڵان لە سایەى مۆتەکەى بۆردومانى غەزە دا
دایکێک: ئەمڕۆ منداڵەکان دەکوترێن و سبەینێش ئیسرائیل دەیانکوژێت
سەرەڕای بەردەوامى بۆردومانەکان و کوشتن و وێرانکاریی، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین دامودەزگا و دامەزراوەکان رادەسپێرێت بۆ پێدانى ڤاکسینى دژی ئیفلیجى منداڵان لە کەرتى غەزە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بۆردومانەکانى سوپای ئیسرائیلەوە لە هەندێک ناوچە ناتوانن هەڵمەتەکە ئەنجامبدەن.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیسرائیل راستگۆ و پابەند نەبووە بە ئاگربەستی مرۆیی، کە بە مەبەستى پێدانى ڤاکسینەکە بە منداڵان رێککەوتنى لەسەر کراوە.
عەرەب
راڕاییەکانى تورکیا خزمەت بە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا ناکات
هەوڵە دیپلۆماسییەکانى روسیا بەردەوامە بۆ لابردنى ئەو ئاستەنگییانەى رێگرن لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا، کە رووبەڕووی ئاستەنگیی گەورە بوونەتەوە، لەوانەش راڕایی تورکیا، پێشتر بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا باسی جۆرێک لەو راڕاییەی تورکیای کردبوو.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئاشکرایکرد، بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەرانی ئەنقەرە و دیمەشق ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی رابردوودا بە هەوڵی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی وڵاتەکەى، توانرا بە بەشداریی هەردوولا کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدرێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ دانوستان لەسەر ئەو مەرجانەی کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا.
لاڤرۆڤ دەشڵێت، نوێنەرانی وڵاتانی سوریا و تورکیا و روسیا و ئێران بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا کردووە، ئێستاش خۆمان بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە ئامادە دەکەین و دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامدەدرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
راستڕەوەکانی ئەڵمانیا سەرکەوتنێکیان تۆمارکرد لەسەردەمی نازییەکانەوە تائێستا بێوێنەیە
پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا ، کە بە ئەی ئێف دی ناسراوە، سەرکەوتنێکی بێوێنەی تۆمارکرد.
پارتە توندڕەوە نەتەوەییەکەی ئەڵمانیا، هەڵبژاردنەکەی دوێنێی بەشێوەیەک بردەوە، کە لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە سەرکەوتنی لەوشێوەیە لە مێژووی ئەواندا تۆمارنەکراوە.
ئەو پارتە ئەو ترسەی شکاند، کە لە سەردەمی نازییەکانەوە لەدەوری خۆیان دروستبوو بوو.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەوشێوەیە بوو، پارتە ئاساییەکانی نێو شەپۆلی گشتیی وڵاتەکە شکستیان هێنا، شکستەکەشیان پەیوەندی بە سیاسەتەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران و شوێنکەوتەکانی ئەم مامەڵەیەوە هەبوو لەسەر رەوشی گشتیدا
فاینەنشیەڵ تایمز
دادگاى بەرازیل فشارێکى زۆر لەسەرە بەهۆى راگرتنى ئێکس
فشارێکى زۆر خراوەتە سەر دادگای باڵای بەرازیل، بەهۆى بڕیارەکەى بۆ راگرتنى تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس.
چاودێران دەڵێن، ئەو دادگایە زیادەڕەویی کردووە لە هەڵسەنگاندنەکانیدا بۆ کاریگەریی هەواڵی بێ بنەما و هەڵبەستراو، کە بە شێوازی ئۆنلاین و لەڕێی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
ئیندیپێندەنت
لەگەڵ هێزەکانی زێلینسکیدا لەدیوی ناوەوەی سنووری روسیاین
بەسەر رێگایەکی سەرەکییەوە بەرەو روسیا، چەندان تانکی سەربازی، کە هەندێکیان دروستکراوی بەریتانیان، زڕە و زرمەی زنجیرەکانیان دێت، هەر بەرەوپێشەوە دەڕۆن.
لەنێو شارۆچکەی سودژەی روسیا سەربازەکانی ئۆکراین خەریکی سەنگەرلێدانن، پێیانوایە سوپای رووسیا دژە هێرش دەکاتە سەریان. خەڵکی پیر و گەنجی روسی لەو ناوچە دەستبەسەرداگیراوەدا دەڵێن، ئێمە کەسمان لایەنگری ئەم شەڕە نەبووین. سەربازێکی ئۆکراینیش هاواردەکات و دەڵێت، من لەم هێرشە هەر بەردەوام دەبم، تاوەکو سەردەکەوین یان دەمرین. ئەمانە چەند دیمەنێکی نێو بەرەکانی شەڕ و رووبەڕووبونەوەن لەلایەن ئاسکۆڵد ئاشکیلینکیی پەیامنێرەوە بۆ رۆژنامەی ئیندیپێندەنت نێردراون و بڵاوبووەتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئایا دەستبەسەرداگرتنی راڕەوی تونێلێک ئەوەی دەهێنا شەش کەس لەپێناویدا بمرن؟
وەڵامی دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەڕوونی ئاماژەیە بۆئەوەی کوشتنی ئەو شەش بارمتەیە لەلایەن حەماسەوە لەپاش ئەوەدێت، سوپای ئیسرائیل کەسێکی بە بارمتەگیراوی رزگارکرد، کە ناوی قائید فەرحان ئەلقازی بوو. بۆیە ئەمە راستەوخۆ ئەو پرسیارە دەوروژێنێت، ئایا بڵێی کوشتنی ئەو شەش بارمتەیە لەلایەن حەماسەوە پەیوەندی بە رزگارکردنەکەی قائیدەوە هەبووبێت، حەماس کوشتنی بۆئەوەی ئەوانیش رزگار نەکرێن؟ ئەمە پرسیار لەبارەی سیاسەتەکانی حکومەت بۆ رزگارکردنی بارمتەکان دروستدەکات.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
دایکانی ئامەد شەش ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەى رۆڵەکانیانن
بۆ ماوەى شەش ساڵە کۆمەڵێک دایک لەبەردەم بارەگای پێشووی هەدەپە خەیمەیان هەڵداوە، ئەم دایکانە بە دایکانى ئامەد خۆیان ناساندووە، پێشتر رۆڵەکانیان چوونەتە نێو ریزی پەکەکەوە و داوا دەکەن بگەڕێنەوە نێو خانەوادەکانیان.
لەسەرەتاى ئەم گردبوونەوەیەدا تەنها 55 خێزان چاوەڕێی گەڕانەوەى رۆڵەکانیان بوون، ئێستا ژمارەی دایکان بۆ 376 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەم دایکانە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بەمەبەستی گەڕانەوەى رۆڵەکانیان بێنەسەرخەت.
یەنیچاخ
هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ رێژەی 61.5%ـی تۆمارکرد
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی ئابدا رێژەى هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ 61.5%ـى تۆمارکردووە.
بەگوێرەى دەرخستەکان لە زۆربەی کەرتەکاندا نرخی شتومەک بەرزبووەتەوە، بەتایبەتى خوارد و پێداویستی ناوماڵ نرخیان بەرزبووەتەوە.
ئەڤرەنسەل
قەیوم تەنها کاری بازرگانی و پارەکۆکردنەوە بوو
سارا بوجاک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی ئامەد رایگەیاند لە 2016ـەوە تائێستا ماوەى هەشت ساڵە قەیوم لە ئامەد زیانێکی گەورەى بە شارەکە گەیاندووە و داهاتی شارەکە بۆ خزمەتگوزاری خەرج نەکراوە.
دەڵێت، لەوەش خراپتر بڕی 3.5 ملیار لیرە قەرزی بەسەر شارەوانییەکە بەجێهێشتووە.
بوجاک رایگەیاندووە، لەماوەى پێنج مانگی دەسەڵاتیان وەک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی، تەواوى رێکارەکانیان گرتووەتەبەر بۆ لابردنی ئەو سیستمەى پێشتر لەلایەن قەیومەوە گیرابووەبەر.
بیرگون
لە رۆژی ئاشتیدا لە سێ پارێزگا میتینگی ئاشتى بەڕێوەچوو
لە 1ـى ئەیلول، کە دەکاتە رۆژى جیهانیی ئاشتی، لە پارێزگاکانی ئامەد، وان و ئیزمیر میتینگی جەماوەری بۆ ئاشتی و دادپەروەری ئەنجامدرا.
میتینگەکە لەلایەن دەم پارتییەوە رێکخرابوو، چەندین رێکخراو و سەندیکا بەشداریان کردبوو.
یەک لەو دروشمانەى بەرزکرابوونەوە لە ئیستەنبوڵ نووسرابوو دەمانەوێت لە وڵاتێکی یەکسانی، ئازادی و دادپەروەییدا بژین.