زووم..
بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیان و رایگەیاند، دوو حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا لە سنووری گەرمیان تۆمارکرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، حاڵەتەکان یەکێکیان لە قەزای کەلار و ئەوی دیکەیان تریان لە قەزای کفری بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا دەکات، هاووڵاتیان رێکارەکانی خۆپارێزیی بەباشیی جێبەجێ بکەن، لەوانە: راگرتنی پاکوخاوێنی کەسیی، دڵنیابوونەوە لە پاکیی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان، خۆدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو.
هەروەها داواش جەکات، لەکاتی بوونی حاڵەتی سکچوونی توند، سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
هاوکات جەختیکردووەتەوە، کە تیمەکانی تەندروستی بە بەردەوامیی لە ئەرکدا دەبن و پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاو و شوێنکار و خواردنگە و جێگە گومانلێکراوەکان دەکەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تووشبوونی حەوت کەسی بە نەخۆشی کۆلێرا راگەیاند و هۆشداریدا بەوەی دەبێت هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن و خواردنی پیس و سەوزە نەخۆن.